15   کاتژمێر پێش ئێستا 111 جار خوێنراوەتەوە

به‌تۆمه‌تى په‌یوه‌ندییان به‌مۆساد، ئێران سێ كوردی له‌سێداره‌دا یه‌كێكیان خه‌ڵكى هه‌رێمی کوردستانە

ناوەندی هەواڵ

سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بەناوەکانی "ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی خەڵکی شاری سەردەشت" و "ڕەسوڵ ئەحمەد محەممەد خەڵکی شاری سلێمانی" سەر بە هەرێمی کوردستان، کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە لایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەگوێڕەی  ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمم (25ی 6ی 2025)، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی سیاسی کورد بەناوەکانی ئیدریس ئالی تەمەن 32 ساڵ، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد بەشێوەی نهێنی و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە 
بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی میدیا حکومەتییەکان ئەو لەسێدارەدرانانە لە درێژەی کردەوە ڕاشکاوەکانی دەزگای دادوەری لە وەڵامی سیخوڕانی ئیسرائیل ئەنجام دراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی یەکەمی دەستپێکی شەڕی نێوان وڵاتانی ئێران و ئیسرائیل وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانە، سەبارەت بە سەپاندنی سزا و پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەکان بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێ و ڕەوتی دادوەریی نادادپەروەرانە هۆشداری دابوو کە لە درێژەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە و بێ گرنگیدان بە بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن.

 ئەو سێ بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون و بۆ ماوەی هەشت مانگ لە دەستبەسەرگەدا لەژێر توندترین ئەشکەنجەکاندا داندرابوون و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرە ملێ و قەبوڵکردنی ئەو تۆمەتانەی دراوبوونە پاڵیان کرابوون و دوای 8 مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابوونەوە.

ئازاد شوجاعی، ئیدریس ئالی و ڕەسوڵ ئەحمەد محەممەد لە مانگی (سێپتەمبەری 2023) لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر قوربان شاهینی بە تۆماتی "سیخوڕی بۆ ئیسڕائیل" دادگایی کرابوون و مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ هەواڵی سەپێندرانی سزای سێدارەکەیان بە فەرمی پێ ڕاگەیەندرابوو.

پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو سێ بەندکراوە سیاسییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە 5ی نۆڤەمبەری 2024، ساڵێک دوای سەپاندنی سزاکەیان و تەنیا چەند ڕۆژ دوای هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە، لە لایەن وتەبێژی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەسغەر جەهانگیری، میدیایی کرایەوە. 

ناوبراو بەبێ ئاماژە کردن بە ناسنامەی ئەو بەندکراوانە، ڕایگەیاند کە ئەو کەسانە وێڕای "سیخوڕی"، بە بیانووی قاچاخی کحولییەکان، کەرەستەی پێویستیان بۆ تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە گواستۆتەوە.

ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە لە (مانگی 6ی ساڵی 2023 ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گواسترابوونەوە.

ئەسغەر جەهانگیری لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، کە لەو دۆسیەدا لانی کەم 8 کەس دەستبەسەر کراون کە سێ کەسیان لە قۆناغی یەکەمدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. 

ڕۆژی چوارشەممە 9 سێسەمبەری 2020،  ڕێکخراوی مافی مڕۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، کە هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی تیرۆری "موحسین فەخریزادە مەهابادی" گەمارۆی شاری بانەیان داوە و ماڵی هاوڵاتییانیان پشکنیبوو و زیاتر لە 20 کەسیان دەستگیرکرد کە ئەو کات هەنگاو ناسنامەی نۆ کەسیانی بڵاو کردەوە.
موحسین فەخریزادە مەهابادی لە زانایانی ئەتۆمی ئێران، ڕۆژی هەینی (27ی نۆڤەمبەری 2030) لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند نزیک لە تاران تیرۆر کرا و کاربەدەستانی ئێرانی ئەو کات ئیسڕائیلیان بە ئەنجامدەری ئەم تیرۆرە ڕاگەیاند.

  • عه‌لی حه‌مه‌ساڵح و غالب محه‌مه‌د و ڕێبوار كه‌ریم دەستگیركران

  • ئیرادە داتاى وردى خۆكوشتن لە عێراق بڵاودەكاتەوە

  • حكومەتێكى بێ پلان و خەمسارد لەبەردەم مەترسیى وشكەساڵیى دا

  • به‌تۆمه‌تى په‌یوه‌ندییان به‌مۆساد، ئێران سێ كوردی له‌سێداره‌دا یه‌كێكیان خه‌ڵكى هه‌رێمی کوردستانە

  • چۆن مۆساد بۆ پرۆسەى شێرى هەڵكشاو گەیشتە تاران؟

  • دواى هەڵوەشانەوەى پەكەكە؛ پارتى بەردەوامە لەچاوساغى بۆ تورك

  • بۆچى یەكێتى و پارتى حكومەت پێكناهێنن؟

  • پژاک: ئەرکمانە پارێزگاريی لە ئازەرییەکان بکەین

  • ئیرادە كاریگەریى جەنگ لەسەر پیسبونی ژینگە ئاشكرادەكات

سەرەکی