2025-07-14
5198 جار خوێنراوەتەوە
سوپای عێراق روبەڕوى هەڵمەتێكى ئەلیکترۆنی گەورە دەبێتەوە
پوختە
لەکاتێکدا سوپای عێراق بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی لە ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان، بەڵام دامەزراوە سەربازییەکە ڕوبەڕوی هێرشێکی جیاوازترو شاراوەترو مەترسیدارتر دەبێتەوە، ئەویش هەڵمەتێکی چەواشەکاریی سیستماتیکە لە ڕێگەی لەشكرێكى ئەلیکترۆنییەوە كە دامەزراوەكە دەکاتە ئامانج.
بەپێى راپۆرتى میدیا عێراقییەكان؛ ئەم هەڵمەتە تازە نییەو دۆسیەكانى لە سەردەمی وەزیری پێشوی بەرگریدا دەستیان بە دەرکەوتن کردو دواتریش هەندێک پەیجی ساختە و پارەدار درۆ و شێوازی "نەفرەت لێکراو"یان لە دژى سوپاكە بڵاودەکردەوە، كە ئامانج لێى بۆ ڕەشبگیری و فشارخستنە سەر لێهاتوترین ئەفسەرانی عێراقی بو، تەنها بۆ ئەوەی ڕەتیبکەنەوە "خواستە خراپەکان"ی کەسانی خاوەن پێگە بەدیبهێنن.
هەڵمەتى لەشكرە ئەلیكترۆنییەكان لە كوێوە سەرچاوەی گرتوە؟
شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەڵمەتانە لە بۆشایییەکەوە سەرهەڵنادەن، بەڵکو بەپێی ستراتیژێک ڕێکخراون کە ئامانج لێی لاوازکردنی بڕبڕەی پشتی دامەزراوەی سەربازییە لە ناوەوە، لە ڕێگەی فشاری دەرونی و شێواندنی میدیایی بەرامبەر بەو ئەفسەرە پیشەییانەی کە ڕەتیانکردۆتەوە بەشداریی گەندەڵی بکەن، یان نەیانویستوە ملکەچی خواستەكانى دەسەڵاتدارە خاوەن پێگەكان بن.
چاودێران پێیانوایە شەڕی ئەلیکترۆنی دژی سوپای عێراق جیا نییە لە ململانێی نفوزی نێو دەوڵەت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی یەکتربڕینی بەرژەوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و ناوەندەکانی دەسەڵاتە کە هەوڵدەدەن کاریگەرییان لەسەر بڕیارە ئەمنییەکان دروست بکەن، تەنانەت ئەگەر پێویستی بە هێنانە خوارەوەی سەرکردە سەربازییە پیشەگەرەکانیش بێت، ئەوەش بێگومان لە ڕێگەی هەڵمەتی چەواشەکاریی مەجازییەوە.
پەیجە بێناوەكان چۆن پارەیان بۆ دابیندەكرێت؟
شارەزایانی ئاسایشی دیجیتاڵی پشتڕاستی دەکەنەوە؛ زۆرێک لەم پەیجە بێناوانە لە ناوخۆی وڵاتەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت و لەلایەن ژورەکانی کۆنترۆڵەوە بەڕێوەدەبرێن کە پەیوەندییان بە ڕاوێژکاران و دامەزراوە فەرمییەکانەوە هەیەو ئامانجیان بەتاڵکردنەوەی دامەزراوەی سەربازییە لە بەهێزترین و پیشەگەرترین ئەندامەکانی.
ئەو ئەفسەرانەی کە بڕبڕەی پشتی پیشەیی دامەزراوەی سەربازی پێکدەهێنن؛ ئەوانەی کە سازشیان لە ئەرکی خۆیان نەکردوە و ڕەتیانکردۆتەوە بەشداری تۆڕەکانی گەندەڵى بکەن؛ لەبەرئەوە بونەتە ئامانجی شێواندن و بوختان.
