2025-06-25
8325 جار خوێنراوەتەوە
بۆچى یەكێتى و پارتى حكومەت پێكناهێنن؟
دواى ئەو ماوە زۆرەى كە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى كوردستانى تێدا ئەنجامدرا، تا ئێستا یەكێتى و پارتى نەیانتوانیوەو نەیانویستوە كابینەى نوێى حكومەتى هەرێم پێكبهێنن و كاریان تەنها لەوەدا وەستاوەتەوە كە بۆ سەرقاڵكردنى خەڵك تەنها شاند و نوێنەر بنێرنە لاى یەكدى و لە میدیاكانەوە هەریەكەیان واى نیشان دەدات كە هۆكارى پێكنەهێنانى حكومەت لایەنى بەرانبەرە، ئیتر بێ ئاگا لەوەى خەڵك باكى بەوە نییە كێ دەبێتە سەرۆكى حكومەت و كێ چەند وەزیر وەردەگرێت، بەڵكو خەڵك ئەوەى دەوێت كە لەكاتى خۆى موچە وەربگرێت و باج و گومرك و زەریبەى لەسەر شان كەمبێتەوە.
ئیرادە لەم راپۆرتەدا چەند پرسیارێك دەوروژێنێت و شرۆڤەى چەند لایەنێكى گرنگى دۆخى ئێستاى هەرێم دەكات و وەڵامێكى دروستى پرسیارەكان دەداتەوە.
هۆكارى خۆدزینەوەى ئەو دو حزبە لە پێکهێنانی حکومەت چییە؟
یەكێك لە خاڵە گرنگەكانى ئەم خۆدزینەوەیەى یەكێتى و پارتى لە پێكهێنانى حكومەت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەردولا دەیانەوێت كەسى یەكەمى حزبەكەیان لەنێو حكومەت دا لە پۆستەكەى خۆیان بمێننەوەو هەمان دەسەڵات و بەرپرسیارێتى پیادە بكەن، چونكە ئەگەر حكومەت پێكبهێنن هیچ نەبێت لایەنگرانى خۆیان داواى گۆڕینى دەموچاوەكانى ئێستاى بەڕێوەبردنى حكومەت دەكەن و هاوكات گۆڕینى تەنها وەزیرەكان كافى نییە بۆ ئەوەى ئەم حكومەتە شكستخواردوە وەك كابینە شكستخواردوەكانى پێشو بە هەمان میكانیزم بەردەوام بێت لە روتانەوەى خەڵك و دروستكردنى بارگرانى بۆ میللـەت و تێكدانى شیرازەى كۆمەڵگە لە روى كۆمەڵایەتى و سیاسیى و ئابورییەوە.
خاڵێكى ترى پێكنەهێنانى ئەو حكومەتەى كە ئیدى كەس نایەوێت و جێ بایەخ نییە لاى خەڵكى؛ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەریەك لەو دو حزبە ركابەرە بەردەوام لە هەوڵى بەدەستهێنانى پۆست و پلەى زیاترن لە بەرانبەر یەكدى و یەكێتى دەیەوێت وەك ساڵانى شەڕى ناوخۆ كار بە سیستمى پەنجا بە پەنجا بكات و پارتیش دەیەوێت بەپێى ئیستیحقاقی هەڵبژاردن جار بە جارو لە دواى هەر هەڵبژاردنێك دا؛ یەكێتى بچوك بكاتەوەو هەژمونى خۆى بەسەر حكومەت و سەرۆكایەتى هەرێمیشدا بسەپێنێت.
زیانەکانی پێكنەهێنانى حكومەت بۆ هاوڵاتییان چین؟
لە راستیدا پێكهێنانى حكومەت و پێكنەهێنانى چیتر هیچ شتێكى تازە تەوزیف ناكات لە ژیانى تاكى كورد دا، چونكە دەموچاوەكان هەمان دەموچاون و هەمان عەقڵیەت حوكمڕانى دەكات و هەمان سیاسەتى چەوساندنەوەو سك هەڵگوشین لەبەرانبەر میللـەتدا جێبەجێ دەكرێت.
هاوڵاتییانى هەرێم ئەوكاتە زیانى كوشندەیان بەركەوت كە لە رێى حكومەتە شكستخواردوە یەك لە دواى یەكەكانەوە بەناوى ئابورى سەربەخۆ ماڵ و گوزەرانى خەڵك تێكدرا و موچەكرا بە نیو موچەو لەت و چارەك، كە ئەمە لە هیچ سیستم و وڵاتێكى دونیادا هاوشێوەى نییەو مامۆستاو فەرمانبەر بۆ قوتى ژیانى خۆى بەردەوام دەبێت بێتە سەرشەقامەكان و داواى ئەو موچەیە بكات كە مافى خۆیەتى.
لەماوەى ئەزمونى حوكمڕانى كوردیى دا كە لە ساڵى 1991 تا ئەمڕۆ درێژبۆتەوەو دەكاتە 34 ساڵ، پاش ئەوەى نەوەى سێ دەیە بە بێ خەون بەڕێكران، تا ئێستا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانى وەك ئاو و كارەبا و غازو شەقام و قیرتاو و تەنانەت پێدانى موچە لەكاتى خۆیدا و نەبونى گڵۆپى سەرشەقامەكان پرۆژەى خزمەتگوزاریى و و چەندین گرفت و قەیرانى تر وەك خۆى ماوەتەوەو هیچیان فەراهەم نەكراون.
