2025-10-04 6092 جار خوێنراوەتەوە

هه‌ڵبژاردنه‌ 60 ساڵیه‌كه‌و چیرۆكى دانانى 70 په‌رله‌مانتار به‌بێ هه‌ڵبژاردن چییه‌؟

بۆ یەکەمجار لەماوەی شەش دەیەدا، گەلی سووریا مافی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان لەئەنجوومەنی گەل (په‌رله‌مان)دا دەبێت، بەڵام هەڵبژاردن لەو ناوچانە ناکرێت کە دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە'و پارێزگای سوەیدای دروزه‌كانیش.

ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی سووریا دەستیانپێکردووە، ىڕیاروایه‌ سبەینێ 5ى 10ى 2025، یەکەم پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا بکرێت، ژمارەی کورسییەکانى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ 210 کورسیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بوه‌ته‌ جێگه‌ى باسى چاودێران‌و میدیاكان‌و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، 70 ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌بێ چونه‌ كێبڕكێوه‌، لەلایەن ئەحمەد شەرع سه‌رۆكى سوریاوه‌ دیاریدەکرێن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ محەممەد وەلید ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردەنەکانی سووریا، بەكه‌ناڵى جەزیرەی قەتەری وتوه‌، "لیژنە لاوەکییەکان کار لەسەر پێکهێنانی دەستەی دەنگدەران دەکەن کە گوزارشت لەهەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای سووریا بکات".

لیژنەی باڵای هەڵبژاردن دەرگای بەڕووی چاودێری نێودەوڵەتی‌و ڕێکخراوە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەکاندا کردووەتەوە، ئەمەش بۆ "شەفافیەت‌و بێلایەنی زیاتر"و دڵنیاییدان لە"هەڵبژاردنێکی ئازادو بێلایەن".

فەرمانێكى سەرۆکایەتی سوریا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، له‌ 70%ی دەستەی دەنگدەران لەکەسانی پسپۆڕو 30%یش لەکەسایەتییە دیارەکان پێکدێن، لیژنەکە وردبینی لەلیستە سەرەتاییەکانی 50 بازنەی هەڵبژاردن لە11 پارێزگا دەکات.

ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا بەفەرمانی ژمارە 66ی ساڵی 2025 بڕیاری پێکهێنانی "لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی"دا، بەپشتبەستن بەماددەی 24ی جاڕنامەی دەستووری، ماوەی ئەندامێتی ئەنجوومەنەکەش 30 مانگ دەبێت‌و دەکرێت نوێبکرێتەوە.

ئەو ئەنجوومەنە ئەرکەکانی وەک پێشنیازکردن‌و پەسەندکردنی یاساکان، هەموارکردن یان هەڵوەشاندنەوەی یاسا کۆنەکان، پەسەندکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، پەسەندکردنی بودجەی گشتی‌و لێبووردنی گشتی لەئەستۆ دەگرێت.

بەوتەی محەممەد وەلید، "سوریا لەقۆناغی گواستنەوەدایەو نەبوونی دەسەڵاتی یاسادانان ڕێگربووە لەچاکسازیی یاسایی، ئەنجوومەنی داهاتووش چاوەڕواندەکرێت شۆڕشێکی یاسادانان ئەنجامبدات بۆ چارەسەرکردنی یاساکانی سیستەمی پێشوو کە بۆ بەرژەوەندی تەسک دانرابوون، بۆ ئەمەش، 70%ی ئەندامان لەپسپۆڕان دەبن بۆ دڵنیابوون لەکارایی یاسادانان".

سەرکردایەتی سووریا لەسەرەتای "ڕزگاریدا" پشتی بەناچاری واقیعی‌و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەست، دوای کۆنفرانسی "ڕاگەیاندنی سەرکەوتن"و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی پێشوو، کۆنفرانسی گفتوگۆی نیشتمانی بووە هۆی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی جاڕنامەی دەستووری.

بەپێی جاڕنامەکە، دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل لەڕێگەی دەستەی دەنگدەرانەوە هەڵدەبژێردرێن، بەپێچەوانەی ڕابردوو کە سەرۆک کۆمار دایدەنان.

ئەنجوومەنی نوێ لە 210 ئەندام پێکدێت، 140یان لەڕێگەی لیژنە لاوەکییەکان‌و دەستەی دەنگدەرانەوە هەڵدەبژێردرێن، ئەمەش پێویستی بەنزیکەی 17 مەرج هەیە لەئەندامانی لیژنەکاندا، وەک شارەزایی، نەبوونی ناکۆکی‌و هەڵبژاردن بە"دابەشکاری کۆمەڵایەتی"، پاشان لەقۆناغی دووەمدا، هەڵبژاردنی ئازادو ڕاستەوخۆو نهێنی لەناو هەر بازنەیەکدا بەڕێوەدەچێت، لیژنەی باڵا سەرپەرشتیدەکات‌و سەندیکای پارێزەران‌و شاندە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی چاودێریی دەبینن.

بەپێی جاڕنامەی دەستووری کاتی، هیچ ئەندامێک ناتوانرێت لەکار لاببرێت تەنها بەڕەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەن، ئەمەش سەربەخۆیی تەواوی ئەنجوومەن مسۆگەردەکات، ماوەی ئەندامێتی ئەنجوومەنی گەلیش 30 مانگ دەبێت‌و دەکرێت نوێبکرێتەوە.

چاودێران ئه‌وه‌ بەبەشێک لەقۆناغێکی گواستنەوەی چوار ساڵە ناوده‌به‌ن‌و جه‌ختیشده‌كه‌نه‌وه‌، ئەنجوومەنه‌كه‌ ڕۆڵێکی دامەزرێنەر دەبینێت لەڕێگەی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی دەستوورێکی هەمیشەیی کە "پێویستە بخرێتە ڕاپرسی گشتییەوە کاتێک بارودۆخی ئاسایش‌و جێگیری دەستەبەر دەبێت". دوای پەسەندکردنی، هەڵبژاردنە پەرلەمانی‌و خۆجێیی‌و سەرۆکایەتییەکان بەشێوەیەکی "ئازادو بێلایەن‌و ڕاستەوخۆ" ئەنجامدەدرێن.

  • تورکیا بە هێنانی ٢٠ هەزار ئیخوان لە حەلەبەوە هەڕەشە لە سوریای داهاتوو دەکات

  • مەزڵوم کۆبانێ، مێزەکەی ئەحمەد شەرعی قڵپکردەوە

  • سه‌ربارى ڕێكه‌وتن‌و ئاگربه‌ست گروپه‌ سوریه‌كانى سه‌ر به‌توركیا گه‌مارۆى سه‌ر كوردیان نه‌شكاندوه‌و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌ئارادایه‌

  • لە كورەى تەمموزەوە بۆ هاوبەشیى روسیاو ڤیتۆى ئەمریكا

  • هەڵبژاردن لەكوردستان..غیابى سەركردەكان و بانگەشەیەكى شەرمن

  • ئێران لەسودان چی دەکات؟

  • لەسەر کورد؛ نوێنەرەکەی ترەمپ خۆی گەیاندە لای ئەحمەد شەرع

  • ئەمڕۆ یان سبەینێ دەمیرتاش ئازاد ده‌کرێت

  • له‌كۆشكه‌كه‌ى شه‌رعدا مه‌زڵوم عه‌بدى كارتێكى به‌هێزى به‌كارهێنا

سەرەکی