2025-06-25 8308 جار خوێنراوەتەوە

دواى هەڵوەشانەوەى پەكەكە؛ پارتى بەردەوامە لەچاوساغى بۆ تورك

 

پوختە

بەدرێژایى چەند ساڵى رابردو، بەتایبەت لە دواى كەوتنى دەسەڵاتى بەعس لە عێراق، حكومەتى ئەنقەرە بەردەوام لە ناوچەكانى پارێزگاى دهۆك و ناوچە سنورییەكان بە چاوساغیى پارتى دیموكراتى كوردستان و بە مەبەستى لێدانى گەریلاكانى پەكەكە و بیانوى ترى جۆراوجۆر، بەردەوامبوە لەسەر لەشكركێشى و بۆردومانى ناوچە شاخاوییەكان و گوندو دێهاتەكانى كوردستان و بڕینەوەى درەخت و تێكدانى ژینگەو سەوزایى هەرێم و دانانى بارەگاى نایاسایى و چەندین كارى دژە مرۆڤانەى تر.

ئۆپەراسیۆنەكان دواى خۆهەڵوەشانەوەى پەكەكەش هەر بەردەوامن

ئەوەى جێى سەرنجە لەم كردەوە فاشیستانەیەى دەوڵەتى تورك؛ ئەوەیە كە سەرەڕاى ئەوەى پارتى كرێكارانى كوردستان لە راگەیاندراوێكى فەرمیى دا ئاماژەى بە خۆهەڵوەشانەوەى خۆى دا، كەچى پارتى و توركیا لە دژایەتیكردنى ئەو حزبەو درێژەدان بە لەشكركێشى بەردەوامن و لە ئێستاشدا دەوڵەتى تورك هیچ بەڵێنێكى سەبارەت بەو هەڵوێستەى پەكەكە نەبردۆتە سەر.

بەپێى وتەى چاودێرانى سیاسى، ترسى توركیا ترسێكى گەورەیە سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەگەرچى لە ئێستاشدا پەیوەندییەكى خراپى هەیە لەگەڵ ئیسرائیل دا، بەڵام بەهیچ جۆرێك بڕیارى كشانەوەى لە هەرێم نەداوەو دەستوەردانەكانى دەوڵەتى عوسمانى تازە "كە وەك خۆیان ناوى دەنێن" لە زۆرێك لە وڵاتانى ناوچەكە بە باشور و رۆژهەڵاتەوە بە ئاشكرا هەستى پێدەكرێت و بەردەوام تاوانى گەورەش ئەنجامدەدەن، كە بەشێكى ئەو تاوانانە دەكەوێتە ئەستۆى پارتى وەك حزبى یەكەمى دەسەڵاتدار لە هەرێم.

راى سیاسەتمەداران و بەرپرسانى هەپەگە و كەجەكە چییە لەوبارەیەوە؟

ماوەیەكى زۆرە بەردەوام بەرپرسانى ئەو دولایەنەو سیاسەتمەدارانى سەربەخۆ لەسەر ئەو پرسە چ لە رابردو چ لە ئێستادا لێدوانیان لە دژى داگیركاریى دەوڵەتى تورك بە چاوساغى پارتى داوەو هۆكارى لەشكركێشییەكانیش بەشێكى زۆرى بۆ ناكۆكى پارتى لەگەڵ پارتى كرێكارانى كوردستان دا دەگەڕێتەوە، بەهۆى ئەوەى پەكەكە هێزێكى كاریگەرو گەورەیە لەناوچەكەدا و لەرێى ئایدیۆلۆژیایەكى جێگیرەوە سیاسەت دەكات و دورە لە خێڵگەرایى و میراتى تەوریسی سیاسى.

فایەق گوڵپى سیاسەتمەداریى كورد؛ لە چاوپێكەوتنێكى دا بۆ ئاژانسى هەواڵیى هاوار نیوز ئاماژەى بەوەداوە، كە کاتێک سوپای تورکیا دەستدرێژی کردە سەر هەرێم، دەبو هەڵوێستێکی پتەوی حکومەتی هەرێم هەبوایە، بەتایبەت لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، چونکە ئەو ناوچەیەی کە لەشکرکێشییەکانی تێدا ڕویداوە ناوچەى جێنفوزى پارتین، بەڵام بەوپێیەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم؛ جێگری سەرۆکی پارتين، دەتوانین بڵێین ئەم حزبە پەسەندی لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات و ئەم حزبەش بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە. بەهەمان شێوە کاتێک هەڵوێستی لایەنەکانی تر دەبینین، هەست بەوەدەكرێت كە هەڵوێستێكى بوێرو نیشتمانپەروەرانەو نەتەوەییان نییە، و بێدەنگن لەم دەستدرێژییە، ئەوكاته دەتوانین بڵێین ڕازین، چونکە وەک دەوترێت "بێدەنگی ڕەزامەندییە".

