2025-06-24
4743 جار خوێنراوەتەوە
ئیرادە كاریگەریى جەنگ لەسەر پیسبونی ژینگە ئاشكرادەكات
پوختە
مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە وتارێكى دا بە ناوى "جەنگ هۆکارە بۆ پیسبونی ژینگە" ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لە ئێستا و رابردودا، هەمیشە جەنگەکان بە شێوەیەکی کاریگەر هەڕەشە بون لەسەر ژینگە، گرفتەکە لەوەدایە ئەم وێرانکارییە ژینگەییانە تەنها زیانیان بۆ ئەو وڵاتانە نییە کە جەنگی تێدایە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دراوسێش دروست دەکەن.
بەپێى تێگەیشتنى سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە؛ گرفتێکی بەرچاوی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، گۆڕینی دیمۆگرافیای دانیشتوانە، کە زۆرجار ئەمەیان دەبێتە هۆی شێواندن و تێکدانی سروشت و بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دارستانەکان و بەکارهێنانیان وەکو شوێنی خۆحەشاردان و نیشتەجێبون و دورمەودا لەلایەن هاوڵاتیانی نیشتەجێی شارەکان، ئەم زیانانە دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش بۆ دەیان ساڵ بەردەوام دەبن.
کاریگەرییە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان
کاریگەرییە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانی جەنگ درێژخایەنن، بەشێکی زۆریان وەک پیسبونی ژینگە دوای وەستانی شەڕەکە بۆ ماوەیەكى زۆر بەردەوام دەبن و دەبنە هۆی زیانی گەورە بۆ ژینگەی ناوچەکە. هاوكات، شەڕە چەکدارییەکان کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ژینگە دەبێت، چونكە ئەو پیسبونەی لە دوای شەڕەکانەوە دروست دەبێت، لێکەوتەی کارەساتبار بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
داتاى جەنگ و كاولكارییەكان لەسەر ژینگە
لە ساڵی 1990ەوە جیهان بەهۆی جەنگەوە 1,220,000 کیلۆمەتر چوارگۆشەى لە دارستانەکان لەدەستداوە، ئەمەش روبەرێكى گەورەی لەناوچونی ژینگە دەخاتە ڕو، لێرەدا داتاى كاریگەرییەكان بە چەند خڵێك دەخەینەڕو:
یەكەم: لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندو
جیهان بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە (83 %)ی شیردەرە کێوییەکانی و (50 %)ی روەکی لەدەستداوە، شەڕەکان رێژەی لەناوچونی جۆرەکان خێراتر دەکەن، ئەمەش مەترسییەکی جیددی لەسەر هاوسەنگی ئیکۆلۆژی جیهانیی دروستدەکات.
دوەم: کاریگەریی لەسەر لەناوبردنی ژینگە
جەنگ و شەڕەکان هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ژینگەی جیهان، دەردانی گازی گەرمخانەیی زیاد دەکەن و ئیکۆسیستمەکان لەناودەبەن، سوپا و ململانێکان بەرپرسیارن لە (5.5 %)ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی، هەروەها بۆمب و تەقەمەنی زیانێکی زۆر بە خاک و ئاو دەگەیەنن، ئەم پیسبونە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت.
سێهەم: دارستانبڕین و بە بیابانبون
لەکاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا بە ئەنقەست دارستانەکان دەسوتێنرێن بۆ ئەوەی رێگریی لە نەیاران بکەن خۆیان حەشاربدەن، وەک لە جەنگی ڤێتنامدا کە ملیۆنان دۆنم دارستانیان لەناوبرد.
چوارەم: گیانلەبەرە کێوییەکان کەم دەبنەوە
بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ئەگەری ئەوە هەیە (90%)ی گیانلەبەرە کێوییەکان لە ناوچە زیانلێکەوتوەکاندا بکوژرێن.
پێنجەم: پیسبونی خاک و ئاو
بە ئامانجگرتنی بەنداو و روبارەکان لە ململانێکاندا (بۆ نمونە روباری فورات لە سوریا) دەبێتە هۆی قەیرانی ئاو و پیسبونی ژینگە، جگەلەوەی پاشماوەی جەنگ و تەقەمەنی پیسبو، دەبنە هۆی پیسبونی درێژخایەنی خاک و ئاوی ژێر زەوی.
شەشەم: پیسبونی کیمیایی و تیشکدەر
تەقەمەنی تیشکدەر و کیمیایی دەبێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن و شێرپەنجە و شێواوی جەستە، وەک بەکارهێنانی چەکی سوتێنەر (فسفۆڕی سپی) لە لوبنان و غەززە، هەروەها زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناو دەبات.
حەوتەم: دەردانی کاربۆن و گۆڕانی کەشوهەوا
بەپێی خەمڵاندنەکان بێت، جەنگ هۆکارە بۆ (5.5 %) ی دەردانی گازی گەرمخانەیی لە جیهاندا، بۆ نمونە جەنگی ئۆکرانیا لە ساڵی یەکەمیدا 120 ملیۆن تۆن هاوتای CO2 ى بەرهەمهێنا، کە زیاترە لەو بڕەى لە کۆماری چیک هەیە.
ئەى چارەسەر چییە؟
سەرەڕای رێککەوتننامەکانی ساڵی 1977 بۆ پاراستنی ژینگە لە جەنگ و شەڕی چەکداریى دا، بەڵام هێشتا بە کردەوە جێبەجێ ناکرێت و زۆربەی وڵاتان پێیەوە پابەند نین، بۆیە داوای سزا دەکرێت بەسەر ئەو لایەنانەی لەکاتی جەنگەکاندا زیان بە ژینگە دەگەیەنن.
-
عهلی حهمهساڵح و غالب محهمهد و ڕێبوار كهریم دەستگیركران
|
-
ئیرادە داتاى وردى خۆكوشتن لە عێراق بڵاودەكاتەوە
|
-
حكومەتێكى بێ پلان و خەمسارد لەبەردەم مەترسیى وشكەساڵیى دا
|
-
بهتۆمهتى پهیوهندییان بهمۆساد، ئێران سێ كوردی لهسێدارهدا یهكێكیان خهڵكى ههرێمی کوردستانە
|
-
چۆن مۆساد بۆ پرۆسەى شێرى هەڵكشاو گەیشتە تاران؟
|
-
دواى هەڵوەشانەوەى پەكەكە؛ پارتى بەردەوامە لەچاوساغى بۆ تورك
|
-
بۆچى یەكێتى و پارتى حكومەت پێكناهێنن؟
|
-
پژاک: ئەرکمانە پارێزگاريی لە ئازەرییەکان بکەین
|
-
ئیرادە كاریگەریى جەنگ لەسەر پیسبونی ژینگە ئاشكرادەكات
|
|
|