8   کاتژمێر پێش ئێستا 5645 جار خوێنراوەتەوە

رۆهلات عه‌فرین چۆن‌و بۆچى چوه‌ دیمه‌شق؟

لەنێوان پێشهاتە خێراکانی ئەمدواییەی سوریادا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، دووشەممەی ڕابردوو پێشوازیی لەتۆم باراک باڵیۆزی ئەمریکا لەتورکیاو نێردەی تایبەتى ئه‌مریكا لەسوریا کرد، بەیاوەری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، دەریاوان براد کوپەر کە سەرکردایەتی شاندێکی ئەمریکی لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی ده‌کرد.

لەدیدارەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، ڕۆهلات عەفرین ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)و ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەرو غەسان یوسف جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات‌و عەبدولحەمید ئەلمەهباش سەرۆکی پارتی سوریای ئایندە ئامادەبوون.

ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکە، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی، ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ڕۆهلات عەفرین‌و هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکاو فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ئەدمیراڵ براد کوپەر گەشتیانکرد بۆ دیمەشق‌و لەوێ لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا بەئامادەبوونی وەزیری دەرەوەو بەرگریی کۆبووەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەکۆبوونەوەکەی ئەمدواییە، کە لەدیمەشقی پایتەختی سوریا بەڕێوەچوو، ئامادەبوونی ڕۆهلات عەفرین سەرکردەیەکی دیاری سەربازیی لەیەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بوو.

بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی دەست ئیراده‌ كه‌وتوون، ئامادەبوونی ڕۆهلات عەفرین لەکۆبوونەوەی دیمەشق لەسەر داوای ڕاستەوخۆی واشنتۆن بووە.

ئیدارەی ترەمپ هانی یەکگرتنی هێزەکانی سوریاى دیموکرات‌و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دەدات له‌گه‌ڵ سوپای سوریادا.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هانی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەدات وەک بلۆکێک لەناو ڕیزەکانی سوپای داهاتووی سوریادا.

لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەناو پێکهاتەی سەربازی سوریادا بهێڵێتەوە، کە بە"پشتیوانی قورس" دادەنرێت، بەتایبەتی کە ئەو یەکانە ڕۆڵێکی بەرچاویان لەهەڵمەتەکانی دژ بەداعشدا هەبووە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، حکومەتی کاتی سوریا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداریکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەناو هێزە چەکدارەکانی سوریادا ڕەتدەکاتەوە، بەڵام تەواو ڕوونە کە ئەمە قبوڵکراو نییە، بەپشتبەستن بەو ئاماژانەی کە لەکۆبوونەوەکانی پێشووی لەگەڵ هەردوو بەرپرسی هێزی ئەمریکی‌و سوریای دیموکرات (هەسەدە)دا کردوویەتی، بەڵام هه‌سه‌ده‌ ئەم خاڵەی کردووە بە "هێڵی سوور" پێش هەر پرۆسەیەکی یەکگرتن‌و بە ڕوونی ڕایگەیاندووە، "یان یەکگرتن لەگەڵ یەپەژە دەبێت یان هیچ یەکگرتنێک بە هیچ شێوەیەک نییە".

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا، بانگهێشتی ئەو سەرکردەیەی کرد، ڕۆهلات عەفرین بەرپرسی باڵای ناو یەپەژە، بۆ ئەوەی گەشت بکات بۆ دیمەشق‌و بەشداریی لەدانوستانەکاندا بکات، ئەمەش پشتڕاستیکردەوە کە ئەمریکا بەتەواوی پشتگیریی لەداواکارییەکەی هه‌سه‌ده‌ دەکات.

لەمیانەی دیدارەکەدا کە لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و ئیدارەی خۆسەر لەلایەک‌و سەرۆکی ئینتقالی سوریاو وەزیرانی دەرەوەو بەرگری لەلایەکی دیکەوە بەبەشداری نوێنەری ئەمریکا بۆ سوریاو فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بەڕێوەچوو، پرسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بەتایبەتی خرایە بەرباس.

یەپەژە کە لەهەزاران ژنە شەڕکەری ڕاهێنراوی پیشەیی پێکهاتووە، شارەزاییەکی بەرزی هەیە لەشەڕداو ڕێکخراوە، هەربۆیە واشنتۆن بەپێویستی دەزانێت کە ئەوان بخەنە ناو پێکهاتەی سەربازی سوپای سوریاوە.

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە 4ی نیسانی 2013 دامەزرا، دوای یەکەمین کۆنفرانسیان کە لە 2ی نیسانی 2013 لەشاری ئەلمالیکییە لەباکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو، بەڵام ڕێکخستنی ڕاستەقینەی ئەوان لەسەرەتای ساڵی 2011 دەستیپێکرد، لەشێوەی گروپی بچووکدا.

