2025-10-06 7204 جار خوێنراوەتەوە

زیاتر لە 100 ملیار دینار بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن خەرجدەکرێت

 

لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، مشتومڕەکان لەسەر ئەو بڕە پارەیەی لایەنەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان خەرجی دەکەن، زیاتر دەبێت، لە کاتێکدا عێراق و هەرێم توشی قەیرانی خزمەتگوزاریی و ئابوریى سەخت بونەتەوە.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە ئارامتر دەردەکەوێت، بەڵام تەرکیزی دارایی ڕاستەقینە لە شارە جێناکۆکەکانی وەک کەرکوک و نەینەوا بە ڕونی دیارە، کە شەڕی نفوزی سیاسی لەسەر ناسنامە و سەربەخۆیی یەکتردەبڕێت.

فەرمان حسێن توێژەری ئابوری لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێم تەرخانکراوەو بەراوردی کردوە بە پارێزگاكانى ترى عێراق، لە لێدوانێكى دا بۆ كەناڵەكانى راگەیاندن؛ ئەوەى رونكردۆتەوە، زۆرترین بەشە خەرجییەکان لە کەرکوک و نەینەوا چڕبونەتەوە، ئەوەش بێگومان بە مەبەستى پاراستنی بونی کوردە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

فەرمان لە درێژەى لێدوانەكەى دا ئەوەى راگەیاندوە كە پێدەچێت بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێم تا ئێستا سنوردار بێت، بەڵام گەورەترین خەرجی لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەت لایەنە گەورەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکانە، بەتایبەتی کەرکوک و نەینەوا، چونکە ڕکابەريی لەو ناوچانەدا قورسە، لەبەرئەوە ئەوانیش دەیانەوێت بونی کورد بپارێزن.

بەپێى وتەكانى ئەو توێژەرە ئابورییە؛ لە ڕۆژانی داهاتودا خەرجی بۆ هەڵبژاردن زیاد دەکات، پێشبینیش دەکرێت ئەو بڕە پارەیەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرجەم لایەنەکان خەرج دەکرێت، لە 100 ملیار دینار تێپەڕێت، كە ئەوپارەیەش بۆ خەرجی کاندیدەكان و بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیان تەرخان دەكرێت.

لەلایەكى ترەوە، هەڵبژاردنەکانی پێشوی عێراق مشتومڕێکی بەرفراوان لەسەر دارایی سیاسی و ڕادەی خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێك هەندێک لایەن بەبێ ئەوەی ڕوبەڕوی ڕێوشوێنی خۆپارێزی ببنەوە، ئەو سنورە داراییانەی کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دانرابو، تێیانپەڕاند.

هەر لەو سەروبەندەدا؛ ڕاپۆرتەکانی چاودێریی دارایى ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە حزبە سیاسییەكان سەرچاوەکانی دەوڵەتیان قۆستۆتەوە بۆ فراوانکردنی کاریگەرییەکانیان، لەکاتێکدا کاندیدە سەربەخۆکان نەیانتوانیوە لەگەڵ ئەم خەرجییە گەورەیەدا بگونجێن.

هاوكات، هەر سەبارەت بە مشتومڕەکانی ئەم خولە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا، چاودێرانى سیاسى گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەى كە پێشهاتەكانى هەڵبژاردن ڕەهەندێکی زیادە وەردەگرێت، چونكە لایەنە کوردییەکان پاراستنی بونی خۆیان لەوێ وەک پرسێکی ستراتیژیی دەبینن، لەکاتێکدا لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان بە پشتیوانیکردن لە کاندیدە ناوخۆییەکان هەوڵدەدەن هاوسەنگییەکە بگۆڕن.

دواجار، قەبارەی خەرجییەکانی هەڵبژاردن نیگەرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی بەرز دەکاتەوە، بەوپێیەی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن تەرخانکراوە دەگاتە ئاستێک کە بەراورد دەکرێت بە بودجەی پارێزگا بچوکەکان یان پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، لە کاتێکدا هاوڵاتییان ڕوبەڕوی قەیرانی درێژخایەنی بژێویى ژیان بونەتەوە، لەبەرئەوە بەبڕواى  چاودێران ئەم ئیسرافە پڕوپاگەندەییە ناهاوسەنگییەکی ڕون لە نێوان پارتە گەورەکان و کاندیدە سەربەخۆکاندا دروستدەکات، كە ئەمەش دەبێتە مایەى ئەوەى کێبڕکێی هەڵبژاردن نایەکسان بێت.

 

  • مەزڵوم کۆبانێ، مێزەکەی ئەحمەد شەرعی قڵپکردەوە

  • سه‌ربارى ڕێكه‌وتن‌و ئاگربه‌ست گروپه‌ سوریه‌كانى سه‌ر به‌توركیا گه‌مارۆى سه‌ر كوردیان نه‌شكاندوه‌و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌ئارادایه‌

  • لە كورەى تەمموزەوە بۆ هاوبەشیى روسیاو ڤیتۆى ئەمریكا

  • هەڵبژاردن لەكوردستان..غیابى سەركردەكان و بانگەشەیەكى شەرمن

  • ئێران لەسودان چی دەکات؟

  • لەسەر کورد؛ نوێنەرەکەی ترەمپ خۆی گەیاندە لای ئەحمەد شەرع

  • ئەمڕۆ یان سبەینێ دەمیرتاش ئازاد ده‌کرێت

  • له‌كۆشكه‌كه‌ى شه‌رعدا مه‌زڵوم عه‌بدى كارتێكى به‌هێزى به‌كارهێنا

  • شێخ مەقسوودو ئەشرەفیە... هاوسەنگی ململانێکان لەبەرژەوەندیی بەرخۆدانی ڕەوا

سەرەکی