فۆتۆ: یەكێك لە كۆبونەوەكانى چوارچێوەى هەماهەنگیى شیعەكان.
2025-10-04
7263 جار خوێنراوەتەوە
ناكۆكییەكانى شیعە پێكهێنانى حكومەتى داهاتو قورس دەكات
پوختە
لەگەڵ تەواوبونی هەر پرۆسەی هەڵبژاردنێك لە عێراق، تەحەدداکە لە سندوقی دەنگدان ناوەستێت، بەڵکو قۆناغێکی هەستیارتر دەستپێدەکات؛ كە ئەویش پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانە. ئەزمونی عێراق لە ساڵی 2003ەوە دەریخستوە زۆرجار ئەم قۆناغە؛ لە خودی ڕۆژی هەڵبژاردن ئاڵۆزترە، ئەمەش بەهۆی تێکەڵبونی بەرژەوەندی حزبی و تائیفی و نەبونی میکانیزمی یەکلاکەرەوە بۆ تەوافوق.
ئەزمونی پێشوى وڵاتەكە؛ ئەوەمان پێدەڵێت کە دوبەرەکی لەناو کۆمەڵگەی سیاسی شیعەدا دیارترین هۆکار بوە بۆ بەربەست خستنە سەر پێکهێنانی حکومەتەکان و دروستکردنی بۆشایی دەستوریی کە بۆ چەند مانگێک درێژەی کێشاوەو بۆتە هۆی ئیفلیجی سیاسی؛ کە کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئابوری هەبوە.
بۆچى پێكهێنانى حكومەتى داهاتوى عێراق قورس دەبێت؟
ئەسیر ئەلشەرع توێژەری کاروباری سیاسی، لە لێدوانێكى دا بۆ پێگەى "بەغداد ئەلیەوم" دوپاتیکردەوە؛ دابەشبون لە نێوان لایەنە سیاسییە شیعەکاندا دەبێتە ڕێگر لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ و پێکهێنانی حکومەتی نوێ. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، وڵات دەچێتە قۆناغێکی ترەوە کە گرنگییەكەى لە خودی ڕۆژی هەڵبژاردن؛ كەمتر نییە، ئەویش پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانە. ئەم قۆناغە زۆرجار ئاڵۆزترە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو دابەشبونانەی لە نێوان هێزە سیاسییە شیعييەکاندا هەن.
هاوكات بەپێى راى پسپۆڕان و یاساناسان، دەستوری عێراق هێڵێکی کاتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دادەنێت، بەڵام نەبونی کۆدەنگیی لە نێوان هێزە باڵادەستەکاندا، ڕێگریی لە جێبەجێکردنی دەکات و زاراوە یاساییەکان دەکاتە تەنها نیشاندەرێكی فەرمی و هیچ کاریگەرییەکی پراکتیکییان نییە.
لە بەردەوامبونى ململانێكانى نێو ماڵى شیعەدا، چى رودەدات؟
ئەلشەرع لە درێژەى لێدوانەكەى دا ئەوەى رونكردەوە كە بەردەوامیی ناکۆکییەکانی ناو دامەزراوەی سیاسی شیعە لەسەر میکانیزمی کاندیدکردنی سەرۆکوەزیران و دابەشکردنی پۆستە سەروەرییەکان، وڵاتەکە بەرەوڕوی ئاستەنگیی سیاسیی جیددی دەكاتەوە، هاوكات هەڕەشەی دواخستنی پێکهێنانی حکومەت و دروستکردنی دۆخی چەقبەستویی سیاسی دروستدەکات کە ڕەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی ئەمنی و ئابوری هەبێت.
لەلایەكى ترەوە ئەزمونە بەراوردکارییەکان نیشانى دەدەن کە دواخستنی پێکهێنانی حکومەت تەنها لە تێکدانی دیمەنی سیاسیى دا سنوردار نییە؛ بەڵكو درێژدەبێتەوە بۆ تێکدانی بڕیارە ئابورییەکان و مەترسیدارکردنی سەقامگیریی ئەمنی لە وڵات دا.
