2025-10-04 6112 جار خوێنراوەتەوە

دواى تێپه‌ڕینى دووساڵ قائانى زانیاریى زۆر نهێنی‌و هه‌ستیار ئاشكراده‌كات

دواى تێپه‌ڕینى زیاتر له‌دوو ساڵ به‌سه‌ر هێرشى حه‌ماس بۆسه‌ر ئیسرائیل، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران زانیاریى هه‌ستیارو نهێنى ئاشكراده‌كات، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هێرشه‌كه‌ به‌نهێنى ئه‌نجامدراو نه‌ ئێمه‌ وه‌ك ئێران‌و نه‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئه‌میندارى پێشووى حزوڵڵاى لوبنانیش ئاگادارى واده‌كه‌ى نه‌بووین‌و نه‌مانده‌زانى له‌چ كاتێكدا ده‌كرێت".

ڕۆژى 7ی ئۆکتۆبەری 2023، باڵى چه‌كداریى بزوتنه‌وه‌ى حەماسى فه‌ڵه‌ستینى هێرشێكى چڕو پڕى كرده‌ سەر ئیسرائیل‌و له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا نزیكه‌ى هه‌زار 500 كوژراون‌و برینداربوون‌و ژماره‌یه‌كى زۆریش له‌جوله‌كه‌كانى به‌شدار له‌ئاهه‌نگێكدا به‌دیلگیران.

ئیسماعیل قائانی، لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: "نە ئێمەو نە حەسەن نەسروڵڵاو نەسەرکردە باڵاکانی بزوتنەوەی حەماسیش، ئاگاداری کاتی هێرشەکە نەبووین، نەسروڵڵا سەرەڕای ئەوەی لەوادەی ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادارنەکراوەتەوە، بەڵام بەوردی قۆناغە پێویستەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلى داڕشتبوو".

به‌وته‌ى قائانى، "حەسەن نەسروڵڵا لەدوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر بێدەنگبوو و هیچ وتارێکی پێشکەشنەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا توانیی ترس لەناو ئیسرائیلییەکان بچێنێت، توانای خۆی نیشاندا بۆ هەموو ڕەهەندەکانی شەڕەکە، چ سەربازیی بێت یان دەروونی".

فەرماندەکەی فەیلەقی قودس باسی لەوەشکرد،  فشارەکانی حزبوڵڵا، ئیسرائیلی ناچارکرد سێیەکی سوپاکەی لەباشووری لوبنان جێگیربکات، ئەمەش "ڕەوتی شەڕی گۆڕی، ئیسرائیل لەهێرشەکەیدا بۆسەر حەسەن نەسروڵڵا بۆمبێکی گەورەی کیمیایی بەکارهێناوە، کە ئەمەش تاوانێکی ڕوونی جەنگە".

قائانى ئه‌وه‌شى وت، "تەنها دوو ڕۆژ پێش داوای ئاگربەستی ئیسرائیل، حزبوڵڵا زیاتر لە 350 مووشەک‌و هاوەنی قەبارە جیاواز ئاراستەی شوێنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەشارەکانی حەیفا کردووەو تەنانەت شوێنی نیشتەجێبوونی ناتانیاهۆشی کردووه‌ته‌ ئامانج".

ڕۆژی 29ی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکی 20 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە پێشنیازکرد، کە دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان‌و دیلەکان‌و چەکدانانی حەماس بەشێکن لەپلانە 20 خاڵییەکە، هەر لەناوەڕۆکی پێشنیازەکەدا جەخت لەغەززەیەکی بێ چەک‌و حەماس کراوەتەوە.

ترەمپ لەڕۆژی 30ی ئەیلوولی 2025 ڕایگەیاند، حەماس چوار ڕۆژ مۆڵەتی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی پلانە 20 خاڵییەکە، ئیسرائیل هەرزوو پێشنیازەکەی قبوڵکردو وڵاتانی نێوەندگیرو یەکێتی ئەورووپا پێشوازییان لەپێشنیازەکە کردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی، 3ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیەل پەیامێکی لە بارەی نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی جێبەجێکردنی پرۆژە پێشنیازە 20 خاڵییەکەی بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی:  ڕێکبکەون، ئەگەر نا دەرگای دۆزەخ بەڕووی حەماس دەکرێتەوە.

هەر لە پەیامەکەیدا، ترەمپ هەڕەشەی لە حەماس کرد، ئەگەر تا یەکشەممە وەڵامی پێشنیازەکە نەداتەوە و لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر پلانە 20 خاڵییەکە ڕێکنەکەوێت، چارەنووسێکی خراپ چاوەڕێی چەکدارانی حەماس و سەرکردەکانیان دەکات.

درەنگانی شەوی هەینی (03ـی تشرینی یەکەمی 2025)، بزووتنەوەی حەماس لە وەڵامی پێشنیازە 20 خاڵییەکەی سەرۆکی ئەمەریکادا، ڕەزامەندی لەسەر بەشێک لە خاڵەکان نیشان دا، بەڵام جەختی کردووەتەوە، هەندێک بڕگەی دیکەی پێشنیازەکە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە. 

