7   کاتژمێر پێش ئێستا 8598 جار خوێنراوەتەوە

حكومەتێكى بێ پلان و خەمسارد لەبەردەم مەترسیى وشكەساڵیى دا

 

ئاشكرایە ماوەى ساڵانێكى زۆرە وشكەساڵیى بەهۆى كەمیى رادەى بارانبارین روى لە هەرێمى كوردستان و عێراق كردوە و دیاردەیەكە لە ئەنجامى كەمیى سەرچاوەكانى ئاو لە ناوچەیەكى دیاریكراو بۆ ماوەیەكى كورت مەودا یاخود درێژمەودا دەخایەنێت؛ بەمەش سەرچاوە جۆراوجۆرەكانی ئاو بەڕێژەیەكى بەرچاو كەمدەبنەوەو ئاستى ئاوى بیرەكان و ژێرزەویش بەگشتى دادەبەزێت. كەواتە وشکەساڵیی یەکێکە لە کارەساتە سروشتییە کۆمەڵایەتییەکان کە کاریگەرییەکی زۆر بەرچاوی لەسەر ژینگە، ئابوری، و کۆمەڵگا هەیە.

وشکەساڵيی؛ بەشێوەیەكى گشتى کاریگەری نەرێنی لەسەر پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەکەکان دروستدەکات، لەم راپۆرتەدا ئیرادە بە وردیى ئیش لەسەر مەترسییەكانى ئەو دیاردەیە دەكات و چەند پرسێكى گرنگ دەخاتەڕو.

بۆچى لە ئەگەرى وشکەساڵیی دا پێویستە جوتیاران پێش چاندن وریا بن؟

رۆژیار سیروان؛ ئەندازیاری کشتوکاڵی، لەوتارێكى دا سەبارەت بە دیاردەى وشكەساڵیى دەڵێت: شیکردنەوەی داتاکانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی ئەمساڵ بە سود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیای سەردەم و بەهۆی کەمیی بەفر و بارانی ئەمساڵ دەیسەلمێنێت ئاستی وشکیی خاکی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی مەترسیدار دایە.

رۆژیار؛ لە وتارەكەیدا نوسییەتى هەریەک لە ناوچەکانی پارێزگای هەولێر بەسەنتەری شار و ناوچەکانی دەوروپشتی، سنوری چوارچێوەی پارێزگای دهۆک بەڵام ناوەندی شار بۆ ئەو قوڵییەى ئێستا بەدیدەكرێت هێشتا دڵخۆشکەرە، بەڵام گرفتەكە لە گوندەکانی دەوروپشتی قەزای چەمچەماڵ لەگەڵ ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و کفری و خوار و ناوەراستی عێراق زیاتر بەدیدەكرێت .

ئەو ئەندازیارە كشتوكاڵییە پێیوایە، تەنها لە قوڵی 100 سانتیمەتر چەند ناوچەیەکی سنوری پارێزگای سلێمانی بەر وشکبونەوەی خاک دەکەوێت و هیچ تۆوێک تێدا چەکەرە ناکات و شێی پێویستی نییە بۆ گەشەکردن، بەڵام کشتوکاڵکردن لە پارێزگای هەولێر بەتەواوى دەکەوێتە مەترسییەوە و دەبێت جوتیارانی ئەو ناوچانە بە وریایی زیاترەوە بەرهەمەکانیان بچێنن یان روبەری چاندن کەمبکەنەوە ئەمەش لە قازانجی دارایی خۆیانە.

ناوبراو لە وتارەكەیدا ئاماژە بەوەش دەكات، كە تا ئێستا سنوری پێنجوێن و دەشتی شارەزور سەلامەتە و پێویستە ئەمانیش بەهۆی کەمی بەفربارینەوە کە سەرچاوەیەکی باشە بۆ ئاوی ژێر زەوی؛ راوێژ بە ئەندازیاری کشتوکاڵی یان سەنتەری رێنمایی ناوچەکانیان بکەن بۆ بڕ و روبەری چاندنی بەرهەمەکانیان تا زەرەرمەندی دارایی نەبن.

کاریگەریی وشکەساڵیی لە سەر کەرتی کشتوکاڵ و جوتیاران و هاوڵاتییان

كاریگەرییەكانى وشکەساڵی دەکرێت بەم شێوازانە دیاری بکرێن:

 یەكەم: کاریگەریی کشتوکاڵی

 لە روى كشتوكاڵییەوە كاریگەرى وشكەساڵیى دەبێتە هۆى كەمیى بەرهەم و بەهۆی نەبونی بارانيشەوە، زەوی کشتوکاڵی وشک دەکات و بەرهەمەکانی وەک گەنم، جۆ، و میوەکان کەمدەبنەوە. هاوكات  لەناوچونی ئاژەڵەکان، یەكێكى ترە لەو مەترسییانەى بەهۆى وشكەساڵییەوە روبەڕوى خاوەن ئاژەڵەكان دەبێتەوە كە یان مردار دەبنەوە یاخود نەخۆش دەكەون، ئەمەش دەبێتە هۆى زیانگەیاندن بە ئابوریى ئەو كەسانەى كارى ئاژەڵدارى دەكەن.