تا چەندە نەبونى یەكدەنگیى شیعە، متمانە بە پرۆسەى سیاسى لاوازدەكات؟
سەبارەت بە وەڵامى ئەو پرسیارە، ئەسیر ئەلشەرع پێیوایە شتێكى رون و ئاشكرایە کە نەبونی یەکدەنگیی لە نێوان لایەنە كاریگەرە شیعییەكان و بەرزبونەوەو پەرەسەندنی لێدوانە توندەكان لە دژى یەكدى، ڕەنگدانەوەی نەبونی دیدێکی هاوبەشی نیشتمانی و ئەولەویەتى دانانی بەرژەوەندی كوتلەو باڵەكانە؛ بەسەر بەرژەوەندی گشتیى دا. ئەمەش متمانەی گشتی بە تەواوی پرۆسەی سیاسی تێکدەدات، هاوكات كۆى گشتى ئەو تێبینییانەى لەنێو ناوەندە سیاسییەكانى شیعەدا هەستى پێدەكرێت ئەوەیە كە پەرەسەندنی پێشهاتەكان ئاماژە بە دابەشبونی پێکهاتەیی لە دیدگا و پرۆگرامى سەرجەمیان دەكات، ئەمەش وایکردوە پرۆسەی دانوستان لەسەر حکومەتێک زیاتر لە شەڕی شکاندنی ئیرادە بچێت؛ نەک پرۆسەیەکی ئاسایی دیموکراسی.
هەر بە گوێرەى وتەكانى ئەلشەرع، نابێت سیناریۆکانی بەربەستی پێشو کە بوە هۆی بۆشایی دەستوریی و قەیرانە بەردەوامەکان، سەرلەنوێ دوبارە بکرێنەوە. خەڵک کە لە سندوقی دەنگدان ئیرادەی خۆیان دەربڕی، چاوەڕێی حکومەتێکی بەهێز و سەربەخۆن کە توانای ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی هەبێت، نەک حکومەتێکی پشک پشكێنەو هاوپەیمانێتى بەرژەوەندیخواز.
هاوكات، شرۆڤە سیاسییەکان باس لەوە دەکەن کە دورکەوتنەوە لە دوبارەبونەوەی سیناریۆکانی پێشو پێویستی بە ئیرادەیەکی دەستەجەمعی هەیە کە ڕەچاوکردنی حزبایەتی تێپەڕێنێت، چونکە هەر شکستهێنانێک لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزدا؛ هەمان قەیران بەرهەم دەهێنێتەوەو متمانەی هاوڵاتییان بە پرۆسەی سیاسی ناهێڵێت.
-
تورکیا بە هێنانی ٢٠ هەزار ئیخوان لە حەلەبەوە هەڕەشە لە سوریای داهاتوو دەکات
|
-
مەزڵوم کۆبانێ، مێزەکەی ئەحمەد شەرعی قڵپکردەوە
|
-
سهربارى ڕێكهوتنو ئاگربهست گروپه سوریهكانى سهر بهتوركیا گهمارۆى سهر كوردیان نهشكاندوهو مهترسییهكى گهوره لهئارادایه
|
-
لە كورەى تەمموزەوە بۆ هاوبەشیى روسیاو ڤیتۆى ئەمریكا
|
-
هەڵبژاردن لەكوردستان..غیابى سەركردەكان و بانگەشەیەكى شەرمن
|
-
|
-
لەسەر کورد؛ نوێنەرەکەی ترەمپ خۆی گەیاندە لای ئەحمەد شەرع
|
-
ئەمڕۆ یان سبەینێ دەمیرتاش ئازاد دهکرێت
|
-
لهكۆشكهكهى شهرعدا مهزڵوم عهبدى كارتێكى بههێزى بهكارهێنا
|
|
|