2025-10-07 2259 جار خوێنراوەتەوە

ئێران لەسودان چی دەکات؟

ئەو فڕۆکانەی لەفڕۆکەخانەی پۆرتسودان دەنیشنەوە، تەنها سەرنشین‌و جانتا هەڵناگرن؛ زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و مووشەکیش هه‌ڵده‌گرن.

تەنها دیمەنێکی ئەو شەڕە نییە کە زیاتر لەدوو ساڵە لەسودان ده‌ستیپێكردووه‌؛ به‌ڵكو لەوە زیاترە.

ڕۆژی 12ی ئەیلولی 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزاکانی بەسەر جبریل ئیبراهیم وەزیری دارایی‌و كه‌تیبه‌ى بارا بن مەلیک ڕاگەیاند، ئەو بڕیارە پەرەسەندنی پەیوەندی نێوان تاران‌و ئەنجومەنی سەروەری سودان بەسەرۆکایەتی عەبدولفەتاح ئەلبورهان هێنایە پێشەوە.

دوای دابڕان کە نزیکەی هه‌شت ساڵ بەردەوامبوو، تاران‌و خەرتوم لەئۆکتۆبەری 2023 پەیوەندیی دیپلۆماسییان دەستپێکردەوە.

لەوکاتەدا سودان لەشەڕی ناوخۆی نێوان سوپاو هێزەکانی پشتیوانی خێرادا نوقمبوو، ئێستاش هەروایەو ئێران بەدوای دەرچەیەکی نوێدا دەگەڕا لەدەریای سوور دوای ئەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ واشنتۆن شكستیانهێنا.

زۆری نەخایاند کە هەواڵەکان دەستیان بەبڵاوبوونەوە کرد سەبارەت بەهاتنی چەکی ئێرانی لەڕێگەی فڕۆکەخانەی پۆرتسودان، یارمەتی سوپایدا بۆ بەرپەرچدانەوەی پێشڕەوی هێزەکانی محەمەد حەمدان داگەڵۆ "هێمدتی" داگاڵۆ بەرەو پایتەخت.

بۆ بورهان دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران هێڵێکی ژیانی دابینکرد، لەکاتێکدا بۆ تاران هەنگاوێکی بەرچاو بوو بۆ دامەزراندنی پێگەیەک لەسەر یەکێک لەگرنگترین ڕێڕەوی ئاوی جیهان‌و دەروازەیەکی کراوە بۆ ئەفریقا.

لەخەرتومەوە بۆ حوسییەکان
فراوانبوونی نفوزی ئێران لەسودان، ڕاستەوخۆ پەیوەست بووە بەگرووپی حوسییەوە.

لەمانگی ئەیلولی ساڵی 2025 حوسییەکان هێرشیانکردەسەر دوو کەشتی لەنزیک بەندەری یانبوی سعودیە کە نزیکەی 600 میل لەکەناراوەکانی یەمەنەوە دوورە.

هێرشەکان دەریخست کە حوسییەکان توانای نوێیان بەدەستهێناوە، بەگوێرەی چاودێران کە پێشبینیانکردووە کەنارەکانی سودان بگۆڕدرێت بۆ شوێنی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان بەلەمی بچووک، ئەمەش فشارەکانی سەر حوسییەکان لەحودەیدەو سنە کەمدەکاتەوە.

فەهد شەرەفی ڕاوێژکاری وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن دەڵێت، ئێران دوای ئەوەی حکومەتی بورهان هەندێک وڵاتی عەرەبی بەپشتیوانی هێزەکانی هێمەدتی تۆمەتبارکرد، هاتە ناو شەڕەکەوە، ئێران دەستیکرد بەناردنی باری چەک بەتایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و کەسانی پسپۆڕ.

ئاماژەی بەوەشکرد، زانیاریمان لەسەر فەوجەکانی فڕۆکەکانی هاگەرو مووشەکی دژە تانک هەیە کە لەمانگی تشرینی یەکەمی 2024 لەڕێگەی فڕۆکەخانەی پۆرتسودانەوە گواستراونەتەوە بۆ سودان.

بۆ حوسییەکان، بەوتەی شارەزایان، سودان نوێنەرایەتی درێژکردنەوەی لۆجستیکی ستراتیژی دەکات، ڕێگەیان پێدەدات تەقەمەنی‌و پارچەی یەدەگ دوور لەفشار لەیەمەن هەڵبگرن‌و ڕێڕەوی قاچاخکردن لەڕێگەی ئەفریقاوە دەکاتەوە، هەروەها سودان دەرفەتێک دەداتە ئێران بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی‌و گەرووی باب ئەلمەندەب کە گرنگە، ئەمەش گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر بەرزدەکاتەوە.

