13   کاتژمێر پێش ئێستا 8369 جار خوێنراوەتەوە

بارزانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى پێش هه‌ڵبژاردن یه‌كلاكرده‌وه‌

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم هێرشێكى توندیكرده‌سه‌ر عێراق‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "عێراق هه‌موو شتێكه‌ به‌س فیدراڵى نییه‌"، ده‌شڵێت، "ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا هه‌مانه‌، 23 ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش هه‌مان ئه‌و دۆخه‌مان هه‌بوه‌"، ڕاشیگه‌یاند، "پێش هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمیش پێكنایه‌ت".

له‌15یه‌مین پانێڵى دیدارى مێرى له‌شارى هه‌ولێر، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند، "به‌داخه‌وه‌، پێش ساڵى 2002 واته‌ 23 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هه‌مان ئه‌م دۆخه‌ى ئێستامان هه‌بوو".

ده‌شڵێت، "ئه‌مریكیه‌كان له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادیى، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌یان ڕازیكرد كه‌ عێراقێكى نوێ له‌پێشه‌و فیدراڵیه‌و دیموكراسییه‌و ده‌بێت به‌شداریی بكه‌ین، ئه‌وكات مام جه‌لال‌و كاك مه‌سعود، ئه‌وه‌ى پێویستبوو بۆ عێراق قسورییان نه‌كردو عێراقیان ڕاستكرده‌وه‌".

ئه‌وه‌شى وت، "دواى 22 ساڵ له‌حوكمڕانى عێراق، جگه‌ له‌ده‌ستور وه‌كو وه‌ره‌قه‌یه‌ك‌و ده‌ستكه‌وتێكى گرنگه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌، هیچى تر له‌م وڵاته‌ نه‌كراوه‌، ئه‌و كێشانه‌شى ئه‌مڕۆ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا هه‌یه‌، هه‌موو سه‌رچاوه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستوورى عێراق وه‌كو خۆى جێبه‌جێنه‌كراوه‌، له‌كاتێكدا ده‌زانین خۆشگوزه‌رانى سیاسیى‌و ئابووریى له‌عێراق په‌یوه‌سته‌ به‌جێبه‌جێكردنى ده‌ستووره‌وه‌".

نێچیرڤان بارزانى ڕاشكاوانه‌ باسى سیستمى سیاسیى عێراقى كردو وتى، "تائێستا كه‌س نازانێت عێراق چ سیستمێك جێبه‌جێده‌كات، پێموایه‌ عێراق هه‌موو شتێكه‌، به‌س فیدراڵى نییه‌و باوه‌ڕیشى به‌دیموكراسى نییه‌، ئه‌وه‌ى عێراقیش له‌گه‌ڵ هه‌رێم جێبه‌جێى ده‌كات مه‌ركه‌زیه‌تێكى زۆر تونده‌".

ئه‌وه‌شى گێڕایه‌وه‌، "من له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى به‌ڕاشكاوى پێم وتن، ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌یكه‌ن وه‌كو ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سیاده‌ مامه‌ڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌شى ئێمه‌ له‌هه‌رێم ده‌یبینین، وه‌كو ده‌وڵه‌تێكى مه‌ركه‌زى مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، واته‌ ئێوه‌ فیدراڵى نین‌و باوه‌ڕیشتان پێى نییه‌".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا بارزانى وتى، "موجامه‌له‌ ناكه‌م، عومقى سیاسه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌غدایه‌، به‌ڵام كام به‌غدا، ئه‌و به‌غدایه‌ى فیدراڵیانه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، سه‌ربارى ئه‌وانه‌ش هه‌ر ده‌بێت له‌گه‌ڵ عێراق بگه‌ینه‌ ئه‌نجام".

له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ش ڕایگه‌یاند، "ڕێك وه‌ك هه‌ڵبژاردنى ساڵى 2005 گرنگه‌و بۆ قۆناغێكى نوێ‌و ده‌ستپێكردنى قۆناغێكى نوێیه‌ له‌عێراق‌و ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ داوام له‌خه‌ڵكى كوردستان‌و عێراق ئه‌وه‌یه‌، به‌شداریى بكه‌ن".

سه‌رۆكى هه‌رێم كه‌ هاوكات جێگرى سه‌رۆكى پارتیشه‌، باسى له‌پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم كردو سه‌ره‌تا به‌وه‌ڵامێكى سه‌رۆكى یه‌كێتیى ده‌ستیپێكردو وتى، "له‌وه‌ڵامى قسه‌كانى بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتیى كه‌ دوێنێ وتى یه‌كێتیى چاودێره‌ له‌حكومه‌ت، ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌، یه‌كێتیى به‌شدارێكى سه‌ره‌كى‌و كاراى حكومه‌ته‌و ناتوانێت خۆى له‌وه‌ بدزێته‌وه‌، دواتر بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ پێش هه‌ڵبژاردن، پێموانییه‌‌و حكومه‌تیش پێكنایه‌ت".

  • نوێنه‌ره‌كه‌ى تره‌مپ ڕاستیه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكراده‌كات

  • دوایین زانیاریى له‌باره‌ى مووچه‌ى مانگى هه‌شته‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت

  • بارزانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى پێش هه‌ڵبژاردن یه‌كلاكرده‌وه‌

  • هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى سلێمانى ڕێگە به‌دەستەی مافی مرۆڤ ناده‌ن سەردانی ئارام قادر بکەن لەزیندان

  • كێڵگە پەلەوەریەکان داوای دانانی بۆرسەی دیاریکردنی نرخ دەکەن

  • یه‌ك ملیۆن گه‌نج بۆ یه‌كه‌مجار به‌شداریى له‌هه‌ڵبژاردن په‌رله‌مانى عێراق ده‌كه‌ن

  • ئیرادە داتاى ورد سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانى عێراق دەخاتەڕو

  • مەزڵوم عەبدی داواى هەرێمێكى هاوشێوەى هەرێمى كوردستان دەكات

  • كۆمسیۆن نموونەی وەرەقەی دەنگدانی پارێزگاكانی هەرێم بڵاودەكاتەوە

سەرەکی