دوەم: کاریگەریی ئابوریی

لێكەوتەكانى كاریگەریى ئابوریى برتین لە؛ کەمبونەوەی داھاتی جوتیاران و ئەو خێزانانەی پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن، كە بەهۆی وشکەساڵییەوە بێكار دەبن و ناتوانن خەرجییەکانی ژیانی خۆیان دابین بكەن. هاوكات بەرزبونەوەی نرخی خۆراک یەكێكى ترە لەو مەترسییانەى كاریگەریى لەسەر هەمو کۆمەڵگا دەبێت.

سێهەم: کەمبونەوەى سەرچاوەکانی ئاو

وشکەساڵیی دەبێتە هۆی قەیرانی ئاوی خواردنەوە و کەمبونی ئاوی شیرین، کە ئەمەش تەندروستی خەڵک مەترسیدار دەکات و نەخۆشییەکانی وەک ھەڵامەت و کۆلێرا بڵاودەکاتەوە. هاوكات بەهۆى وشكەساڵییەوە شەڕی سەرچاوەکان رودەدات، كە بریتییە لە ناکۆکی لەسەر بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو، بەتایبەتى لەو ناوچانەدا  کە ئاو بەشێوەیەکی سنوردار بەردەستە.

چوارەم: زیانگەیاندن بە ژینگە

وشکبونی زەوی و وشکەساڵیی دەبێتە هۆی داڕوتانى خاک و تێکچونی پێکهاتەكەی، کە ئەمەش کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەبێت، سەرەڕاى لەناوچونی جۆرە جیاوازەکانی گیانلەبەران.

پێنجەم: کاریگەریی کۆمەڵایەتی

ئەم دیاردەیە بە هۆى پێداویستى خەڵك بۆ ئاو؛ وا دەكات خەڵکی ئەو ناوچانەى روبەڕوى  وشکەساڵیی دەبنەوە  ناچار به كۆچكردن ببن و ژیانیان روەو شارەكان  بگوازنەوە، کە ئەمەش فشارێکی زۆر لەسەر ژینگە و خزمەتگوزارییەکانی شارەکان دروست دەکات.

پلانى حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ چییە؟

 تا ئێستا بەهۆى ئەوەى هیچ خزمەتگوزارییەك لە هیچ بوارێك دا لەلایەن حكومەتى هەرێمەوە بەردەست نییە، وەزارەتى كشتوكاڵ نەیتوانیوە بەهیچ جۆرێك روبەڕوى ئەم دیاردە مەترسیداره ببێتەوە، بێگومان روبەڕوبونەوەى ئەوەش بە دروستكردنى بەنداوى گەورە دەكرێت تا ئەگەر لە ساڵێك دا بڕى پێویست لە بەفرو باران ببارێت؛ ئەوا بتوانرێت سود لەو ئاوە وەربگیرێت بۆ ساڵێكى تر و زەوییە كشتوكاڵییەكانى پێ سەوز بكرێت، بەڵام ئەوەى جێى سەرنجە ئەوەیە؛ نەك تەنها لە بوارى كەرتى كشتوكاڵیى دا بەڵكو لە هەمو بوارەكانى ژیان دا حكومەتێكى خەمسارد و بێ پلان بەشێوەیەكى كارەساتبار سەرجەم سێكتەرەكان بەڕێوە دەبات؛ كە بەڕێوەنەبردنى سەرجەم كایەكان لەم دۆخەى ئێستادا بە باشتر دەزانرێت، وەك لەم شێوازى بەڕێوەبردنەى حكومەتى ماوە بەسەرچوى هەرێم بانگەشەى بۆ دەكات.  

 

 

  • عه‌لی حه‌مه‌ساڵح و ڕێبوار كه‌ریم و غالب محه‌مه‌د دەستگیركران

  • ئیرادە داتاى وردى خۆكوشتن لە عێراق بڵاودەكاتەوە

  • حكومەتێكى بێ پلان و خەمسارد لەبەردەم مەترسیى وشكەساڵیى دا

  • به‌تۆمه‌تى په‌یوه‌ندییان به‌مۆساد، ئێران سێ كوردی له‌سێداره‌دا یه‌كێكیان خه‌ڵكى هه‌رێمی کوردستانە

  • چۆن مۆساد بۆ پرۆسەى شێرى هەڵكشاو گەیشتە تاران؟

  • دواى هەڵوەشانەوەى پەكەكە؛ پارتى بەردەوامە لەچاوساغى بۆ تورك

  • بۆچى یەكێتى و پارتى حكومەت پێكناهێنن؟

  • پژاک: ئەرکمانە پارێزگاريی لە ئازەرییەکان بکەین

  • ئیرادە كاریگەریى جەنگ لەسەر پیسبونی ژینگە ئاشكرادەكات

سەرەکی