3   کاتژمێر پێش ئێستا 34 جار خوێنراوەتەوە

گرنگترین بابه‌ته‌كانی سه‌رمێزی گفتوگۆكانی تره‌مپ له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو چین؟

ئیرادە میدیا

وا بڕیاره‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سێشه‌ممه‌ی ئاینده‌ 13-5-2025، به‌ گه‌شتێك سه‌ردانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات و سێ ڕۆژ له‌ناوچه‌كه‌دا بمێنێته‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ردانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی "سعودیه‌، ئیمارات و قه‌ته‌ر" ده‌كات، له‌م سه‌ردانه‌ی تره‌مپدا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هیچ ده‌نگوباسێك له‌باره‌ی سه‌ردانی تره‌مپ بۆ ئیسرائیل ئاماژه‌ی بۆ نه‌كراوه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ی جیاواز له‌ ئاردایه‌.

به‌ڵام ئه‌م سه‌ردانه‌ی تره‌مپ گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ له‌ناو پشێوییه‌كی گه‌وره‌ی جیۆساسیدایه‌ و له‌و ماوه‌یه‌شدا گه‌لێك گۆڕانكاری ڕیشه‌یی ڕوویانداوه‌، له‌وانه‌ شه‌ڕی "ئیسرائیل-حه‌ماس و وێرانبوونی غه‌ززه" و به‌رده‌وامی كاره‌ساتی مرۆیی له‌و هه‌رێمه‌دا‌، لاوازكردنی تا دوائه‌ندازه‌ی حزب الله و ڕوخانی ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و لاوازبوونی هه‌ژموونی ئێران له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و ده‌ركه‌وتنی ئیسرائیل وه‌ك هێزێكی گه‌وره‌ و كاریگه‌ری هه‌رێمی، ئه‌وه‌ش واده‌كات گه‌لێك بابه‌تی گه‌رم له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كانی تره‌مپ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی وڵاتانی كه‌نداو بخرێنه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ، به‌ڵام تره‌مپ پێش ئه‌و پرسه‌ سیاسییانه‌ وه‌ك سه‌رۆكێك به‌ پاشخانی كه‌سێكی سه‌رمایه‌داره‌وه‌، چاوی له‌ قازانجی ئابوورییه‌.  

په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌مریكا:

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت جگه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دوولایه‌نییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و وڵاتانی كه‌نداو چه‌ند پرسێكی تری سه‌ره‌كی ئابووری ببنه‌ بابه‌تی گفتوگۆكانی نێوانیان، له‌وانه‌: "گفتوگۆكردن له‌باره‌ی نرخی نه‌وت كه‌ ئه‌مریكا فشار ده‌كات تا سعودییه‌ و وڵاتانی تری كه‌نداو كار بكه‌ن بۆ دابه‌زینی هه‌رچی زیاتری نرخی نه‌وته‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان، هه‌روه‌ها واژۆكردنی چه‌ند ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك له‌بواری سه‌ربازی و كڕینی چه‌كی ئه‌مریكی له‌ لایه‌ن وڵاتانی كه‌نداوه‌وه‌".

هه‌روه‌ك سعودیه‌ ده‌مێكه‌ خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا ڕه‌زامه‌ندی بدات له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنانی وڵاته‌كه‌ی له‌بواری ناوه‌كیدا بۆ لایه‌نی مه‌ده‌نی، پێشتر ئه‌مریكا، به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می جۆ بادیندا مه‌رجی بۆ وه‌به‌رهێنانی ناوه‌كی سعودی ئه‌وه‌ بووه‌ ده‌بێت سعودییه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاته‌وه‌، به‌ڵام پێده‌چێت دوای ئه‌م سه‌ردانه‌ی تره‌مپ‌ ئه‌م مه‌رجه‌ی ئه‌مریكا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت، له‌سه‌ر ئاستی  سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیش سعودیه‌ مانگی ڕابردوو له‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌ی ڕۆڵی ناوه‌ندگیری هه‌بوو له‌ پرسی ئاشته‌وایی نێوان ڕوسیا-ئۆكرانیا، هه‌روه‌ك سعودیه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی له‌ تره‌مپ هه‌یه‌ كه‌ یارمه‌تی بدات له‌ به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی سوریا و لابردنی ئابڵوقه‌ی ئابوری نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌.