ڕەگ‌و ڕیشەی پەیوەندیی‌و گەڕانەوەی نوێ
سودان لەمدواییانەدا نەچووەتە ناو حیساباتی ئێرانەوە، لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە، هەڵکەوتەی لەسەر دەریای سوور وەک جێگای سەرنجی ئێران ماوەتەوە.

حوسنی موبارەک سەرۆکی پێشووتری میسر لەساڵی 1993دا خەرتومی لەمیوانداریکردنی بنکەیەکی ئێرانی ئاگادارکردەوە.

وتیشی، "ئەگەر بنکەیەکی ئێرانی لەپۆرتسودان دابمەزرێنن، لێتان دەدەم‌و ڕێگە بەئێوە یان کەسێکی دیکە نادەم"، بەڵام عومەر بەشیر هۆشدارییەکەی پشتگوێخست‌و تەنانەت سەرپێچیشیکرد.

دەرگاکانی بەڕووی سوپای پاسداراندا کردەوە، لەساڵی 2011دا کەشتییە جەنگییەکانی ئێرانی وەرگرت‌و ڕێگەیدا چەک لەڕێگەی خاکەکەیەوە بەقاچاخ بگوازرێتەوە بۆ بزووتنەوەی حەماس، دەرەنجامەکەی دابڕانی عەرەبی‌و نێودەوڵەتی بوو، هەروەها تۆمەتەکانی ئەمریکا کە خەرتوم سپۆنسەری تیرۆر دەکات.

لەژێر فشاری گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان‌و قەیرانە ناوخۆییەکان، سودان لەساڵی 2014 هاوپەیمانییەکانی لەئێرانەوە گواستەوە بۆ سعودیەو ئیمارات، بەشداریی لەهاوپەیمانی سەربازیی بەسەرۆکایەتی ڕیاز لەیەمەن دژی حوسییەکان کرد، لەساڵی 2016دا بەگوێرەی بڕیارێکی هاوشێوەی سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند.

دوای ڕووخانی بەشیرو لەگەڵ ڕێککەوتنی ئاشتەوایی سعودیەو ئێران کە لەلایەن چینییەوە لەساڵی 2023دا ئەنجامدرا، خەرتوم دەرگاکانی بەڕووی تاراندا کردەوە، شەڕی نێوان سوپاو هێزەکانی پشتیوانی خێرا پاساوی ئەم هەنگاوەی ڕەخساند، ئێران بەخێرایی چەک‌و کەسانی پسپۆڕی بۆ بورهان دابینکردو بەکەڵکوەرگرتن لەدابەشبوونە ناوخۆییەکان‌و دوودڵی ناوچەیی بۆ پشتیوانی یەکلاکەرەوەی هەرلایەنێک لەشەڕی سودان.

سنووردارکردن‌و سنووری کاریگەریی
سەرەڕای دەستکەوتە ڕواڵەتیەکان، کاریگەری ئێران لەسودان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە، فەریقی یەمەن سابت حسێن ساڵح پێیوایە، حوسییەکان بەڕێنماییەکانی تاران بەئامانجی دامەزراندنی قەڵایەکی نوێ لەناوچەکەدا کاردەکەن، دەشڵێت، "بەڵام گومانم هەیە سودان ببێتە بنکەیەکی هەمیشەیی بەهۆی بەرخۆدانی ناوخۆیی‌و ڕەتکردنەوەی ناوچەیی‌و نێودەوڵەتی".

بەڵام فەیسەڵ ئەلشەمەری شرۆڤەکاری سعودی هۆشداریدەدات لەوەی، فراوانبوونی حوسییەکان‌و ئێران دەتوانێت کاردانەوەی نەرێنی لەناوخۆی سوودان هەبێت.

"ئەم دەستێوەردانە دەسەڵاتی دەوڵەت لاوازدەکات‌و تۆڕەکانی قاچاخچێتی بەهێز دەکات، بوونی حوسییەکان درێژکراوەیەکی لۆجستییان پێدەبەخشێت لەکەناری ڕۆژئاوای دەریای سوور، بەڵام هێشتا ناسک دەمێنێتەوە ئەگەر ئیرادەیەکی ناوچەیی هەبێت بۆ ڕاگرتنی".

پشتبەستن بەتێگەیشتنە ناسکەکانی ناوخۆیی لەوڵاتێکدا کە لەڕووی سیاسییەوە بەقووڵی دابەشبووە، هەر کاریگەرییەکی ئێرانی دەکاتە بەرکەوتنی خێرا، هەروەها ئەمریکاو ئیسرائیل مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لەهێرشکردنەسەر تۆڕەکانی قاچاخچێتی چەک لەسودان، دیارترینیان بۆردومانکردنی دامەزراوەکانی پەیوەست بەسوپای پاسداران لەساڵی 2009دا.
 