هاوكات، بە وتەی شارەزایانی سەربازی، ئەو ناوانەی کە دەکرێنە ئامانج، هەڕەمەکی نین، بەڵکو سەر بە ڕیزەکانی ئەو ئەفسەرانەن کە بە دەستپاکی و دیسیپلین ناسراون و زۆربەیان لە قۆناغە گرنگەکانی شەڕی تیرۆردا پۆستی هەستیاریان هەبوە.
ئەوەى جێى تێڕامان و گومانە ئەوەیە، کە ئەم هەڵمەتە لە دوژمنە تەقلیدییەکانی عێراقەوە سەرچاوەی نەگرتوە، بەڵکو لەلایەن ئەو هێزە ناوخۆییانەوە ئاراستە دەکرێت کە پۆشاکی نیشتمانپەروەرییان لەبەردایە، بەڵام هەوڵدەدەن ئەو کەسانە بەدەر بکەن کە لەسەر حیسابی لێهاتویی پیشەیی ملکەچی لۆژیکی تاكەکەسی نین.
كاریگەرییە دەرونییەكانى هەڵمەتەكە بە كوێ دەگات؟
شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی کە کاریگەرییە دەرونی و سیاسییەکانی هەڵمەتەکانی چەواشەکاریی هەندێکجار دەتوانێت لە کاریگەرییەکانی شەڕە سەربازییەکان زیاتر بێت، بەتایبەتی کاتێک ئەم هەڵمەتانە بەکاردەهێنرێن بۆ لابردنی ئەفسەرە لێهاتوەکان و گۆڕینی بە ناوی كەسانى نەشارەزاو بێ ئەزمون.
بەگوێرەی وتەى شرۆڤەکاران، ئەم بەرە دیجیتاڵییانە بەهەمان شێوە هەوڵی تێکدانی متمانەی گشتی بە دامەزراوەی سەربازی دەدەن لەڕێگەی گومانکردن لە سەرکردایەتییەکەی و شێواندنی ئەدای کارەکەی، ئەمەش ڕێگەخۆشکەرە بۆ لاوازکردنی ڕۆڵی ئەو دامەزراوەیە وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی دەوڵەت، نەک بەرژەوەندییەکانی.
سەرەڕای هەمو هەوڵەکانی هەڵمەتی چەواشەکاریی، بەڵام سوپای عێراق بەردەوامە لە پاراستنی دیسیپلینی دامەزراوەیی خۆی و مۆدێلێکیشى بۆ خۆڕاگریی پیشەیی لە نێوان ئاژاوەی سیاسی و میدیایی داناوە.
چاودێران دوپاتی دەکەنەوە کە زۆرێک لە ئەفسەران و سەربازەکان بە تەواوی ئاگادارن کە شەڕی ئەمڕۆ لە بیابان و سنورەکاندا قەتیس نەماوە، بەڵکو بە شێوەی ئۆنلاینیش، کە "دوژمنێکی ناوخۆیی" بە ناوی ساختە و ئەجێندای ڕونەوە کارى بۆدەکات.
هۆكارەكانى پشت ناوزڕاندنى سوپاى عێراق چین؟
سدیق عەبدوڵڵا؛ شارەزای کاروباری ئەمنی پێیوایە، سێ هۆکاری سەرەکی لەپشت هەوڵەکانی ناوزڕاندنى هێزی سوپای عێراقەوەن، جەختیش دەکاتەوە لەسەر گرنگی گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕون و یەکلاکەرەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەناو "لاپەڕە زەردەکان"، کە درۆ و دەنگۆی ناشایستە لە دژى سوپا بڵاودەكەنەوە.
عەبدوڵڵا؛ لە لێدوانێكى دا بۆ كەناڵەكانى راگەیاندن ئەوەى خستۆتەڕو؛ كە سوپا نوێنەرایەتی پاڵپشتییەک بۆ سەروەری یاسا و بەدیهێنانی سەقامگیریی دەکات، لەبەرئەوە بە ئامانجگرتنی دامەزراوەی سەربازی لە هەر وڵاتێکدا هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی یاسا و ڕێسا و کردنەوەی دەرگای ئاژاوە و دزەکردن بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای تایبەت.
