2025-06-25
9939 جار خوێنراوەتەوە
چۆن مۆساد بۆ پرۆسەى شێرى هەڵكشاو گەیشتە تاران؟
پوختە
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە ڕاپۆرتێکى دا ئەوەى بڵاوكردۆتەوە كە ئیسرائیل لە ئامادەکاریی بۆ هێرشی "شێری هەڵکشاو" سیخوڕ و زیرەکی دەستکردی بەکاهێناوە.
بەرەبەیانی رۆژى یەكەمین وەشاندنى گورز كە رۆژى هەینى بو، ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاوی بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستپێکرد و شوێنە سەربازییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ناو ئێرانی کردە ئامانج.
لە هێرشەکەدا چەندین ژەنەراڵ و زانای ئەتۆمی کوژران و بەشێکی زۆر لە سیستمی بەرگری ئاسمانی و موشەکی ئێران لەکارکەوت.
ئەم هێرشە چۆن پلانی بۆ دانرا؟
ئاژانسی ناوبراو لە راپۆرتەكەى دا کە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگریی و سەربازیی ئێستا و پێشوی ئیسرائیل بڵاویکردۆتەوە، ئەوەى ئاشكراكردوە كە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى "شێری هەڵکشاو" ساڵانێکی زۆری خایاندوە.
بەرپرسی پێشوی بەشی توێژینەوەى دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)، لەلێدوانێكی دا بۆ میدیا جیهانییەكان رایگەیاند، ئەم هێرشە لوتکەی ساڵانێک کاری مۆساد بو بۆ بەئامانجگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
بەقاچاخ بردنى فڕۆکە بۆ ناو خاکی ئێران
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مۆساد بۆ ماوەی سێ ساڵ هاوکاری سوپای ئیسرائیلی کردوە بۆ دابینکردنی کەرەستەی سەرەتایی بۆ هێرشەکە و بە وتەی ئەفسەرێکی پێشوی هەواڵگریى ئیسرائیل؛ ئەم هێرشە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە بەدەستهاتوە کە ولاتەكەى لە دوای ئەو هێرشە ئاسمانییانەى کە ناوچەکانی ئێرانی کردە ئامانج لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردودا، بەتەواوى خاڵە لاوازەكانى بەرگری ئاسمانیی ئێرانی ئاشکراکردبو.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردوە کە بریکارەکانی مۆساد فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچوکیان بە قاچاخ بردوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکان بۆ ئەوەی لە دوری نزیکەوە ئامانجەکانیان لێبدەن.
بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد
ئەفسەرێکی هەواڵگری کە بەشدارە لە ناسینەوەی ئامانجەکان؛ باسی لەوە کردوە کە ئیسرائیل پشتی بە نوێترین تەکنۆلۆژیای هەواڵگریی دەستکرد بۆ شیکردنەوەی زانیاری و ڕێگریکردن لە پەیوەندییەکان و بەدواداچون بۆ جوڵەی سەرکردەکانی ئێران بەستوە.
ڕونیشیکردەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوەوە دەستیپێکردوە، دوای ئەوەی "بنیامین ناتانیاهۆ"ى سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل فەرمانی پلانی هێرشکردنە سەر ئێرانى داڕشتبو. هاوكات هەر لەو سەروبەندەدا؛ ئەفسەرێکی مۆساد ئەرکی ئامادەکردنی لیستی جەنەڕاڵ و فەرماندە سەربازییەکانی ئێرانی پێسپێردرابو، کە شوێنی کار و جموجۆڵ و کاتی بەتاڵیشیان لەنێو لیستەكەدا بە وردى بونى هەبو.
لەلایەكى ترەوە، مۆساد پشتی بە سیخوڕەکان بەستبو بۆ بەدواداچونی زانایانی ئەتۆمی ئێران و بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران، ئەمەش ئاسانکاریی بۆ بەئامانجکردنیان دەکرد.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندوە کە مۆساد لە سەرەتای ساڵی 2000 دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردوە، کاتێک سەنتەرفیوجەکانی ئێران توشی ڤایرۆسی ستۆکسنێت بون، کە پێدەچێت پەرەسەندنێکی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکی بوبێت.
لە ساڵی 2018شدا ئیسرائیل ئەرشیفێکی ئەتۆمی دزی کە زانیاری هەستیاری سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانی تێدابو.
ئەى سیخوڕەكان كێن؟
بەپێى وتەى بەرپرسانى ئیسرائیل و ئاژانسەكانى هەواڵى جیهان، سیخوڕەكان تێكەڵەیەك بون لە هاوڵاتییانى بە رەگەز ئێرانى و ژمارەیەك لە كەسانى بیانى كە پێشتر دزەیان كردبوە ناو قوڵایى ئێران و بە ناسنامەى ساختەو ناوى جیاوازو كۆدى تایبەتەوە هاتوچۆیان دەكرد.
بەپێى شرۆڤەى چەند چالاكوانێكى سیاسى، سەبارەت بەو هاوڵاتییە ئێرانییانەى لەم ماوەیەدا دەستگیر كران و هەندێكیان لە سێدارە دران، بەشێكیان پێشتر و ماوەیەكى زۆرە لەگەڵ ئیسرائیل لە پەیوەندیدا بون و بەشەكەى تریشیان بەهۆى خراپیى بارودۆخى ئابورییان و خستنە بەردەمى پارەیەكى زۆر ئەو كارەیان كردوەو هەرچى هاوڵاتییە بیانییەكانیشە لەمێژە لەگەڵ ئەو دەزگا هەواڵگرییەدا كاردەكەن و بەشێكى زۆرى ئەوانیش دەستگیركراون.
-
عهلی حهمهساڵح و ڕێبوار كهریم و غالب محهمهد دەستگیركران
|
-
ئیرادە داتاى وردى خۆكوشتن لە عێراق بڵاودەكاتەوە
|
-
حكومەتێكى بێ پلان و خەمسارد لەبەردەم مەترسیى وشكەساڵیى دا
|
-
بهتۆمهتى پهیوهندییان بهمۆساد، ئێران سێ كوردی لهسێدارهدا یهكێكیان خهڵكى ههرێمی کوردستانە
|
-
چۆن مۆساد بۆ پرۆسەى شێرى هەڵكشاو گەیشتە تاران؟
|
-
دواى هەڵوەشانەوەى پەكەكە؛ پارتى بەردەوامە لەچاوساغى بۆ تورك
|
-
بۆچى یەكێتى و پارتى حكومەت پێكناهێنن؟
|
-
پژاک: ئەرکمانە پارێزگاريی لە ئازەرییەکان بکەین
|
-
ئیرادە كاریگەریى جەنگ لەسەر پیسبونی ژینگە ئاشكرادەكات
|
|
|