2025-10-02 7372 جار خوێنراوەتەوە

جەنگە گەورەكە..گردبونەوەى چڕى ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست

 

لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردودا، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست شاهێدى چەند ئاماژەیەكى سەربازیى مەترسیدار بوە، کە پێشنیاری قۆناغێکی نوێی پەرەسەندنى سیاسى و سەربازیى دەکەن.

ئەمریکا دەیان فڕۆکەی بەرزکەرەوەی بۆ بنکەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ زیاتر لە 24 فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتو و فڕۆکەهەڵگری جێگیر کردوە، ئەمەش لە هەنگاوێکی سەربازیی ڕوندایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەکاریی بۆ هەر ئەگەرێك.

هاوکات حوسییەکان کۆتایی هاتنی ئاگربەستی لەگەڵ واشنتۆن و گەڕانەوەیان بۆ بەئامانجگرتنى کەشتییەكانى دەریای سور ڕاگەیاند، لەلایەكى ترەوە حزبوڵاى لوبنانى ڕەتکردنەوەی چەکداماڵینی خۆی دوپاتکردەوەو ئامادەیی خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوە نەشاردەوە.

سەبارەت بە پرسی ئێران، ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاشکرایانکردوە کە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی وڵاتەکە گەیشتۆتە ئاستێک کە لە ڕوی تیۆرییەوە بەسە بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر لە دوازدە بۆمبی ئەتۆميی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکانی ڕێککەوتنی چەکى پێشكەوتوى ڕوسیا لەگەڵ ئێران لەئارادایە.

جوڵەى تەمومژاویى و گوماناویى ئەمریكا لە ناوچەكە چی دەگەیەنێت؟

هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەنگاوە، ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكان جوڵەی زیاتر لە 24 فڕۆکەی جەنگی ئەمریکییان بەرەو ناوچەکە پشتڕاستکردەوە، لەنێویاندا مۆدێلە پێشکەوتوەکانی وەک F-22 و F-35، ئەم پێشهاتانە واقیعێکی نوێ بەهێز دەکات کە پێی دەوترێت "زیادبونی بارستەی ئاگر" بۆ دڵنیابون لە ڕێگریکردن و دانانی یاسای توندتری بەشداریکردن.

بە وتەی شارەزایانی سەربازی، هێنانەکایەی ئەم سیستمانە ڕەنگدانەوەی بڕیارێکی ئەمریکایە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئەولەویەتی سەرەکی لە حیساباتی ستراتیژیى خۆى دا.

یەمەن

پێشهاتێکی دیکەی بە هەمان شێوە مەترسیدار ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی ئاگربەست بو لەلایەن حوسییەکانەوە لەگەڵ ئەمریکا؛ دوای ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئامانجکردنی کەشتیی هۆڵەندی مینەرڤاگرات بە موشەکی کروز لە کەنداوی عەدەن گرتە ئەستۆ.  ئەو ئۆپەراسیۆنە کە لە ئەنجامدا زیانى ماددى و گیانی لێکەوتەوە، وەک پەیامێکی ڕاستەوخۆی نوێبونەوەی پەرەسەندنی دەریایی سەیر دەکرا، دواتر ئەو گروپە سەپاندنی گەمارۆی ڕەمزی بەسەر کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکاندا ڕاگەیاند، ئەمەش ئاماژەیە بۆ خواستێک بۆ فراوانکردنی ڕوبەڕوبونەوەکە بۆ ئەوەی ڕەهەندی ئابوریش بگرێتەوە. ئەم ڕێڕەوی کارکردنە هەڕەشە لە ئاسایشی هێڵەکانی کەشتیوانی دەکات و دەرگایەکی نوێ بەڕوی ململانێدا دەکاتەوە؛ کە دەتوانێت تێچوی بیمەی دەریایی بەرز بکاتەوەو مەترسی لەسەر ڕەوتی بازرگانی جیهانی دروست بکات.

