2025-10-06 2714 جار خوێنراوەتەوە

هەڵبژاردنی سوریا، پینەکردنی پینە

لەکوردەواریدا، زۆرجار بۆ پەردەپۆشی کێشەکان دەستەواژەی "پینەکردن" بەکاردەهێندرێت، ئەمەش بەواتای ئەوەی کێشەکە بەهەڵپەسێردراوی بهێڵنەوە، بەڵام ئەوەی کە دوایی وەک دەرئەنجام دەردەکەوێت، دەرکەوتنەوەی کێشەکەیە بەقەبارەیەکی گەورەتر، کە ئەمجارە چارەسەرناکرێت.

هەڵبژاردنی 5ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵی سوریاش، نمایشێکی هاوشێوە بوو بۆپەردەپۆشکردنی دۆخی پڕ لەئاڵنگاری‌و کێشمەکێشمی ئەو وڵاتەو هەنگاونەنانی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، کە دواجار قەیرانەکانی سووریا قوڵتر دەکاتەوەو زەمینەی هاتنەکایەی ڕژێمێکی هاوشێوەی پێشخۆی خۆشتر دەکات.

هەڵبژاردنەکە چۆن ئەنجامدرا؟
ئەحمەد شەرع سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا لەحوزەیرانی ئەمساڵ لیژنەیەکی 11 کەسی بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی سوریا پێکهێنا، لیژنەکە بەپشتبەستن بەسەرژمێری ساڵی 2010و یاسای هەڵبژاردنی سەردەمی بەشار ئەسەد، ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن دەستپێکرد، کە سەرژمێرییەکە پێش کوژرانی 600 هەزارو ئاوارەبوونی نزیکەی 12 ملیۆن هاوڵاتی سوریا ئامادەکراوە، لەلایەکی ترەوە زووبەزوو لەلایەن شەرعەوە، هەریەک لەپارێزگاکانی حەسەکە، ڕەققەو سوەیدا، بەبیانوی ناسەقامگیریەوە، لەهاوکێشەی هەڵبژاردنەکان خرانە دەرەوە، کە ئەمەش بەیەکەمین هەنگاوی دوژمنکارانەی ئەو حکومەتە کاتییە دادەنرێت بەرامبەر بەپێکهاتەسەرەکییەکانی وەک کوردو درووز لەوڵاتەکەدا.

ڕۆژی 5ی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردنێکی ڕووکەشی لەلایەن دەستەڵاتەکەی شەرع بۆ ئەنجومەنی گەلی سوریا کە 210 کورسییە؛ ئەنجامدرا، لەم ژمارەیەش، کێبڕکێ کرا بۆبەدەستهێنانی 120 کورسی‌و 70 کورسیشی تاکلایەنانە لەلایەن شەرعەوە پڕدەکرێتەوە، 19 کورسیش کە بەسەر هەریەک لەپارێزگاکانی حەسەکە، ڕەققەو سوەیدا دابەشکرابوو، هەڵپەسێدران‌و کوردو دروزەکانیش لەهاوکێشەکە خرانە دەرەوە، ئەوەش بووە یەکەمین زەنگی مەترسی بۆ داهاتووی سوریاو چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکان.

هەڵبژاردنە کارتۆنییەکەی سوریاو شەرعیەتی نێودەوڵەتی هەڵبژاردنی 5ی ئۆکتۆبەری ئەنجومەنی گەلی سوریا، دانپێدانراوە، بەوپێیەی وڵاتان بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، ناتوانن دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆی وڵاتانی تر بکەن، تەنها بۆیان هەیە مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە بکەن، بەمەش ئەم هەڵبژاردنە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان خۆکردەیی دانپێدانراوە، زۆرجاریش ئەو وڵاتانەی بەشەڕی ناوخۆییدا تێدەپەڕن، زلهێزەکان دەتوانن کاریگەریڕاستەوخۆی لەسەر دابنێن.

ئەو هەڵبژاردنەی لەسوریا ئەنجامدرا، سەرەڕای دانپێدانان، بەڵام لەلایەن ئەمریکاو فەرەنسا وەک هەڵبژاردنێکی ڕووکەشی دەبیندرێت، چونکە هەریەک لەئەمریکاو فەڕەنسا لەیەککاتدا لەگەڵ حکومەتەکەی شەرع‌و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەپەیوەندییەکی توندوتۆڵدان، کە ناوچەکانی حەسەکەو ڕەققەیان لەژێر دەستدایە، هەرچی ئیسرائیلیشە بەهۆی ئەو پەیوەندییە ستراتیژییەی لەگەڵ دروزەکان هەیەتی، بوار بەحکومەتی سوریا نادات لێکەوتەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەسەر دروزەکان جێبەجێبکات.

