2025-10-01 1852 جار خوێنراوەتەوە

ئه‌مریكا ته‌نگ به‌توركیا هه‌ڵده‌چنێت.. فیدان هاوارى لێ به‌رزبوه‌ته‌وه‌

هاکان فیدان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا ئاشكرایكردوه‌، سزاکانی کۆمپانیای CAATSAی ئەمریکا، کێشەیەکی گەورەمان بۆ دروستدەکات لەبەدەستهێنانی فڕۆکەی F-35و بزوێنەری فڕۆکەی KAAN.

هاکان فیدان وتویه‌تى، کۆنگرێسی ئەمریکا هەناردەکردنی بزوێنەری فڕۆکەی جەنگی نەوەی پێنجەمی تورکیای "KAAN"ی قەدەغەکردوەو داوای چارەسەرکردنی پرسی CAATSA لەگەڵ ئەمریکا دەکات.

فیدان لەبەیاننامەیه‌كى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەبێت پرسی CAATSA هەڵبگیرێت، ئەمریکاش دەبێت هەنگاوبنێت سەبارەت بەبزوێنەری F-35و KAAN، ئه‌مه‌ش بەهۆی سزاکان‌و نەبونی مۆڵەت، تورکیا ناتوانێت بزوێنەری فڕۆکەکانی کان لەئەمریکا وەربگرێت.

سزاکانی سەر تورکیە
لەساڵی 2019دا گرژیی‌و ئاڵۆزییەکان لەنێوان ئەنكەرەو واشنتۆن بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-400 لەڕوسیا لەلایەن تورکیاوە پەرەیسەند، سەرەڕای ئەوەی واشنتۆن چەندینجار هۆشداریی پێدرابوو کە ئەو ڕێککەوتنە ئاسایشی تەکنەلۆژیای سەربازی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە، چونكه‌ ده‌بێته‌ دابینکردنی بودجەیەکی بەرچاو بۆ کەرتی بەرگریی ڕوسیا، به‌ڵام توركیا گوێى نه‌گرت‌و ڕێكه‌وتنى كردو پاره‌یداو سیستمه‌كه‌ى له‌ڕوسیا كڕیى.

ئەمەش وایکرد، ئەمریکا لەمانگی کانوونی دووەمی 2020 بەپێی یاسای CAATSA سزا بەسەر ئەنكەرەدا بسەپێنێت، ئەمەش یەکەمجار بوو سزاکانی CAATSA بەسەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆدا بسەپێندرێت.

سزاکان لەسەر بنەمای یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمریکا لەڕێگەی گەمارۆکان (CAATSA)وەیە کە لەساڵی 2017 لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە پەسەندکراو سزاکان بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپێندراون کە "مامەڵەی بەرچاو" لەگەڵ کەرتی بەرگری ڕووسیا ئەنجامدەدەن، توركیاش یه‌كێكه‌ له‌وانه‌.

ئەو سزایانە بریتین لەقەدەغەکردنی پێدانی مۆڵەتی هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ پیشەسازی بەرگریی تورکیا، قەدەغەکردنی گواستنەوەی هەر کاڵاو تەکنەلۆژیایەک، قەدەغەکردنی قەرز لەدامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا، قەدەغەکردنی هەر جۆرە پاڵپشتییەک لەلایەن بانکی هەناردە- هاوردەکردنی ئەمریکاوە، هەروەها ئەم ڕێککەوتنە بووە هۆی ئەوەی تورکیا لەبەرنامەی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 دووربخرێتەوە.

هەروەها سزاکان سەرۆکایەتی پیشەسازییەکانی بەرگریی تورکیاو بەشێک لەبەرپرسانی تورکیا لەنێویاندا ئیسماعیل دەمیر سەرۆکی پێشووی دامەزراوەی پیشەسازییەکانی بەرگریی تورکیاشى لەخۆگرتبوو.

کاریگەریی سزاکان
گەمارۆکانی ڕێکخراوی (CAATSA) کاریگەرییەکی قووڵتری لەسەر کەرتی بەرگریی‌و ئابووری تورکیا هەبووە لەوەی کە لەسەرەتادا پێشبینیدەکرا. لەڕاپۆرتێکی کۆمپانیای لۆکهید مارتن لەمانگی یەکى ئه‌مساڵ ئاشکرایکرد، سزاکان بەتوندی کارەکانی لەتورکیا پەکخستووە، بەتایبەتی بەرنامەی هێلیکۆپتەری تورکیا کە ئامانجی بەرهەمهێنانی 109 هێلیکۆپتەرە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی‌و 109 هێلیکۆپتەری دیکە بۆ هەناردەکردن، کە بەهای کۆی گشتیی بەیەک ملیارو 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

کۆمپانیاکە ڕوونیشیکردەوە، سزاکان نەیانتوانیوە مۆڵەتی پێویستی هەناردەکردن بەدەستبهێنێت بۆ بەردەوامبوون لەکارکردن لەسەر پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلیکۆپتەری تی 70 بەهاوکاریی لەگەڵ پیشەسازیی ئاسمانی تورکیاو هاوبەشە ناوخۆییەکانی دیکەی وەک ئەسیلسان.

هەروەها قەدەغەکردنی مۆڵەتی دووبارە هەناردەکردن لەتورکیاوە بۆ وڵاتانی سێیەم کاریگەری لەسەر 35%ی هەناردەکردنی پیشەسازی بەرگریی تورکیا هەبوو، گرێبەستە گەورەکانی هەناردەکردن، وەک گرێبەستێکی 1.5 ملیار دۆلاری لەگەڵ پاکستان بۆ دابینکردنی 30 هێلیکۆپتەری T129، بەهۆی نەتوانینی کۆمپانیای هانیوێڵ بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی هەناردەکردنی بزوێنەرەکان، پەککەوتن.

ئەو تەحەددایانەی کە بەربەستن لەهەوڵەکانی تورکیا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی CAATSA تەنها لەڕەچاوکردنی یاسایی لەناو واشنتۆندا سنووردارنین، به‌ڵكو درێژدەبنەوە بۆ فشارەکانی هاوپەیمانە ناوچەییەکان - دیارترینیان ئیسرائیل - کە ترسیان لەکاردانەوەی دووبارە تێکەڵبوونەوەی تورکیا لەبەرنامە پێشکەوتووەکانی چەکی ئەمریکادا هەیە، بەتایبەتی ڕێککەوتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف-35.

  • تورکیا بە هێنانی ٢٠ هەزار ئیخوان لە حەلەبەوە هەڕەشە لە سوریای داهاتوو دەکات

  • مەزڵوم کۆبانێ، مێزەکەی ئەحمەد شەرعی قڵپکردەوە

  • سه‌ربارى ڕێكه‌وتن‌و ئاگربه‌ست گروپه‌ سوریه‌كانى سه‌ر به‌توركیا گه‌مارۆى سه‌ر كوردیان نه‌شكاندوه‌و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌ئارادایه‌

  • لە كورەى تەمموزەوە بۆ هاوبەشیى روسیاو ڤیتۆى ئەمریكا

  • هەڵبژاردن لەكوردستان..غیابى سەركردەكان و بانگەشەیەكى شەرمن

  • ئێران لەسودان چی دەکات؟

  • لەسەر کورد؛ نوێنەرەکەی ترەمپ خۆی گەیاندە لای ئەحمەد شەرع

  • ئەمڕۆ یان سبەینێ دەمیرتاش ئازاد ده‌کرێت

  • له‌كۆشكه‌كه‌ى شه‌رعدا مه‌زڵوم عه‌بدى كارتێكى به‌هێزى به‌كارهێنا

سەرەکی