2026-06-20
270 جار خوێنراوەتەوە
نەوتی زیاتر لە ڕێگەی سووریاوە دەنێرێت؛ وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵدەدات هەناردەكردن ئاسایی بكاتەوە
وەزارەتی نەوتی عیراق بە سوودوەرگرتن لە ئاساییبوونەوەی دۆخی گەرووی هورمز، هەوڵدەدات هەناردەكردنی نەوت بۆ ئاستی پێشووی بگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی نەوتی عیراق هەوڵەكانی بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی سروشتیی بەرهەمهێنان چڕ كردووەتەوە، ئامانجی سەرەكی ئەوەیە بە سوودوەرگرتن لە ڕێككەوتنەكانی ئەمریكا و ئێران و كردنەوەی گەرووی هورمز، پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوت خێرا بكرێتەوە.
سەلیم فەرهوود، وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە كردووە، كار دەكەن لە ماوەی یەك بۆ دوو مانگی داهاتوودا، ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە بگەیەننەوە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل، هەرچەندە بەهۆی جیاوازیی سروشتی كێڵگەكانەوە وادەیەكی دیاریكراو بۆ هەموویان بەیەكەوە دانەنراوە.
لە قۆناغی ئێستادا، وەزارەتی نەوت سەرنجی سەرەكیی خستووەتە سەر ئەو كێڵگانەی كە گازی شل و گازی هاوەڵیان هەیە. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دابینكردنی گازی پێویستە بۆ كۆمپانیای گازی بەسرە، تاوەكو بتوانرێت سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و پێداویستیی ماڵان دەستەبەر بكرێت. ئەمەش وەك هەنگاوێكی ستراتیژی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی وزە لە ناوخۆی وڵاتدا دەبینرێت.
وەزارەتی نەوتی عیراق، نووسراوێكی ڕەسمی ئاڕاستەی دەستەكانی بەگەڕخستن لە كێڵگە گەورەكانی (ڕمێلە، زوبێر، ڕۆژئاوای قورنە 1، ڕۆژئاوای قوڕنە 2 و ئەڕتاوی) كردووە. لە نووسراوەكەدا داوا كراوە بەوپەڕی توانای بەرهەمهێنانەوە دەست بە كار بكەن و نەوت بۆ كۆگا سەرەكییەكان هەناردە بكەن، تاوەكو ئاستی هەناردەی نەوتی عیراق بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی پێش ڕووداوەكان.
هاوتەریب لەگەڵ زیادكردنی بەرهەمهێنان، كۆمپانیا نەوتییەكان دەستیان بە ئامادەكاری كردووە بۆ گەڕانەوەی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان بۆ پێگە سەرەكییەكانیان. وتەبێژی وەزارەت تەئكدیی كردەوە پڕۆسەی هەناردەكردن و گەڕانەوەی كەشتییەكان لەگەڵ پڕۆسەی دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەكاندا بە یەك ئاراستە دەڕۆن، تاوەكو دڵنیایی بدرێت لەوەی هەناردەكردنی نەوتی باشوور بەبێ گرفت بەردەوام دەبێت.

لەلایەكی ترەوە،ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشكرایكردووە، عێراق ئامادەكاری دەكات بۆ دەستپێكردنی هەناردەكردنی نزیكەی 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێكدا لە رێگەی خاكی سووریاوە لە مانگی تەموزی داهاتووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژی حكومەتدا دێت كە ئامانجی هەمەچەشنكردنی ڕێگاكانی هەناردەكردنی نەوت و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە ڕێگا نەریتیەكان لە ڕێگەی كەنداوەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ئاژانسە، پلانەكە هەناردەكردنی نەفتاش دەگرێتەوە لە ڕێگەی بەندەرەكانی سووریاوە، بەغداد تەئكید دەكاتەوە لە پشتبەستنی بەردەوامی بەم ڕێگایە تەنانەت دوای گەڕانەوەی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی ئاسایی كەشتیوانی، لە چوارچێوەی سیاسەتێك بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی هەناردەكردنی نەوت و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی پەیوەست بە پشتبەستن بە یەك دەروازەی هەناردەكردنی نەوت.
هاوشانی ئەمەش، سوریا كاردەكات بۆ فراوانكردنی توانای بەندەری بانیاس بۆ وەرگرتنی باری نەوتی عێراقی زیاتر لەڕێگەی كردنەوەی ناوچەی بەتاڵكردنی زیادە و دامەزراوە پاڵپشتییەكان، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ بەهێزكردنی رۆڵی خۆی وەك ناوەندێكی سەرەكی رێڕەوی وزە لە ناوچەكەدا.
توانای ئێستای بەندەرەكە نزیكەی 900 تانكەرە لە رۆژێكدا، بەڵام كارەكانی گواستنەوە روبەڕوی ئاستەنگی لۆجستی دەبنەوە كە پەیوەندییان بە ژێرخانی ئابوری و قەرەباڵغی هاتوچۆوە هەیە لەسەر رێگاكانی بەرەو بەندەرەكە، ئەمە جگە لە هەندێك رووداو و لێچوونی سووتەمەنی لە چەند مانگی رابردوودا.

بەرپرسانی كەرتی نەوت دووپاتی دەكەنەوە، هاوكاری نێوان بەغداد و دیمەشق بەشێكە لە هەوڵێكی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی رێگاكانی هەناردەكردنی جێگردەوە، بەشێوەیەك زامنی بەردەوامی رۆیشتنی نەوتی عیراق بۆ بازاڕە جیهانییەكان بكات لە هەموو بارودۆخێكداو نەرمونیانی نەزمی هەناردەكردنی وڵاتیش بەهێزبكات.
عیراق بە شێوەیەكی ئاسایی رۆژانە نزیكەی 3,6 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، ئەمەش وایكردووە هەمەچەشنكردنی رێگاكانی هەناردەكردن ببێتە هەنگاوێكی ستراتیجی بۆ پاراستنی سەقامگیری داهاتی نەوت و كەمكردنەوەی ئەو مەترسیانەی پەیوەستن بە پشتبەستن بە یەك دەروازە.
-
ترهمپ چاو دهبڕێته نهوت؛ عێراق و ئهمریكا به بههای تریلیۆنێك دۆلار 18 رێككهوتننامه ئیمزا دهكهن
|
-
توركیا و عێراق ڕێككەوتن لەسەر ئەو بۆرییە دەكەن كە بە باشور و باكوری كوردستاندا تێدەپەڕێت
|
-
لە نێوان مەقاسە و نەبوونی کاشدا؛ فەرمانبەرانی کوردستان باجی درێژەکێشانی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدەن
|
-
ههر جاره و 500 ملیۆن دۆلار؛عێراق دهستیكردهوه به وهرگرتنى دۆلارى كاش له ئهمریكا
|
-
وەفدێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق زیاتر لە هەفتەیەکە لە هەولێرن؛ بەغداد متمانەی بە خەرجییەکانی هەرێم نییە؟
|
-
بهراوردى نرخى بهنزین له ههرێمى كوردستان و وڵاتان
|
-
پهتى درۆ كورته؛ وهزارهتى دارایى ههرێم: پرسى مووچه بهلاى وهفدى ههرێمهوه لاوهكى بووه
|
-
وردەكاری هەڵمەتی بەرەبەیان؛ تائێستا چەند پارە و سامانی لێپرسراوان و پەرلەمانتاران دەستی بەسەردا گیراوە
|
-
داهاتی حەوت ساڵی ڕابردووی باج له ههرێمى كوردستان؛ زیاتر لە پێنج ترلیۆن و 400 ملیار دینار بووە
|
|
|
|