2025-06-24
13505 جار خوێنراوەتەوە
عەبدوڵڵاى موهتەدی: ئێمە پشتیوانی هیچ هەڵمەتێکی سەربازی دەرەکی دژ بە ئێران ناکەین
پوختە
مێژویەکی دورو درێژی ڕوبەڕوبونەوە لە نێوان کورد و ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان لە ئێراندا هەیە، لەسەردەمی "شا"وە تا کۆماری ئیسلامی، هێزە کوردییەکان بە ئاراستەی جۆراوجۆر و هێزی سەربازییەوە، خەبات دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان بە دور لە دەسەڵاتی ستەمکارانەی تاران.
پێدەچێت هێزە سیاسی و سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە وریاییەوە کاردانەوەیان هەبێت بەرانبەر بە شەڕی بەردەوامی نێوخۆی وڵات و کارلێکەکانیشیان لە سنوری هەڵوێستی هاوشێوە دەرناچێت. سەبارەت بە بەرپرسیارکردنی رژێمى ئێران لە دۆخەکە و خلیسکانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی توندی سەربازیی لەگەڵ ئیسرائیل، دەگەینە ئەو راستییەى كە ئیسرائیل گیانی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە سەربازییەکانی ئێرانى كێشاوە، دامەزراوە سەربازییەکانی بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی بالیستی و دامەزراوە ئەتۆمییەکان و هەروەها میدیا و ئامێری پڕوپاگەندەی کردۆتە ئامانج و ئینتەرنێت-یش لە دانیشتوان بە شێوەیەكى كاتى بڕاوەو ئەو خزمەتگوزراییە گشتییە لە پچڕانى تەواوەتى دایە.
ئێران چۆن حكوم دەكات؟
ئاشكرایە کە ئێران دەوڵەتەکەی فارسی- شیعەیە و لەژێر دەسەڵاتی فیقهدا حوکمڕانی دەکات، جگە لە ئایینە کۆنەکان و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان لە نەتەوە و گروپە ئایینییە جۆراوجۆرەکانى وەک کورد، عەرەب، ئازەری، بەلوچی، تورکمان، ئەرمەنی و ئەوانی دیکە پێکهاتوە.
کورد، کە زۆرینەی خەڵکی ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوا و هەروەها خوراسانن، لە دیارترین هێزە ناسیۆنالیستەکانن کە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردودا دژی ڕژێمەکانی ئێران هەنگاویان ناوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامن.
کورد، وەک هێزێکی مرۆیی لەو شوێنەی کە پێیان باشە ناوی لێ بنێن ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارچێوەی پارێزگاکانی ورمێ، سنە (سنەندەج)، کە بە فەرمی لە ئێران بە پارێزگای کوردستان ناسێنراوە، کرماشان، هەمەدان، لوڕستان (خۆرماوا)، بەختیاری، و ئیلام بونیان هەیە، جگە لە خوزستان (ئەهواز) و خوراسان. ورمێ گەورەترینی ئەو پارێزگایانە و بە دەریاچەکەی بەناوبانگە، لە کاتێکدا ئیلام بچوکترین پارێزگایە کە کورد تێیدا نیشتەجێیەو بە پێی خەمڵاندنە نافەرمییەکان، ژمارەی کورد لە ئێران 10 ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت.
