3 کاتژمێر پێش ئێستا
95 جار خوێنراوەتەوە
نەخشەڕێگای قەندیل و کورد بۆ پرۆسەی ئاشتی؛ یاسای چوارچێوە بەبێ ئیمراڵی بە مردوویی لەدایک دەبێت
پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە تورکیا کە دوای بڕیاری مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری هیوایەکی گەورەی خوڵقاندبوو، ئێستا بەهۆی سستیی هەنگاوەکانی دەسەڵات و بەردەوامیی گۆشەگیری لە ئیمراڵی، کەوتووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و مەترسیدار. لە کاتێکدا گفتوگۆ لەسەر دەرکردنی "یاسای چوارچێوە" لە پەرلەمان گەرمە، سەرکردایەتی سیاسی و مەیدانیی تەڤگەری کوردی پەیامی ڕوون و هێڵە سوورەکانی خۆیان لەبارەی نیەتپاکی حکومەت، پێگەی دانوستانکاران و چارەسەری ڕاستەقینە بۆ ڕای گشتی دەخەنە ڕوو.

"ئەگەر ئاکەپە بە شێوەیەکی تاکلایەنە یاسایەک دەربکات هیچ نرخێکی نابێت"
نوورەدین دەمیرتاش، ئەندامی کۆمیتەی تەڤگەری چاند و هونەری دیموکراتیکی میزۆپۆتامیا لە هەڵسەنگاندنێکی تایبەتدا لەسەر شاشەی 'مەدیا خەبەر'، چەند پەیامێکی بڕیارنەدەر و ڕەخنەیی ئاڕاستەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا کردو ڕایگەیاند"ئەگەر ئاکەپە بە ناوی خۆی و بە شێوەیەکی تاکلایەنە یاسایەک دەربکات، ئەو یاسایە هیچ نرخێکی نابێت. پێگەی یاسایی و پاراستن بۆ ڕێبەر ئاپۆ، گرنگترین پرسە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە."
وتیشی"هەر پێشهاتێک کە ڕێبەر ئاپۆی تێدا نەبێت، بێگومان ئێمە بە گومان و نیگەرانییەوە پێشوازیی لێ دەکەین. پێویستە پێگەی دانوستانکاری سەرەکی ببێتە خاوەن گەرەنتی یاسایی."
"هۆکاری سەرەکیی بەرەوپێشنەچوونی قۆناغەکە، زیهنیەتی دەوڵەتە؛ ئەگەر زیهنیەتی دەوڵەتی تورک بگۆڕایە، ئەم قۆناغە زۆر بە خێرایی بەرەوپێش دەچوو. پێویستە واز لە سیاسەتی سەرقاڵکردن بهێنرێت."نوورەدین دەمیرتاش وای وت.
"ئۆپۆزیسیۆن لەبری ئەوەی حکومەت ناچار بە چارەسەری بکات، لە ناو ڕۆژەڤە ناوخۆییەکانی خۆیدا خنکاوە و دەم پارتی بە تەنیا جێهێشتووە." نوورەدین دەمیرتاش، ئەندامی کۆمیتەی تەڤگەری چاند و هونەری دیموکراتیکی میزۆپۆتامیا وای وت.

