عبدالرحمان ئازاد حسن
18/07/2026
50 جار خوێنراوەتەوە
ئەو کاریگەریە یاساییانەی کە لە حوکمەتی ماوەبەسەرچوو(کاربەڕێکەر)دەکەوێتەوە
بەناوی خودا… لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا و لە سەر شاشەی تیڤیەکان و لە هەمو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گوێبیستی وشەی کار بەڕێکەر دەبین بەزۆری، لەڕوی تێگەیشتنەوە خودی وشەکە بەمانای حوکمەتێک دێت کە کاتی یاسایی تێپەڕاندوە و پێویستە ئەپدەیت بکرێتەوە و دەستەیەکی حوکمڕانی دیکە بێنە جێگەی.شایەنی باسە دادگا نیشتیمانیە پلەباڵاکانی وڵات ئەم حوکمە بەسەر حوکمەتدا دەسەپێنن،لە ئەمڕۆدا و لە کوردستان بەزۆری دەنگۆی دەرکردنی ئەم بڕیارە هەیە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیەوە بۆیە ئەگەر دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق بڕیارێک دەربکات کە بەپێی ئەو بڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی کاربەڕێکەر (تصریف الأعمال یان ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی ڕۆژانە) بناسێنێت، ئەوا چەندین کاریگەری یاسایی گرنگی لێدەکەوێتەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
1. کۆتەبەندکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن(حوکمەت):
دەسەڵاتی حکومەت تەنها کورت دەبێتەوە لەسەر بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە و ئاسایی، و بۆی نییە بڕیاری ستراتیژی یان درێژخایەن بدات. 2. ڕێگەپێنەدان بە واژۆکردنی گرێبەستە گەورەکان:
مافی واژۆکردنی هیچ گرێبەست یان ڕێککەوتننامەیەکی نییە کە کاریگەری دارایی یان یاسایی گەورەی هەبێت، مەگەر لە حاڵەتێکدا کە زۆر پێویست بێت و دواخستن هەڵنەگرێت.
3. دوورکەوتنەوە لە دامەزراندن و لادانی پلە باڵاکان:
بۆی نییە هیچ دامەزراندنێک یان لادانێک لە پۆستە باڵاکاندا ئەنجام بدات، مەگەر لەو حاڵەتە زۆر پێویستانەی کە یاسا ڕێگەی پێداون.
4. پێشنیازنەکردن و جێبەجێنەکردنی سیاسەتی نوێ:
پێویستە خۆی بەدوور بگرێت لە داڕشتنی بەرنامە یان سیاسەتی گشتی نوێ کە حکومەتی داهاتوو پابەند بکات.
5. بەردەوامبوونی دامەزراوە گشتییەکان:
پابەند دەبێت بە دەستەبەرکردنی بەردەوامبوونی کارەکانی دامودەزگاکانی دەوڵەت، دابەشکردنی مووچە، و خەرجییە پێویستەکان بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی گشتی.
6. کەوتنە ژێر چاودێری دادوەری:
هەر بڕیارێک کە لە سنووری کاروباری کاربەڕێکردنی ڕۆژانە دەربچێت، دەکرێت تانەی لێبدرێت لەبەردەم دادگای تایبەتمەنددا، و ئەگەر بسەلمێنرێت کە بڕیارەکە لە دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەر دەرچووە، ئەوا بڕیاری نادروستی (نایاسایی) بەسەردا دەسەپێنرێت.
7.هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارە ستراتیژیەکان کە سنوری کاری ڕۆژانەی ئاسایی تێپەڕاندوە و زیادەڕۆی گەورەی تێدا کراوە تەنها ئەوانە نەبێ کە زۆر گرنگ و پێویستن.
لەلایەنی دەستوورییەوە، بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەندکەرن بەپێی ماددەی (94) لە دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005، و بڕیاری کۆتایین و توانای تانەلێدانیان نییە.
«خودا خاک و وڵات و گەلەکەمان بپارێزێت»
عبدالرحمان ئازاد خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی گەرمیان.
|