گوڵپى، لەو چاوپێكەوتنەدا ئەوەى رونكردۆتەوە كە دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان دوای ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی دێت كە پارتی دەسەڵاتداری سەرەکی هەرێمە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە چەندین ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی تورکیا و حکومەتی هەرێم و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە، چونكە داواکاریی ڕەوانەکردنی سەربازی تورکیا بۆ بەعشیقە لە نزیک موسڵ؛ ساڵانێک لەمەوبەر بەڵگەی یەکلاکەرەوەى ئەوە دەخاتەڕو کە ئەم لەشکرکێشییە بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێم ڕویداوە.

ئەگەرچى هێزەكانى پاراستنى گەل لە یەكى ئادارەوە لە ئاگربەستدان بەڵام تا ئێستا ئەو لەشكرێشییانە وەك خۆیان بەردەوامن، ئەوەتا ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) چەندینجار دەربارەی بەردەوامبونی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەكانی سوپای داگیركەرى دەوڵەتی توركیا ڕاگەیاندراوى بڵاوكردۆتەوەو سەركۆنەى هێرشەكانى كردوەو لە یەكێك لەو راگەیاندراوانەدە دەڵێت: لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی پارتی پەكەكەمان و فەرمانی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیی گەلمان، هێزەكانمان لە ١ی ئاداری ٢٠٢٥ەوە كەوتونەتە پێگەی ئاگربەستەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هێزەكانمان لە پێگەی ئاگربەستدان، هێرشەكانی سوپای دەوڵەتی تورك لە ئاسمان و زەمینەوە بەردەوامە.

پێشتریش كۆمیتەی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەى بەوەدابو كە سوپای توركیا تەنها بۆ داربڕین نەهاتوە، بەڵکو بۆ  داگیركاریی هاتوە؛ داگیركاریش واتە سوتاندن و بڕینی دارستان و دزینی هەمو میراتی كەلتوری و مێژویی، بۆیە داوا لەلایەنەکان دەکەین لە دژی ئەم هێرشانەی سوپای توركیا بوەستنەوە و هەمو هێزی سیاسی، جەماوەری، دیپلۆماسی و سەربازی خۆیان بە بەرەنگاربونەوەی داگیركاریی تەرخان بكەن.

هاوكات، لە ماوەى سێ ساڵى رابردودا توركیا بەردەوام چەكى قەدەغەكراوى بەكارهێناوەو بەڵگەش بۆ ئەمە راگەیاندراوێكى فەرمى "هەپەگە"یە؛ كە تێیدا هاتوە، تورکیا بەرگەی بەرخۆدانی گەریلایان نەگرتوە، چەکی "گازی فسفۆڕ"یان لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆداندا بەکارهێناوە، هاوکات 20 جار بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنیی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی و نۆ جاریش بە فڕۆکەی جەنگی هێرشیان ئەنجامداوە.

ئەو گوندو ناوچانەى ئامانجى بۆردومانەكانى توركیا بون

بەپێى ئەو داتایانەى دەست "ئیرادە" كەوتوە، دەوڵەتى داگیركارى تورك لە سەرەتاى ئۆپەراسیۆنەكانییەوە لەناو خاكى باشورى كوردستان و بە چاوساغى پارتى؛ چەندین شوێن و گوند و دێهاتى كوردستانیان بۆردومانكردوەو خەڵكەكەیان ئاوارە كردوەو لەرێیەوە هێرشیان كردۆتە سەر گەریلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان، بەشێك لە ناوچەكانیش ئەمانەن: تونێلەکانی شەڕ لە ڕۆژئاوای زاپ، خواكوڕك، ناوچەی گارە، مەتینا، شاخی ئامێدی، هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، گۆڕەپانی سەرگەلێ، گۆڕەپانی شاخی جودی، گۆڕەپانی سپیندارە، شاخی مەسەكەنە، دێڕەشە، دەشتی كافیا، گۆڕەپانی بەربزنە، لۆلان، كەندەكۆلا، مژێ، گرگاشە، شاخی زەنگل، كانی ساركە، زێڤكە، شێلادزێ، بێشەلی، و چەندین گوند و ناوچەى ترى كوردستان لە باكورو باشور.

 

 

  • سوريا له‌به‌رده‌م گۆڕانكاريدايه‌؛سێ هه‌رێم و يه‌ك وڵات

  • هەرێمی کوردستان لە نێوان رادەستکردن نەوت بە بەغداد و تەقینەوەی ناوخۆیی

  • بەشێک لە كۆمپانیاکان به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتیان لەکێڵگە نەوتییەکانی هه‌رێم ڕاگرت

  • بەبێ باسکردنی مووچە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆتاییهات

  • دروزه‌كان كێن و چييان له‌ سورياي نوێ ده‌وێت؟

  • دادگای فیدراڵی فەرمانێكى سالاریى بۆ موچەى هەرێم دەردەكات

  • ئیسرائیل پلانى هێرشێکی ئەتۆمیی تاکتیکی بۆ سەر ئێران هەیە

  • سوپای عێراق روبەڕوى هەڵمەتێكى ئەلیکترۆنی گەورە دەبێتەوە

  • گەریلاکان چۆن لە قەندیلەوە بە ڕێکەوتن بۆ جاسەنە

سەرەکی