لوبنان

لە لوبنان، حزبوڵا ڕەتکردنەوەی هەر باسێکی چەکداماڵینی دوپاتکردەوەو جەختی لەوەكردۆتەوە کە پابەندە بە هاوکێشەی "رێگریکردن بەرانبەر بە ڕێگریکردن". لێدوانەکانی بەرپرسانى ئەو حزبە لە کاتێکدایە کە بازنەکانی حکومەت تاوتوێی پلانەکانی رادەستكردنى چەكى حزبوڵا بە دەوڵەت دەکەن، بەڵام بەبێ وردەکاریی و گەرەنتی دان بە ئەندامانى ئەو حزبە. ئەم نایەکسانییە ڕەنگدانەوەی دۆخێكی لەبەریەكهەڵوەشاوى ناوخۆیيە و دەرگا بەڕوی ئەگەری پەرەسەندندا دەکاتەوە؛ بەتایبەت ئەگەر فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بن.

عێراق

لەناو ئەم کەشوهەوایەدا، تویتێک کە لەلایەن سەرکردەیەکی هێزەکانی حەشدى شەعبییەوە بڵاوکرایەوە، مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا؛ پێش ئەوەی دوای ماوەیەکی کەم بسڕدرێتەوە. لە تویتەکەدا باس لەوەکراوە کە رێنمایی ڕاستەوخۆ لە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران وەرگیراوە بۆ ئەوەی لە خاکی عێراقەوە دژی ئیسرائیل جوڵە دەستپێبكرێت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەرەی عێراق بۆتە بەشێک لە هاوکێشەی وەڵامدانەوەی ناوچەیی.

هاوكات سەرەڕای سڕینەوەی خێراى تویتەكە، بەڵام بڵاوبونەوەی بەربڵاوی ناوەڕۆکەکەى لە سۆشیال میدیا، ئەو باوەڕەی بەهێزتر کرد کە فشاری ڕاستەوخۆ لەسەر گروپە چەكدارەكان هەیە بۆ ئەوەی بچنە ناو گۆڕەپانی ڕوبەڕوبونەوەى ئیسرائیل و ئەمریكا. چاودێران ئەمەیان بە ئاماژەیەک بۆ زیادبونی هەماهەنگی نێوان ئێران و میلیشیاكان زانی، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق هەوڵدەدات خۆی لە ڕاگەیاندنێکی فەرمی بەدوربگرێت کە بتوانێت بەغدا بخاتە ڕوبەڕوبونەوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ واشنتۆن و تەلئەبیب.

ئێران

سەبارەت بە ئێران، ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پشتڕاستی دەکەنەوە کە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە ڕێژەی 60% گەیشتۆتە نزیکەی 440 کیلۆگرام، کە لە ڕوی تیۆرییەوە بەسە بۆ دروستکردنی تا 12 بۆمبی ئەتۆمی ئەگەر پیتاندنی بۆ 90% زیاد بکرێت. ئەم ژمارەیە گوزارشت لە جددیەتی دۆخەکە دەکات و ناوچەکە دەخاتە بەردەم هاوکێشەیەکی ناسکەوە: هەر خێرابونێک لە پیتاندندا دەتوانێت بە مانای نزیکبونەوە لە تێپەڕاندنى ئاستەنگی ئەتۆمی بێت بۆ ئێران لە ماوەیەكی زۆر کورتدا.  جگە لەوەش ئێران لە سەرەتای ئەمساڵدا کڕینی فڕۆکەی جەنگی "سو-35"ی ڕوسیای ڕاگەیاند، لە کاتێکدا ئەو هەواڵانە باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوی وەک "ئێس-400"یش وەربگرێت. لەلایەكى ترەوە، هەرچەندە ئەم ڕاپۆرتانە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام نیگەرانی زیاتر لە توانای تاران بۆ پاراستنی بەرنامە ئەتۆمی و شوێنە ستراتیژییەکانی لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئەگەریی دەوروژێنن.