لەلایەکی دیکەوە، دوران کاڵکان، ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە چاوپێکەوتنێکی بەرفراواندا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس ڕوشەن چاکر لە قەندیل، تیشکی خستە سەر ستراتیژی نوێ و کلیلەکانی چارەسەری و ڕایگەیاند؛"پێدەچێت کەمێک بە هەڵە هاتبن. دەبوو سەرەتا بچوونایەتە ئیمراڵی. بەو شێوەیە دەچوونە ناونیشانێکی ڕاستتر، چونکە ڕێبەر ئاپۆ لە ناوەندی ئەم پڕۆسەیەدایە."
"ئیدی وەک ڕابردوو شەڕ نابێت "
کاڵکان وتیشی"ئیدی وەک ڕابردوو شەڕ نابێت. تا ئەو کاتەی هەلومەرج نەگۆڕێت و بڕیارێکی نوێی کۆنگرە نەدرێت، ئێمە نابینە هێزێک کە لە دژی تورکیا چالاکیی چەکداری ئەنجام بدەین... ئێمە دەمانەوێت ڕێگە لەبەردەم سیاسەتدا بکرێتەوە."
دوران کاڵکان باسی لەوەشکرد "بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆتاییهێنان بەوکارانەی لە ژێر ناوی پەکەکەدا دەکرێن، دەبێت زەمینەی یاسایی و سیاسی دابین بکرێت. ئەگەر ئاشتییەکی ڕاستەقینە دەویسترێت، ڕێگەکەی بە ئیمراڵیدا تێپەڕ دەبێت."
"ئەوانەی شەڕ دەکەن، دەتوانن ئاشتی بهێنن. لەبەر ئەوە، شتێکی ئاساییە کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە لەلایەن دەولەت باخچەلییەوە بنرێت. ئەگەر لەسەدا یەکیش ئەرێنیبوون هەبێت، ئێمە لەوێوە دەست پێدەکەین، نەک تەنیا دەمیرتاش، بەڵکوو دەبێت هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن. بێگومان ئەگەر سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دەرەوە بێت، ڕۆڵێکی باش دەگێڕێت چونکە کەسێکی زۆر بەئەزموونە."کاڵکان وای وت.
جووڵە پەرلەمانییەکانی دەم پارتی
بەرپرسانی دەم پارتی لە ئەنقەرە لەگەڵ میدیاکان کۆبوونەوە و ئاشکرایان کردووە کە پێشنیاری زارەکییان لەسەر "یاسای چوارچێوە" لەگەڵ ئاکەپە و مەهەپە ئاڵوگۆڕ کردووە. ئەوان داوا دەکەن یاساکە گشتگیر بێت، جیاکاری نەکات، و ڕێگە خۆش کات بۆ گەڕانەوەی کادرو ئەندامانی پەکەکە بەبێ بەربەست، هاوکات ئاماژەیان بەوە داوە کە بڕیارە یاساکە لە مانگی تەمووزدا بێتە پەرلەمان.

ئاستەنگەکان و دۆخی ئیمراڵی
سەرڕای گەشبینییەکان، لایەنی کوردی نیگەرانە لەوەی نزیکەی ٥٠ بۆ ٥٢ ڕۆژە گۆشەگیرییەکی توند لە ئیمراڵی هەیە و هیچ دیدارێک لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام نەدراوە. بەرپرسانی وەک ڕەمزی کارتاڵ و هێلین ئومێد هۆشداری دەدەن کە هاناکانی دەوڵەت بۆ پڕۆژەیاسای ڕووت و هەموارکردنەوەی "یاسای پەشیمانی کلاسیک" (وەک ئەوەی ڕۆژنامەی تورکیا دزەی پێکردووە کە تەنیا ٣ بۆ ٤ هەزار گەریلا دەگرێتەوە)، پرۆسەکە لەباردەبات، چونکە مەرجی سەرەکی کورد ئازادیی جەستەیی ئۆجەلان و دابینکردنی پێگەی یاساییە وەک ئەندازیاری ئاشتی.
ململانێ هەرێمییەکان
هاوکات لەگەڵ ئەم پرۆسەیە، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە (شەڕی غەززە، ئاڵۆزییەکانی سووریا و جووڵە ئەمنییەکانی میت لە بەغدا) وەک پاڵنەرێکی سەرەکی دەبینرێن کە تورکیا ناچار دەکات پرسی کورد بە شێوازێکی دیموکراتیک چارەسەر بکات بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
-
کۆتاییهاتنی قۆناغی دانوستان و دەستپێکی هێرشە چڕەکان؛ هۆکارەکانی بێدەنگیی ئیسرائیل و کێشانی نەخشەی نوێی شەڕ لەلایەن ئەمریکاوە
|
-
نەخشەڕێگای قەندیل و کورد بۆ پرۆسەی ئاشتی؛ یاسای چوارچێوە بەبێ ئیمراڵی بە مردوویی لەدایک دەبێت
|
-
بهرگریی شارستانی هۆشداریدهدات؛ ئهوانهی دهكهونه ئاوهوه 25%یان دهخنكێن
|
-
سێگۆشەی مەرگ و واقیعی پەرتەوازیی کورد
|
-
پڕۆژەی ڕووناکی؛ یان تەڵەیەکی تاریکی باج و قۆرغکاری؟
|
-
لە نێوان چەکوشی بەغداد و نەمانی چەتری ئەمریکا؛ داهاتووی قەوارەی هەرێم چی بەسەر دێت؟
|
-
لێواری تەقینەوە؛ توندبوونی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەوڵی نەتانیاهۆ بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ترەمپ
|
-
پشت پەردەی کودەتاکەی ٢٠١٦ ی تورکیا؛ کودەتا یان سیناریۆیەک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەردۆغان؟
|
-
گەردەلوولی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئێران؛ ترەمپ فشاری کشانەوە دەخاتە سەر ئیسرائیل
|
|
|
|