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کە یەکێکە لەیەکەکانی دامەزرێنەری هێزەکانی سوریای دیموکرات، گەورەترین هێزی چەکداری ڕێکخراوی ژنانە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بەداعش ڕۆڵێکی کارایان هەبووەو بەشدارییان لەشکستی داعشدا کردووە.

هەروەها بەشدارییان لەشەڕی هێزەکانی تورکیاو کوتلە هاوپەیمانەکانی سوپای نیشتمانی سوریا لەکاتی هێرشەکانیان بۆ سەر عەفرین، سه‌رێكانى‌و گرێ سپى کردووە، هەروەها بەشدارییەکی بەرفراوانیان کردووە لەئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ ئاسایش (هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) دژی شانە نووستووەکانی داعش لەکەمپی هۆل کە هەزاران خێزانیان تێدایە.

یەکینەکانی پاراستنی ژنان لەچوارچێوەی پێکهاتەی سەربازی خۆیاندا چەندین بەشیان هەیە، لەوانە مەشق‌و ڕاهێنان، شەڕ، پاراستن‌و پەیوەندیی دیپلۆماسی.

شەڕڤانانی ژن لەیەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەناو هێزەکانی کۆماندۆو یەکەکانی دژە تیرۆر ئامادەییان هه‌یه‌، ئەوان مەشق‌و ڕاهێنانی چڕو تایبەتمەندیان وەرگرتووە، ئەمەش وایکردووە لەهەر ئۆپەراسیۆنێکی دژە تیرۆردا هێزێکی تۆكمه‌بن.

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، بەوتەی سەرکردەکانی، بۆ گەیشتن بەگۆڕانکاریی خوازراو لەپەیکەری کۆمەڵایەتی ناوچەی ڕۆژاڤا لەباکووری سوریا، دوای سەرهەڵدانی شۆڕش، دامەزراون.

یەپەژە چەندین ئامانجى هەبوو، لەوانە بەرگریکردن لەمافە نەتەوەییەکان، مافەکانی ژنان‌و گەیشتن بەدادپەروەری کۆمەڵایەتی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەدا.

لەمیانی دیدارێکی پێشووی لەگەڵ ڕۆهلات عەفرین ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ئاماژەی بەوەدا، ئەو یەکەیە "تاکە هێزی ژنە کە بەهەموو تواناکانییەوە ڕووبەڕووی داعش بووەتەوە، هەروەها دەبێت تایبەتمەندیی‌و ڕۆڵی داهاتووی داعش لەپاراستنی هەموو ژنانی سوریا بپارێزرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەری ئەوە هەیە یەپەژە ببێتە بەشێک لەسوپای سوریا، لەڕاستیدا یەپەژە دەتوانێت ببێتە نمونەیەک بۆ ژنانی سوریاو نموونەیەک بۆ سەربەخۆیی ژنان‌و بەرگریکردن لەخۆیان دابنێت.

ئەگەری ئەوە هەیە کە پێکهاتەی سوپای ژنانی سوریا بەو یەکانە لەقاڵب بدرێت، ئەمە تەنها شتێکە کە دەتوانم لەم قۆناغەدا بیڵێم.


  • مووچه‌ى مانگى هه‌شت زۆر دواده‌كه‌وێت‌و ده‌چێته‌ هه‌فته‌ى داهاتووتر

  • رۆهلات عه‌فرین چۆن‌و بۆچى چوه‌ دیمه‌شق؟

  • چۆن بە پلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی ئۆجەلان دەستگیرکرا؟

  • باوه‌شه‌ گه‌رمه‌كه‌ى بارزانى‌و فیدان‌و نامه‌كه‌ى مه‌زڵوم عه‌بدى

  • پێشبینیكاره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى جیهان له‌باره‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران‌و ئاینده‌ى كورده‌وه‌ زانیاریى دڵخۆشكه‌ر ئاشكراده‌كات

  • ئەمریكا روبەڕوبونەوەى میلیشیاكانى شیعە دوادەخات

  • تورکیا بەهێنانی 20 هەزار ئیخوان لە حەلەبەوە هەڕەشە لە سوریای داهاتو دەکات

  • مەزڵوم کۆبانێ، مێزەکەی ئەحمەد شەرعی قڵپکردەوە

  • سه‌ربارى ڕێكه‌وتن‌و ئاگربه‌ست گروپه‌ سوریه‌كانى سه‌ر به‌توركیا گه‌مارۆى سه‌ر كوردیان نه‌شكاندوه‌و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌ئارادایه‌

سەرەکی