پێشبینیش ده‌كرێت ئیمارات چه‌ند ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا له‌بواری زیره‌كی ده‌ستكرددا واژۆ بكات، كه‌ به‌مدوایانه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ پێیان وایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیمارات وه‌ك وڵاتێكی پێشه‌نگ له‌ناوچه‌كه‌دا بمێنێته‌وه‌ پێویسته‌ هاوشان به‌ پێشكه‌وتنه‌كانی بواری زیره‌كی ده‌ستكرددا بڕوات كه‌ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی ئه‌مریكا له‌م بواره‌دا ڕۆڵی هه‌ره‌ سه‌ره‌كییان هه‌یه‌، له‌ بواری سیاسیشدا پێده‌چێت مه‌ترسی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌كانیان له‌ ئاسایشی هاتوچۆی كه‌شتیوانی له‌ ده‌ریای سوردا ببێته‌ یه‌كێك له‌ پرسه‌كانی گفتوگۆی تره‌مپ و به‌رپرسانی ئیمارات.

هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مریكا كۆمه‌ڵێك ڕێكه‌وتننامه‌ له‌ بواره‌كانی وزه‌ و وه‌به‌رهێنان و ئاسایش له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر واژۆ بكات،ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ پرسه‌ سیاسییه‌كان كه‌ قه‌ته‌ر ڕۆڵی ناوه‌ندگیری تێدا ده‌بینێت وه‌ك دانوستانه‌كانی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل، هه‌روه‌ها یارمه‌تیدانی ده‌سه‌ڵاتی كاتی سوریا له‌ڕووی ئابووری و ئاسایشه‌وه‌.

دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی كه‌نداو به‌تایبه‌ت سعودیه‌ و ئیمارات، له‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌میشدا تره‌مپ سه‌ردانی سعودییه‌ كردبوو و ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی گرنگی له‌ بواری ئابووریدا له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا واژۆكردبوو، كه‌ به‌لای ئه‌وه‌وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ كاره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی له‌ بواری سیاسیدا و گه‌لێك جاریش له‌ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكادا له‌ ساڵی ڕابردوودا ئاماژه‌ی بۆ كردبوو.

گه‌رچی گه‌لێك هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تره‌مپ له‌م سه‌ردانه‌یدا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت بۆ وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، سه‌ردانی ئیسرائیلیش بكات، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌ پلانی ڕاگه‌ینراوی كۆشكی سپیدا نییه‌، هه‌ردوێنێش تۆماس فریدمان، ڕۆژنامه‌نووسی ناوداری ئه‌مریكایی له‌ ڕۆژنامه‌ی نیۆرك تایمزدا وتارێكی بڵاوكردۆته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌ی نه‌ته‌نیاهۆ و حكومه‌ته‌كه‌ی پێی هه‌ستاون ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ دۆستی ئه‌مریكا نییه‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان به‌بێ گوێدانه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا سیاسه‌ته‌كانیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌ڵده‌سوڕێنێن، هه‌روه‌ك سه‌ردانی نه‌كردنی ئیسرائیل به‌وه‌ داده‌نێت كه‌ ئیدی تره‌مپ ده‌ركی به‌وه‌ كردووه‌ چیتر نه‌ته‌نیاهۆ هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ گه‌لی جوله‌كه‌ هێشتاكه‌ خۆیان به‌ هاوپه‌یمانێكی جێگیری ئه‌مریكا ده‌زانن.

  • گرنگترین بابه‌ته‌كانی سه‌رمێزی گفتوگۆكانی تره‌مپ له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو چین؟

  • فەلەستین بەرەسمی برسیەتی لە غەززە راگەیاند

  • 3ی ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریی

  • کەناڵی BBC لەبارەی تاوانەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم، زانیاری گرنگ ئاشکرادەکات

  • ئیخوان موسلیمین لەسەرهەڵدانەوە بۆ قەدەغەکردن

  • کوردەکانی تورکمانستان

  • فیل و کەر؛ هێمای سەرەکی دوو حزبە سیاسییەکەی ئەمریکا

  • ئیسرائیل رێگەی نەدا توركیا سیستمی بەرگری ئاسمانی لە فرۆکەخانەی T4 لە سوریا جێگیر بكات

  • پێكهێنانه‌وه‌ی حكومه‌ت یان دوبارەکردنەوەی ڕێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی

سەرەکی