دەیان ساڵ خەبات
وەك لە پوختەكەدا ئاماژەمان پێدا، مێژویەکی دورودرێژی ڕوبەڕوبونەوە لە نێوان کورد و ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان لە ناو ئێراندا هەیە، هەر لە سەردەمی "شا"وە تا کۆماری ئیسلامی. پێش دامەزراندنی و ڕاگەیاندنی کۆماری مەهاباد لە لایەن قازی محەممەد لە ساڵی 1946 کە تەنها نزیکەی 11 مانگی خایاند، لە چەند ناوچەیەکی کوردیدا ڕاپەڕین و ڕاپەڕینی خۆجێی ڕویان دا. ئەمه ش بوه هۆی شه ڕێکى گەورە لەلایه ن پێشمه رگەوه، هەتا ئەوكاتەى خومه ینی بە فەرمى هاته سەر دەسەڵات. لەو کاتەدا کورد گەشبین بو بە کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی پاشایەتی بەبێ ئەوەی بتوانێت دوای سەقامگیریی؛ مافەکانی خۆی لە ناوخۆی وڵاتدا بەدەستبهێنێت. تەنانەت خومەینی فەتوای هێرشکردنە سەر ناوچە کوردنشینەکانی دەرکرد، لە کاتێکدا سەرکردە کوردەکانی وەک عەبدولڕەحمان قاسملۆ؛ سەرۆکی حزبی دێموکراتی کوردستان- ئێران، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا لە کۆبونەوەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئێران لە نەمسا تیرۆر کرا. سادق شەرەفکەندی جێنشینی ئەویش لە ناوەڕاستى ئەیلولى ساڵی 1992 بە دەستی هەواڵگریی ئێران لە ئەڵمانیا کوژرا، هاوکات گروپە شەڕکەرەکانی پێشمەرگەی ئێران پەنایان دەبردە ناوچە کوردستانییەکانی ناوخۆی عێراق، ئەوەش بەهۆی یاخیبونی بەردەوامیان کە گروپە ناسیۆنالیستەکانی کورد و گروپە چەپەکانی دیکەی ناسراو بە "کۆمەڵە"یان لەخۆگرتبو، دواتر پارتی پەژاک سەریهەڵدا کە باوەڕیان بە بیرۆکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و "عەبدوڵا ئۆجەلان"ى ڕێبەری پارتەكە هەیە.
بۆچى كورد تا ئێستا لەم شەڕدا بەشدار نییە؟
لەنێو تێگەیشتنێكى راست و دروست و واقیعییانەدا، پارتە کوردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند، ئەوان لایەنی شەڕی ئیسرائیل و ئێران نین و جەختیان لەوەکردۆتەوە کە تەرکیزیان لەسەر خەباتی مەدەنی و سیاسی لە ناوخۆی ئێران دەمێنێتەوە. ئەوان پێیانوایە کە لەم هەلومەرجەدا لە ناوخۆی ئێراندا هەنگاو ناگرن، چونکە دەرئەنجامەکانی ئەو کارانەی تەلئەبیب پەیوەندییان بە خەباتی گەلی ئێران بۆ گۆڕینی دیموکراسی و مافی مرۆڤ نییە. دژایەتی خۆیان بۆ هێرشەکانی تەلئەبیب بە تەنها هەڵوێستێکی ئەخلاقی وەسف نەکردوە، بەڵکو خواستێکە بۆ پێشگرتن لە داڕمانی گەورە لە تەواوی ناوچەکەدا. بەگوێرەی لێدوانە فەرمییەکان ئیسرائیل و ئێران بۆ ماوەی چەند رۆژێك لەسەریەک هێرشی ئاسمانییان ئاڵوگۆڕ کرد، دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی هێرشەکانی بۆ سەر شوێنە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەستپێکرد. ئێران بە هێرشی موشەکی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئامانجەکان وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە.
حزبی دێموکرات لە کوردستانی ئێران؛ کۆمەڵە و پەژاک و سازمانى خەبات؛ نوێنەرایەتی دیارترین گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران دەکەن، کە هەریەکەیان شێوازی چالاکی جیاوازیان لە چوارچێوەی ئێراندا هەیە، جا چ لە ڕێگەی چالاکیی سیاسی یان خەباتی چەکدارییەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە لایەن حزبى دێموكراتەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردوە کە قەیرانی ناوخۆی ئێران لە "سروشتی میلیتاریستیی ڕێژیم و سیاسەتە ناسەقامگیرییەکانی" سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش گومان دەخاتە سەر مەبەستی هێرشەکانی ئیسرائیل، چونکە دەرئەنجامەکانیان ناڕونن و دەکرێ زیانبەخش بن.
