2025-09-30
7413 جار خوێنراوەتەوە
بێموچەیى..هێشتا بازاڕەكانى هەرێم لە ژورى چاودێریى چڕدان
پوختە
ساڵانێكى زۆرە هەرێمی کوردستان بەهۆى سیاسەتى چەوتى حكومەتەكەیەوە بەدەست قەیرانێکی ئابوریی دامرکێنەرەوە دەناڵێنێت. موچە بۆتە خاڵى سەرەكى لە ململانێی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم، هاوكات دواكەوتنیشى بۆتە قەیرانێک کە کاریگەرییەکانی بۆ هەمو کەرتێکی ئابوریی درێژبۆتەوە. لەناو ئەم ناکۆکییەدا، هەرێم بەدەست پاشەکشەیەکی توندی سەوداو مامەڵە لە بازاڕەکانى دا دەناڵێنێت، ئەمە سەرەڕاى دابەزینی خەرجییە ناوخۆییەکان و سڕبونى چالاکییەکانی ئەو کەرتانە کە سەردەمانێک پایەی ئابوریی کۆمەڵگەى كوردییان پێکدەهێنا.
بوژاندنەوەى بازاڕەكان لە دۆخێکی وەهادا تەنها بە گەڕاندنەوەی موچە بەس نییە؛ بەڵكو دەبێت متمانەی ئابوریی و توانای کڕینی هاوڵاتییان بگەڕێتەوە، ئەمەش وا دەکات ئەوەی ئەمڕۆ شارەزایانی ئابوریی دەیڵێن، هەنگاوێكى نائومێدانەیەو عەقڵیەتى سیاسییە كوردەكانیش لەگەڵ هیچ مەترسییەكى دۆخى نێو بازاڕدا یەكانگیر نابێت و وەك پیشەى بەردەوامیان سەبارەت بە هەمو كایەیەكى ژیان هەر بێباك بون.
بازاڕەكانى هەرێم پێویستیان بە چەند مانگ هەیە بۆ بوژانەوە؟
عوسمان کەریم شارەزای بواری ئابوریی لەلێدوانێكى رۆژنامەوانیى دا ئاماژە بەوەدەدات كە بازاڕەکانی هەرێم لە ڕوی کلینیکییەوە مردون و لانیکەم پێویستی بە شەش مانگ دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بچنەوە دۆخى جاران و هەمو کەرتەکانیش بگەڕێنەوە بۆ ئاستی پێش قەیرانەکان.
ئەم دەستنیشانکردنەى ناوبراو ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە کاریگەرییەکە قوڵەو پاشەکشەی ئێستا تەنها بە دابەزینی فرۆش سنوردار نییە؛ بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ وەستاندنی دارایی ناوخۆیی، بەپێی لێکدانەوە زانستییەكان.
كەریم ئاماژەی بەوەشکردوە كە چەند كەرتێك هەن بەتەواوی ئیفلیج بون، وەکو بازاڕەكانی خانوبەرە، زێڕ، ئۆتۆمبێل، ئامێرە کارەباییەکان، و مەڕ و ئاژەڵ، ئەم کەرتانە پێویستیان بە موچەی ئاسایی فەرمانبەران هەیە بۆ ئەوەى لەماوەى شەش مانگ دا بێنەوە سەر دۆخى خۆیان.
ئەم زانیارییانە ئەوە دەردەخات کە زیانەکان تەنها لە کەرتە تایبەتەکاندا سنوردار نین، بەڵکو زیاتر تۆڕێکی ئابوریی بەیەکەوە گرێدراون کە پشت بە توانای کڕینی هاوڵاتییان دەبەستێت. لەبەرئەوە ئەزمونی بەراوردکاری دەریدەخات ئەو ئابورییە ناوچەییانەی کە توشی دواکەوتنی موچەی هاوشێوە بون، دەچنە ناو پاشەکشەیەکەوە کە سێ بۆ شەش مانگی دەوێت تا چاکببنەوە.
قۆناغەكانى ئاسایى بونەوەى بازاڕەكانى هەرێم چین؟
سەبارەت بە ئاسایى بونەوەى بازاڕەكانى هەرێم، ئەو شارەزایەى بوارى ئابوریى پێیوایە، هەنگاوی یەکەم بۆ هەر فەرمانبەرێک لە کوردستاندا ئەوە دەبێت کە قەرزەکانی بداتەوە، پاشان پێداویستییە سەرەتاییەکانی دابین بکات، هاوكات دوای گەیشتن بە سەقامگیریی دارایی، ئینجا دەتوانن بچنە سەر پێداویستییە لوکسەکانی دیکە.
