2026-07-13 217 جار خوێنراوەتەوە

باجی فرۆشتنی نەوتی هەرێم؛ تورکیا بە قەرەبووکردنەوەی 1.4 ملیار دۆلار بۆ عێراق ناچار دەکرێت

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هەموو شتێک لەوبارەیەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت پێویستە لە سامانی کەسیی ئەردۆغان بدرێت

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەڵگەنامە شاردراوەکانی دۆڕاندنی کەیسی نەوتی هەرێم ئاشکرا دەکات، داوا دەکات سزای 1.4 ملیار دۆلارییەکە لە سامانی کەسیی ئەردۆغان بدرێت.

پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە بەڵگەنامە فەرمییەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریسی سەبارەت بە سەپاندنی سزایەکی دارایی قورس بەسەر ئەنقەرەدا ئاشکرا کرد کە تێیدا تورکیا ناچار دەکرێت بڕی ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە حکومەتی عێراق، ئەم دۆسیەیەش کە ڕەگ و ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێکردنی هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان و دواتر ڕاگرتنی بە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی لە ئێستادا ناوخۆی تورکیای هەژاندووە.

مێژووی دەستپێکردنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان

پرۆسەی هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە ساڵی 2014ەوە قۆناغێکی نوێی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هێنایە ئاراوە کاتێک حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەکی نوێوە نەوتی کێڵگەکانی گواستەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای تێڕوانینی جیاوازی هەردوو لا بوو بۆ دەستووری عێراق بە شێوەیەک کە بەغدا بە کارێکی نادەستووری و قاچاخ دەزانی و هەرێمیش بە مافێکی یاسایی خۆی لە قەڵەم دەدا، لەم نێوەندەدا تورکیا ئاسانکاری تەواوی بۆ پڕۆسەکە کرد و نەوتی هەرێمی لە بەندەرەکەیەوە ڕەوانەی دەرەوە دەکرد لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی فەرمی عێراق و بە نرخێک کە کەمتر بوو لە نرخی فەرمی بازاڕی عێراقی، ئەمەش وایکرد بەغدا لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس کەیسێکی یاسایی لە دژی ئەنقەرە بجوڵێنێت.

بڕیاری دادگای پاریس و ڕاگرتنی کتوپڕی نەوت

دوای چەندین ساڵ لە ململانێی یاسایی چڕ دواجار لە ساڵی 2023 دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس (ICC) بڕیاری کۆتایی خۆی لە بەرژەوەندی بەغدا دەرکرد و عێراق بە تەواوی کەیسەکەی بردەوە، دادگاکە ڕایگەیاند کە کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی تەنیا لایەنی شەرعییە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت و بەم شێوەیەش بە بڕیاری دادگا ڕێ لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان گیرا کە ڕۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل بوو و بە تەواوی ڕاگیرا، ئەم ڕاگرتنە لەناکاوە هەم زیانی قورسی ئابووری گەیاندە داهاتی هەرێم و هەم حکومەتی هەرێمی ناچارکرد بۆ خەرجکردنی بودجە و مووچە بەرەو بەغدا بگەڕێتەوە و ڕێککەوتن لەسەر چۆنیەتی هەناردەکردنی نەوت بکات کە تەنیا لە ژێر ڕێنمایی کۆمپانیای سۆمۆدا بێت

بەڵگەنامە شاردراوەکان و سەپاندنی سزای 1.4 ملیار دۆلاری بەسەر تورکیادا

دەرەنجامە یاساییەکانی ئەم دۆسیەیە لە ئێستادا لە ناوخۆی تورکیادا تەقیوەتەوە کاتێک ڕۆژنامەی زەمانی تورکی لە زاری دەنیز یاڤوز یڵماز پەرلەمانتاری پارتی کۆماریی گەل (CHP) بەڵگەنامە فەرمییەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریسی بڵاوکردەوە، بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە دادگا ئەنقەرە ناچار دەکات بڕی ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە حکومەتی عێراق، ئەم پەرلەمانتارەی ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاندووە کە حکومەتی ئاکپارتی (AKP) کەیسەکەی دۆڕاندووە و هەوڵی دابوو ئەم بەڵگەنامانە لە ڕای گشتی بشارێتەوە، هەروەها پێداگیری دەکات کە نابێت ئەم بارگرانییە داراییە گەورەیە بخرێتە سەر شانی هاووڵاتییانی تورکیا و لە بودجەی گشتی یان باجی خەڵک بدرێت بەڵکو پێویستە ئەم بڕە پارەیە ڕاستەوخۆ لە سەروەت و سامانی کەسیی سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەربگیرێت چونکە دەسەڵات خۆی بەرپرسیارە لەو زیانە نێودەوڵەتییە.

  • کۆتاییهاتنی قۆناغی دانوستان و دەستپێکی هێرشە چڕەکان؛ هۆکارەکانی بێدەنگیی ئیسرائیل و کێشانی نەخشەی نوێی شەڕ لەلایەن ئەمریکاوە

  • نەخشەڕێگای قەندیل و کورد بۆ پرۆسەی ئاشتی؛ یاسای چوارچێوە بەبێ ئیمراڵی بە مردوویی لەدایک دەبێت

  • به‌رگریی شارستانی هۆشداریده‌دات؛ ئه‌وانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ئاوه‌وه‌ 25%یان ده‌خنكێن

  • سێگۆشەی مەرگ و واقیعی پەرتەوازیی کورد

  • پڕۆژەی ڕووناکی؛ یان تەڵەیەکی تاریکی باج و قۆرغکاری؟

  • لە نێوان چەکوشی بەغداد و نەمانی چەتری ئەمریکا؛ داهاتووی قەوارەی هەرێم چی بەسەر دێت؟

  • لێواری تەقینەوە؛ توندبوونی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەوڵی نەتانیاهۆ بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ترەمپ

  • پشت پەردەی کودەتاکەی ٢٠١٦ ی تورکیا؛ کودەتا یان سیناریۆیەک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەردۆغان؟

  • گەردەلوولی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئێران؛ ترەمپ فشاری کشانەوە دەخاتە سەر ئیسرائیل

سەرەکی