دەریای سوور...مەترسیدارترین بەرە
دەریای سوور هەستیارترین شانۆی ئۆپەراسیۆنەکانە، لەساڵی 2023وه‌ حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانی‌و سەربازییەکان پەرەپێداوە، پێشئەوەی هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستەکەیان لەگەڵ واشنتۆن ڕابگەیەنن‌و هەڕەشە لەکۆمپانیاکانی وەک ئێکسۆن مۆبیل‌و شیڤرۆن بکەن.

ئەلشەرفی دەڵێت، ساڵی 2024 "ئەو ساڵە بووە کە زۆرترین پەرەسەندنی لەدوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە هەبووە، دوای ئاگربەستەکە بەنێوەندگیریی عومان، چالاکییەکانیان کەمیکردووە، بەڵام سەرهەڵدانەوەی ئەمدواییەی هێرشەکان، لەنێویاندا بەئامانجگرتنی کەشتییەکی جەنگی ئەمریکی، ئاماژەیە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا".

ئەم هێرشانە وایکردووە واشنتۆن هاوپەیمانییە دەریاییەکانی لەناوچەکە بەهێزتربکات، هاوکات ئیسرائیل بەردەوامە لەهێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوە لۆجستیکی حوسییەکان لەحودەیدەو سه‌نعا، هەموو ئەمانە وادەکات دەریای سوور ببێتە بەرەیەکی کراوە بەڕووی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فراوانتر کە ئەگەر سەلمێندرا کە بووەتە بەشێک لەتۆڕی پشتیوانی ئێران، دەتوانێت درێژبێتەوە بۆ سودان.

لەنێوان قازانج‌و بارگرانیی
ئەمڕۆ سودان تەنها گۆڕەپانێک نییە بۆ ململانێی ناوخۆ، گرێیەکە لەتۆڕی کاریگەریی ئێران کە لەیەمەنەوە تا لوبنان درێژ دەبێتەوە، سودان بۆ حوسییەکان پەنجەرەیەک بۆ فراوانبوون‌و پەناگەیەکی لۆجستییە، بۆ تاران کارتێکی فشارە لەدژی سعودیەو میسرو ئیسرائیل‌و ئامرازێکە بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی لەئەفریقا.

بەڵام ئەم کاریگەرییە هەروا ماوەتەوە، دابەشبوونی ناوخۆی سودان، هەستیاری دەریای سوورو ترسی زلهێزەکانی ناوچەکە، هەموو ئەو هۆکارانەن کە خواستەکانی ئێران‌و حوسییەکان لەسودان لاواز دەکەن، وەک ئەلشەمەری دەڵێت، "دۆخی ناسەقامگیریی سودان دەتوانێت زیاتر ببێتە بارگرانییەک بۆ حوسییەکان نەک سوودێک".

لەکۆتاییدا پرسیارەکە تەنها ئەوەنییە کە ئایا ئێران دەتوانێت بوونی خۆی لەسودان بچەسپێنێت، بەڵکو ئامادەیی زلهێزە ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەکانە بۆ ئەوەی ئەم دەرگایە بەکراوەیی بهێڵنەوە، سودانیش دەتوانێت ببێتە بنکەیەکی نوێ بۆ حوسییەکان‌و ئێران، یان تەنها وەک وەستانێکی کاتی لەیارییەكى گەورەی کاریگەرییەکانی دەریای سووردا بمێنێتەوە.

  • سه‌ربارى ڕێكه‌وتن‌و ئاگربه‌ست گروپه‌ سوریه‌كانى سه‌ر به‌توركیا گه‌مارۆى سه‌ر كوردیان نه‌شكاندوه‌و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌ئارادایه‌

  • لە كورەى تەمموزەوە بۆ هاوبەشیى روسیاو ڤیتۆى ئەمریكا

  • هەڵبژاردن لەكوردستان..غیابى سەركردەكان و بانگەشەیەكى شەرمن

  • ئێران لەسودان چی دەکات؟

  • لەسەر کورد؛ نوێنەرەکەی ترەمپ خۆی گەیاندە لای ئەحمەد شەرع

  • ئەمڕۆ یان سبەینێ دەمیرتاش ئازاد ده‌کرێت

  • له‌كۆشكه‌كه‌ى شه‌رعدا مه‌زڵوم عه‌بدى كارتێكى به‌هێزى به‌كارهێنا

  • شێخ مەقسوودو ئەشرەفیە... هاوسەنگی ململانێکان لەبەرژەوەندیی بەرخۆدانی ڕەوا

  • حكومەتى هەرێم بەپلان نەخۆشخانە حكومییەكان ئیفلیج دەكات

سەرەکی