محەممەد نەزیف قادری، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی حزبی دێموکرات، رایگەیاند؛ هەر گواستنەوەیەکی دەسەڵات لە ئێراندا دەبێ دیموکراسی بێت و لەسەر بنەمای پرەنسیپی دیموکراسی و ئیرادەی گەلی ئێران بێت؛ هەر بەدیلێک کە گەرەنتی دیموکراسی و مافە نەتەوەییەکان نەکات، دەکەوێتە هەمان تەڵەوە.
قادری؛ جەختی لەوەکردەوە کە حزبەکەی لە ڕوی سەربازی و سیاسییەوە تێوەگلاوە لە ململانێیەدا، هەر کارێک کە بیکەین دەبێت ستراتیژیی بێت و ئاڕاستەی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بێت، دەشڵێت: کردەوەی سەربازی ئێستا، بە بێ ئامانجێکی ڕون، دەتوانێت ئاڵۆزیی ناپێویست دروست بکات.
ناوبراو ئاماژەی بە جیاوازیی ئامانجەکانی نێوان حزبی دێموکرات و ئیسرائیل کرد و وتى: ئیسرائیل سەرنجی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە، لە کاتێکدا ئێمە کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی لە چوارچێوەی ئێراندا، هەمو چالاکییەکانمان هاوتەریبن لەگەڵ داواکارییەکانی گەلەکەمان.
كاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا هێرشەکانی ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم، قادری ڕەتیکردەوەو وتى: هیچ هەماهەنگییەک لە نێوان ئێمە و ئیسرائیل و ئەمریکادا نەبوە، نە لە هێرشەکە ئاگادارکراینەوە، نە ڕاوێژمان پێکرا. ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە کە خەباتی ئەوان ناوخۆییە و دەشڵێت: ئەمە شەڕی نێوان وڵاتانە، خەباتی ئێمە بۆ دیموکراسی و مافە نەتەوەییەکان بابەتێکی ناوخۆییە لەناو کۆمەڵگەی ئێراندایە، ئەندامێکی دیاری پارتێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی کە ناوی ئاشکرانەکردوە، ڕایگەیاندوە، لەسەرەتای دەستپێکردنی لێدانەكانەوە هیچ کۆبونەوەیەکی هەماهەنگیی ئەنجامنەدراوەو وتیشی: هیچ جموجۆڵێکی سنوربەزێن بۆ ناو ئێران ڕوینەداوە، دۆخەکە زۆر ناسەقامگیرە، ئێستا کاتی هیچ پەرەسەندنێکی سەربازی نییە.
هاوكات پێشتر لە راپۆرتێكى ئیرادەدا لێدوانێكى سیامەندى موعینى ئەندامى مەجلیسى بەڕێوەبەری پەژاک لەسەر دۆخەكە خرابوەڕو كە دەڵێت: من ناڵێم شەڕ شتێکی باشە، بەڵام لە ئاستە گشتییەکەیدا ئەو شەڕە دەکرێت هەندێک دەرفەت بخولقێنێت کە کۆماری ئیسلامی وەک دەوڵەتێکی دیکتاتۆر لاواز بکات و دەرفەت بۆ گەلانی ناوچەکە و کورد بە تایبەتی بڕەخسێنێت کە نەفەسێک هەڵبمژێت و ویست و خواستە دیموکراتییەکانی هەنگاوێک بەرێتە پێشەوە، لەبەرئەوە گرنگە لەو چوارچێوەیەدا گەلی ئێمە ئامادە بێت بۆهەر ئاڵوگۆڕ و ئەگەرێک کە دەکرێت لە داهاتودا بێتە پێشەوە.