دۆخى هاوڵاتیان و بازاڕ بە جۆرێك وەستاوەو لە قەیراندایە كە لە هیچ وڵاتێكى ناوچەكەشدا وێنەى نییە، كاسبكاران لەلایەك بەهۆى پێدانى باج و زەریبەیەكى زۆرەوە دەناڵێنن، لەلایەكى ترەوە كارو گوزەران و فرۆشیان نەماوەو بازاڕ بە تەواوى لە دۆخى سكونێكى تۆقێنەردایە و دورنییە بەجۆرێك ئەم رقە كۆبوەوەى هاوڵاتیيان لە داهاتودا بتەقێتەوە كە ئیدى حیساب بۆ هیچ رابردویەكى حزبە دەسەڵاتدارەكان نەكرێت، چونكە ناوچەكە لە گۆڕانێكى بەردەوامى خێرادایە و سیستمەكان یەك لە دواى یەك پێویستیان بە گۆڕانكارییە، بۆ ئەم مەبەستەش دورخستنەوەى پارتى و یەكێتى لە هاوكێشەكان؛ یەكێك دەبێت لە زەرورەتە حەتمییەكان، بەڵام ئایا ئەمە كەى و چۆن دەكرێت؟ ئەوا قورسە لە ئێستادا بتوانین وەڵامى ئەو پرسیارە بدەینەوە.
ئایا هاوڵاتییان متمانەیان بە هەڵبژاردن ماوە؟
لە هەمو ئەو هەڵبژاردنانەى كە لە دواى قەیرانى ئابوریى بەناو سەربەخۆوە سازدراون، هاوڵاتییان بەرێژەیەكى زۆر بایكۆتى هەڵبژاردنیان كردوە، ئەگەر تەماشاى ئەنجامى بەشداریى دەنگدەران بكەین لە هەر هەڵبژاردنێك دا؛ دەبینین جار لە دواى جار رێژەى بەشداربوان كەمیكردوە، بەڵام لەلایەكى ترەوە ئەو دو حزبە هێندە دەنگدەرى دەرەجە یەكیان هەیە كە بتوانن راى گشتى پێ چەواشە بكەن و بڵێن پرۆسەیەكمان بە ناوى هەڵبژاردنەوە ئەنجام داوە.
هەردو حزبى دەسەڵات لەرێى هەر هەڵبژاردنێكى پڕ لە ساختەكاريى و كێشەوە تا ئێستا تواناى ئەوەیان هەبوە خەڵك فریو بدەن و بەردەوامیى بدەن بە قەیرانى ئابورى و سیاسى و كەلتورى و فەرهەنگى و نەبونى خزمەتگوزایى و چەوساندنەوەى خەڵك بە باج و زەڕیبە و شاردنەوەى داهاتى مەرزەكان و ناوخۆ و نەوتى و نانەوتى.
لەحاڵەتى قسەكردن لەسەر متمانەى هاوڵاتيیان بەم دو حزبە، دەبێت كۆمەڵگە پۆلێن بكرێت بۆ دو پێكهاتەى جیاواز، یەكێكیان چینە هۆشیارەكەیە كە باوەڕى بە هیچ قسەو بەڵێنێكى ئەم دو حزبە نەماوەو باكى بە هیچ هەڵبژاردنێك و هیچ بڕیارێكى سیاسى ئەم دو حزبە نەماوە، ئەویتریان ئەو چینە ناهۆشیارەكەیە كە بە هەر بڕیارو ئاراستەكردن و راسپاردەیەكى حزبەكەى دەجوڵێتەوەو وەك رۆبۆت بەبێ بیركردنەوە لە سەرەوە چى پێ بوترێت ئەوە ئەنجام دەدات.
-
عهلی حهمهساڵح و ڕێبوار كهریم و غالب محهمهد دەستگیركران
|
-
ئیرادە داتاى وردى خۆكوشتن لە عێراق بڵاودەكاتەوە
|
-
حكومەتێكى بێ پلان و خەمسارد لەبەردەم مەترسیى وشكەساڵیى دا
|
-
بهتۆمهتى پهیوهندییان بهمۆساد، ئێران سێ كوردی لهسێدارهدا یهكێكیان خهڵكى ههرێمی کوردستانە
|
-
چۆن مۆساد بۆ پرۆسەى شێرى هەڵكشاو گەیشتە تاران؟
|
-
دواى هەڵوەشانەوەى پەكەكە؛ پارتى بەردەوامە لەچاوساغى بۆ تورك
|
-
بۆچى یەكێتى و پارتى حكومەت پێكناهێنن؟
|
-
پژاک: ئەرکمانە پارێزگاريی لە ئازەرییەکان بکەین
|
-
ئیرادە كاریگەریى جەنگ لەسەر پیسبونی ژینگە ئاشكرادەكات
|
|
|