بەڕوونی دەردەکەوێت، ئەم هەڵبژاردنە تەنها بۆ شەرعیەتدانێکی ڕووکەشیبوو بەئەحمەد شەرع، تا بتوانێت پێگەو دەسەڵاتی خۆی لەپایتەخت قایمبکات، ئەگەرنا هیچ شوێنەوارێکی ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان‌و ئیدارەی خۆجێی دروزەکان لەسوەیدا جێبەجێناکرێت.

کورسییە هەڵنەبژێدراوەکان چۆن دەستنیشانکراون؟

لەئاداری 2025دا دەستەڵاتەکەی شەرع، ڕاگەیاندراوێکی بەناوی "ڕاگەیاندنی دەستووری سوریا" بڵاوکردەوە، کە تێیدا ڕێوشوێنی نووسینەوەی دەستوورو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی بەباڵای دەستەڵاتەکەی شەرعدا دووری، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش هەڵبژاردنی 5ی ئۆکتۆبەری 2025 ئەنجامدراو دەستەڵاتێکی بێ چەندوچوونی بەخشییە شەرع‌و بەڕوونی مافی پێکهاتەکانی سوریای پێشێلکرد.

ئەو لیژنەیەی کە خودی شەرع دامەیزراندبوو، کورسی پارێزگاکانی سوریای بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەستنیشانکرد، بەمەش هەردوو پارێزگای حەسەکەو ڕەققە، کە دەکەوێتە ژێر قەڵەمڕەوی ئەنجومەنی خۆسەری ڕۆژئاوا کوردستان، تەنها 16کورسییان بۆ دانراوە کە دەکاتە 7.6 لەسەدی کورسییەکانی ئەنجومەنی گەلی سوریا، پارێزگای سوەیداش تەنها سێ کورسی بۆ دانراوە، کە دەکاتە 1.4 کورسییەکان.

داهاتووی سوریا بەرەو کوێ؟

دەستەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع، بەهۆی لاوازیی‌و وابەستەیی بۆ خواستەکانی تورکیا، ڕۆژ بەڕۆژ قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە، ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنەش قەیرانەکانی زیاتر قوڵکردوەتەوە، بەهۆی ئەوەی تاکلایەنانە بڕیاری هەڵبژاردنیداو بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای ڕاستەقینەی هاوڵاتیانی سوریا هەڵبژاردنێکی ڕووکەشی ئەنجامدا، لەلایەکی تریشەوە کێشەکانی لەگەڵ خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان‌و پارێزگای سوەیدا ڕۆژ بەڕۆژ هەڵدەکشێ‌و مەترسی پێکدادان زیاتر دەبێت.

  • تورکیا بە هێنانی ٢٠ هەزار ئیخوان لە حەلەبەوە هەڕەشە لە سوریای داهاتوو دەکات

  • مەزڵوم کۆبانێ، مێزەکەی ئەحمەد شەرعی قڵپکردەوە

  • سه‌ربارى ڕێكه‌وتن‌و ئاگربه‌ست گروپه‌ سوریه‌كانى سه‌ر به‌توركیا گه‌مارۆى سه‌ر كوردیان نه‌شكاندوه‌و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌ئارادایه‌

  • لە كورەى تەمموزەوە بۆ هاوبەشیى روسیاو ڤیتۆى ئەمریكا

  • هەڵبژاردن لەكوردستان..غیابى سەركردەكان و بانگەشەیەكى شەرمن

  • ئێران لەسودان چی دەکات؟

  • لەسەر کورد؛ نوێنەرەکەی ترەمپ خۆی گەیاندە لای ئەحمەد شەرع

  • ئەمڕۆ یان سبەینێ دەمیرتاش ئازاد ده‌کرێت

  • له‌كۆشكه‌كه‌ى شه‌رعدا مه‌زڵوم عه‌بدى كارتێكى به‌هێزى به‌كارهێنا

سەرەکی