لەلایەكى ترەوە ئۆپۆزسیۆنى كوردى ئێران بە سەرجەم پارتە سیاسییەكانیەوە لەوە گەیشتون كە پێناچێت ئیسرائیل بەدوای گۆڕینی ڕژێمی ئێراندا بگەڕێت، ئەگەر وابوایە، لەسەرەتادا دەستپێشخەری دەکرد بۆ شکاندنی زیندانی ئەوین لە تاران و زیندانە هاوشێوەکانی لە شارەکانی دیکە، هەربۆیە دەبێت لەم ململانێیە دور بکەوینەوە.
هاوكات، بەپێى زانیارییەكانى ئیرادە، زیندانی ئەوین کە دەکەوێتە باکوری تاران، بەناوبانگترین ناوەندی دەستبەسەرکردنی ئێرانە، کە زیندانیانی سیاسی، ڕۆژنامەنوسان، چالاکوانان و کەسانی دو ڕەگەزنامەی تێدایەو ناوەندێکی گرتوخانەى لەمێژینەیە کە خودى لایەنگرانی ئینقلابی ئیسلامی ئێرانیش خۆیان قوربانیی جەللادەکانی سەردەمی شا بون لەو سەردەمەدا.
ڕێککەوتنی عێراق و ئێران
لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 عێراق و ئێران ڕێککەوتنێکی ئاسایشی سنوریان واژۆ کرد کە داوا لە چەکداماڵینی گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران و دورخستنەوەیان لە سنورەکان دەکات، لەو سەروبەندەدا حزبی کۆمەڵە لە بەیاننامەیەکدا ئاشكرایكرد: ئەم کردەوانە دەتوانێ بەرەو کارەساتێکی فراوانتر پەرەبسێنێت.
كۆمەڵەى ئێران ئێستا چى دەڵێن؟
كۆمەڵە لە ئێستادا دەڵێت: دژایەتی ئێمە لەگەڵ ئەم شەڕەى ئێستا تەنها هەڵوێستێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو هەوڵێکی هۆشیارانەیە بۆ پێشگرتن لە داڕمانی گەورەتری ناوچەیی.
هەر سەبارەت بە پرسى هێرشەكانى ئەم دواییەى نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئیدریس عەبدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، پێیوایە هەوڵەکانیان تا ئێستا مەدەنییانە. ناوبراو زیاتر رونیشیكردەوەو وتى: ئێمە ئەم شەڕە بە وێرانکەر دەبینین، هیچ ڕۆڵێکمان تێیدا نییە، ئەم قەیرانە بەرهەمی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێرانە، خەڵکیش باجەکەی دەدەن. عەبدى؛ ئاماژەی بەوەشکرد: گۆڕانی ڕاستەقینە تەنها لە ناوەوە دەتوانێت روبدات.
دواجار، عەبدوڵڵاى موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە لە لێدوانێکی جیادا بۆ بی بی سی فارسی وتی: ئێمە پشتیوانی هیچ هەڵمەتێکی سەربازی دەرەکی دژ بە ئێران ناکەین.
-
عهلی حهمهساڵح و ڕێبوار كهریم و غالب محهمهد دەستگیركران
|
-
ئیرادە داتاى وردى خۆكوشتن لە عێراق بڵاودەكاتەوە
|
-
حكومەتێكى بێ پلان و خەمسارد لەبەردەم مەترسیى وشكەساڵیى دا
|
-
بهتۆمهتى پهیوهندییان بهمۆساد، ئێران سێ كوردی لهسێدارهدا یهكێكیان خهڵكى ههرێمی کوردستانە
|
-
چۆن مۆساد بۆ پرۆسەى شێرى هەڵكشاو گەیشتە تاران؟
|
-
دواى هەڵوەشانەوەى پەكەكە؛ پارتى بەردەوامە لەچاوساغى بۆ تورك
|
-
بۆچى یەكێتى و پارتى حكومەت پێكناهێنن؟
|
-
پژاک: ئەرکمانە پارێزگاريی لە ئازەرییەکان بکەین
|
-
ئیرادە كاریگەریى جەنگ لەسەر پیسبونی ژینگە ئاشكرادەكات
|
|
|