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کە حەماس قبووڵی کردووە، ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکانە لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستینی. 

هەروەها حەماس ئامادەیی خۆی نیشان داوە، ئیدارەی کەرتی غەززە ڕادەستی دەستەیەکی سەربەخۆی تەکنۆکرات بکات بە ڕەزامەندی نیشتمانی فەڵەستینی و پشتیوانیی عەرەبی و ئیسلامی.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" پێشوازی لە وەڵامەکەی بزووتنەوەی "حەماس"ـی فەڵەستینی بۆ پێشنیازەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە کرد. 

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردووە: "لەسەر بنەمای ئەو ڕاگەیەنراوەی کە حەماس تازە دەریکردووە، من پێموایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ بۆردومانکردنی غەززە بوەستێنێت، تاکو بتوانین بە سەلامەتی و بەخێرایی بارمتەکان بهێنینە دەرەوە! لە ئێستادا، کردنی ئەوە زۆر مەترسیدارە."

ترەمپ دووپاتیکردووەتەوە "ئێمە لەئێستاوە لەگفتوگۆداین لەسەر وردەکارییەکان کە پێویستە کاریان لەسەربکرێت، ئەمە تەنها تایبەت نییە بەغەززەوە، بەڵکو پەیوەندی بەئاشتییەکی لەمێژینەوە هەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

سەرۆکی ئەمریکا لەپەیامێکدا ڤیدیۆیشدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر تایبەت‌و مەزنە، ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکە، سوپاسی قەتەر، تورکیا، سعوودییە، میسرو ئوردن دەکەم کە هاوکارییان کردم لەبەدیهێنانی ئەمە".

لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، حکوومەتی ئیسرائیلی تووشی سەرسوڕمان کردووە، سەرچاوە هەواڵییە ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران پێشتر وەڵامەکەی حەماسی بەڕەتکردنەوەی پێشنیازەکە لەقەڵەمداوەو جەختی لەسەر هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا کردبووەوە بۆ دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش.

سەڕەڕای ئەمەش، نووسینگەی ناتانیاهۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل "ئامادەکاری دەکات بۆ جێبەجێکردنی دەستبەجێی قۆناغی یەکەمی پلانی سەرۆک ترەمپ بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتەکان." سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، فەرمانیان پێکراوە بۆ کەمکردنەوەی چالاکییە هێرشبەرییەکان لە غەززە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گەشبینییەوە پێشوازی لەم پێشهاتانە کردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان، قەتەر، میسر و چەندین وڵاتی ئەورووپی هیوایان خواستووە کە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕ و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.

ئەم گۆڕانکاریانە لە کاتێکدایە کە شەڕی غەززە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

 ئەمڕۆ شەممە، ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لەڕاگەیەندراوێکدا وتی: ئامادەیی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و بەشداریکردن لەسەر بنەمای دوایین پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ساتێکە کە دەبێت بقۆزرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاگربەست و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان لەناو دەستەکاندایە."

چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لە چەند لایەکەوە هێرشیانکردەسەر ئیسرائیل‌و زیاتر لە 250 کەسیان بە بارمتە ڕفاند، بەهۆیەوە شەڕێکی خوێناوی و وێرانکاریی بەرۆکی خەڵکی غەززەی گرتەوە و حەوتی ئەم مانگە دەبێتە دوو ساڵ لە هەڵگیرسانی شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل، بە گوێرەی ئامارەکان تاوەکوو ئێستا 66 هەزار و 288 کەس کوژراون و نزیکەی 170 هەزار کەسی دیکەیش بریندارن.

  • مەزڵوم کۆبانێ، مێزەکەی ئەحمەد شەرعی قڵپکردەوە

  • سه‌ربارى ڕێكه‌وتن‌و ئاگربه‌ست گروپه‌ سوریه‌كانى سه‌ر به‌توركیا گه‌مارۆى سه‌ر كوردیان نه‌شكاندوه‌و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌ئارادایه‌

  • لە كورەى تەمموزەوە بۆ هاوبەشیى روسیاو ڤیتۆى ئەمریكا

  • هەڵبژاردن لەكوردستان..غیابى سەركردەكان و بانگەشەیەكى شەرمن

  • ئێران لەسودان چی دەکات؟

  • لەسەر کورد؛ نوێنەرەکەی ترەمپ خۆی گەیاندە لای ئەحمەد شەرع

  • ئەمڕۆ یان سبەینێ دەمیرتاش ئازاد ده‌کرێت

  • له‌كۆشكه‌كه‌ى شه‌رعدا مه‌زڵوم عه‌بدى كارتێكى به‌هێزى به‌كارهێنا

  • شێخ مەقسوودو ئەشرەفیە... هاوسەنگی ململانێکان لەبەرژەوەندیی بەرخۆدانی ڕەوا

سەرەکی