ئیسرائیل

لەلایەنی ئیسرائیلیشەوە، حکومەتەکەی بنیامین نەتانیاهۆ، پلانی ترەمپی پەسەند کرد بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە، کە بە هەنگاوێکی تاکتیکی دادەنرا بۆ دوبارە توندكردنەوەى پێگەی خۆی، بەڵام پێوەرە سیاسی و سەربازییەکان کە لە تەلئەبیبەوە دێن، دەڵێن ئەو هەنگاوە ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکە بەرەو تەرکیزکردن لەسەر ئێران و هاوپەیمانەکانی لە قۆناغی داهاتودا.

نەتانیاهۆ لە وتارەكەى دا لەنەتەوە یەکگرتوەکان بە ئاشکرا هەڕەشەی لەناوبردنی له سەرکردەکانی کوتلە عێراقییەکان کردبو، عێراقی بە شێوەیەکی چوارگۆشەیی لە دڵی ڕوبەڕوبونەوەی داهاتودا دانابو. ئەم پێشهاتە بەو مانایەیە کە هەر وەستانێکی کاتیی بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە غەززە؛ دەتوانێت دەرگایەک بکاتەوە بۆ هەڵکشانێکی فراوانتر بەرەو روى بەرەی ئێران، لەگەڵ ئەگەری پەرەسەندنی بۆ ناو عێراق، کە ببێتە بەشێک لە نەخشەی ڕاگەیاندراوی ئامانجەکانی ئیسرائیل.

ئەى دواتر چى دەبێت؟

بەم دیمەنە پێکەوەلکاوە، کاتژمێرەکانی داهاتو دەبنە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەی هاوکێشەی ڕێگریکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: فڕۆکە ئەمریکییەکان ئاسمانەکان پڕ دەکەنەوە، حوسییەکان دەست بە هەڵکشانی دەریایی دەکەنەوە، حزبوڵا هاوکێشەی چەکى چەسپاندوە، ئێرانیش لە بەربەستی ئەتۆمی نزیک دەبێتەوە، بەڵام دڕکەکە لە عێراقدا ماوەتەوە، کە هێڵى میلیشیاكان لەگەڵ حیساباتی حکومەتدا یەكناگرنەوەو هەر سیگناڵێک لە تاران یان تەلئەبیبەوە بێت؛ توانای پاڵنانی گۆڕەپانەکەى بۆ ناو ڕوبەڕوبونەوەى چەكداریى؛ بەجۆرێك دەبێت کە هیچ گەڕانەوەیەک لەخۆناگرێت.

 

  • تورکیا بە هێنانی ٢٠ هەزار ئیخوان لە حەلەبەوە هەڕەشە لە سوریای داهاتوو دەکات

  • مەزڵوم کۆبانێ، مێزەکەی ئەحمەد شەرعی قڵپکردەوە

  • سه‌ربارى ڕێكه‌وتن‌و ئاگربه‌ست گروپه‌ سوریه‌كانى سه‌ر به‌توركیا گه‌مارۆى سه‌ر كوردیان نه‌شكاندوه‌و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌ئارادایه‌

  • لە كورەى تەمموزەوە بۆ هاوبەشیى روسیاو ڤیتۆى ئەمریكا

  • هەڵبژاردن لەكوردستان..غیابى سەركردەكان و بانگەشەیەكى شەرمن

  • ئێران لەسودان چی دەکات؟

  • لەسەر کورد؛ نوێنەرەکەی ترەمپ خۆی گەیاندە لای ئەحمەد شەرع

  • ئەمڕۆ یان سبەینێ دەمیرتاش ئازاد ده‌کرێت

  • له‌كۆشكه‌كه‌ى شه‌رعدا مه‌زڵوم عه‌بدى كارتێكى به‌هێزى به‌كارهێنا

سەرەکی