عەبدوڵڵا؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای سەقامگیریی ڕێژەیی ئەمنی عێراق، بەڵام لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، کە پڕە لە تەحەددا، لایەنی دەرەکی هەیە بە هەڵبەستنی درۆ لە لاپەڕە زەردەکان و بەکارهێنانی میتۆدی هەواڵگریی فرەڕەهەند کە لەگەڵ ئەجێنداکانیاندا بگونجێت، هەوڵی لاوازکردنی سوپا دەدات.
ئەو شارەزایەى كاروبارى ئەمنى ئەوەشى رونكردەوە؛ هەندێک کەس کاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر بە دەنگۆکان بەبێ ئەوەی پشتڕاستی بکەنەوە، ئەمەش زیانەکانی ئەو دامەزراوە سەربازییە زیاد دەکات، کە نوێنەرایەتی هێڵی سور دەکات لە هەمو وڵاتانی جیهان.
ناوبراو جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بەم دیاردەیە بە جێبەجێکردنی توندی یاساکان بەرامبەر بەو کەسانەی کە دەنگۆ یان درۆ بڵاودەکەنەوەو زیان بە دامەزراوەی سەربازی دەگەیەنن، چونکە زیانگەیاندن بەو سیستەمە بە واتای لاوازکردنی سیستەم و هاندانی پشێوی و ناسەقامگیرییە.
چۆن سپۆنسەرانى هەڵمەتە چەواشەكارییەكان ئاشکرا بون؟
دوای ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکاری یاساییان بەرامبەر ئەو پەیجانە گرتەبەر کە سەرکردایەتی هەڵمەتی چەواشەکاریی سیستماتیکییان لە دژی سوپای عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی دەکرد، لەنێویاندا وەزیرێکی پێشو، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچونەکان ئەوەیان ئاشكراكرد کە بەشێك لە حزب و لایەنەکان پاڵپشتی دارایى ئەو پەیجانە دەکەن.
ئەو سەرچاوەیە بە میدیا عێراقییەكانى ڕاگەیاندوە، لە نێو پاڵپشتیكەرانى ئەو پەیجانەدا ئەفسەرێکی باڵای سەر بە بەرپرسێکی دیاری پێشوی یەکێک لە دەسەڵاتی یاسادانان هەبوە، لە پەیوەندی ڕاستەوخۆ بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ئەو هەڵمەتانە تێوەگلاوەو ئامانجی ناشرینکردنی دامەزراوە سەربازییەکان بوە.
سەرچاوەكە وتوشیەتى: دەسەڵاتدارانی ئاسایش و چاودێریی بەردەوامن لە بەدواداچون بۆ دۆسیەکە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی تەواو بەرامبەر هەمو ئەو کەسانەی پەیوەندییان بەو دۆسیە گوماناوییەوە هەیە، چ لەناو دامەزراوە سەربازییەکە و چ لە دەرەوەی دامەزراوەكە.
-
دەقی ڕێکەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا
|
-
نهوت و درۆن و موچه: سێكوچكهى قهيران له ههرێم
|
-
سوريا لهبهردهم گۆڕانكاريدايه؛سێ ههرێم و يهك وڵات
|
-
هەرێمی کوردستان لە نێوان رادەستکردن نەوت بە بەغداد و تەقینەوەی ناوخۆیی
|
-
بەشێک لە كۆمپانیاکان بهرههمهێنانی نهوتیان لەکێڵگە نەوتییەکانی ههرێم ڕاگرت
|
-
بەبێ باسکردنی مووچە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆتاییهات
|
-
دروزهكان كێن و چييان له سورياي نوێ دهوێت؟
|
-
دادگای فیدراڵی فەرمانێكى سالاریى بۆ موچەى هەرێم دەردەكات
|
-
ئیسرائیل پلانى هێرشێکی ئەتۆمیی تاکتیکی بۆ سەر ئێران هەیە
|
|
|