ئەم لێدوانە وەک نەخشەڕێگایەکی کۆمەڵایەتی بۆ فەرمانبەران كە لە ئێستادا ئەزمونی دەکەن کاردەکات، چونكە قەیرانەکە تەنها بە نەبونی نەختینەیی سنوردار نییە، بەڵکو بە ئەولەویەتدانە بە پێداویسییە گرنگەكانى ژیانى رۆژانە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەرئەنجامەکان لەلایەنی داراییەوە درێژدەبنەوە بۆ لایەنی دەرونی و کۆمەڵایەتی. لەلایەكى ترەوە؛ شارەزایانی دامەزراوەیی ئەوە روندەكەنەوە کە ئەم شێوازەی خۆپارێزیی زۆرەملێ؛ نایەکسانی کۆمەڵایەتی قوڵتر دەکاتەوەو هەڕەشەی لاوازبونی خواست لە بازاڕەکاندا دەکات.
كاریگەرییە مادییەكان لە چى دا بەرجەستە دەبن؟
کاریگەرییە مادییەکان لەوەدا بەرجەستە دەبن کە موچەی هەڵپەسێردراو ڕێگریی دەکات لە بەشداریکردنی هاوڵاتییان لە سوڕی ئابوریدا، ئەمەش دەبێتە هۆی قەیرانی نەختینەیی لە کەرتی بازرگانی و خزمەتگوزاریى دا. دواتر پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین كە ئاستی کرێی خانو بەهۆی لاوازیی خواستەوە لە دابەزیندایە و خواست لەسەر کاڵای كەشخە بە کردەوە نامێنێت، و پاشان گلەیی دواکەوتنی قەرزی بانکیی و قەرزی تاكه کەسيی بڵاودەبێتەوە، ئەمەش نزیکە لە دیاردەی کەڵەکەبونی پابەندبون لەناو چینی ناوەڕاستدا.
خەمڵاندنی توێژینەوە سەربەخۆکان ئاماژە بەوەدەکەن؛ بەهۆی ئەم ئیفلیجییەی چالاکییە داراییەکانەوە، ئابوری ناوخۆیی نزیکەی 1 بۆ 2%ی بەرهەمی ناوخۆیی لە هەرێم لە مانگێکدا لەدەستدەدات، هەروەها ئاماژە بەوە دەکرێت کە پەککەوتنی ئەو کەرتانە بۆتە هۆی دەرکردنی بەشێک لە کرێکارانی کارگە بچوک و مامناوەندەکان و بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاریی و زیادبونی فشار لەسەر تۆڕی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم برینە ئابورییە قوڵە، کەریم پێشنیاری خەرجکردنی موچەی بەردەوام و دوبارەبوەوە بۆ ماوەی لانیکەم شەش مانگ دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژی بوژانەوەی بەردەوام، بەڵام هاوكات جەخت لەوەشدەکاتەوە کە تەنها پێدانی موچە بەس نییە؛ بەڵكو دەبێت بە پلانێکی هاندان تەواو بکرێن کە هاندەری دوبارە پارەدارکردنەوە بێت وەک قەرزی بچوك و پشتگیریی کەرتی تایبەتی ناوخۆیی.
-
بەغدا لەبەرانبەر هەژمارى من كێشەى نەما و قبوڵى كرد
|
-
سۆمۆ: سێ مانگى تر رێككەوتنە سێقۆڵییەكە كۆتایى دێت
|
-
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیار لە موچەى هەرێم دەدات
|
-
دورگەیەكى بێ ئاو لەناو بازاڕى بیارە دروستدەكرێت
|
-
نهوتى ههرێم نهگبهتى بۆ كوردو خێرو بهرهكهت بۆ عێراق
|
-
هەرێم سەرقاڵى كۆككردنەوەى 120 ملیارى دیكەیە بۆ بەغدا
|
-
هاوردەى ئاردى توركى بۆ هەرێم و بەغدا كەمدەكات
|
-
حکومەتی هەرێم لیستی موچەی مانگی نۆی رادەستی بەغداد کرد
|
-
گەشتیارانى عەرەب بەلێشاو سەردانى ئەحمەد ئاوا دەكەن
|
|
|