2025-03-09 106 جار خوێنراوەتەوە

وته‌بێژی كۆشكی سپی: مۆڵه‌تی كڕینی كاره‌بای ئێرانمان بۆ عێراق نوێ نه‌كردووەته‌وه‌

ناوەندی هەواڵ

 تامی برۆس ووته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕایگەیاند، ئیداره‌ی تره‌مپ مۆڵه‌تی كڕینی كاره‌بایی ئێرانمان بۆ عێراق نوێ نه‌كردووەته‌وه‌، واشنتۆنیش سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ نه‌د‌ات به‌ هیچ جۆره‌ یارمه‌تییه‌كی ئێران، نه‌ له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ نه‌ له‌ ڕووی داراییه‌وه‌.

وته‌بێژەکە، ئاشكرایكردووە، "هه‌ڵمه‌تی دوائاست له‌ فشار كه‌ تره‌مپ له‌ به‌رامبه‌ر ئێراندا خستویه‌تییه‌ گه‌ڕ، ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران كۆتایی پێبهێنێت و به‌رنامه‌ی موشه‌كه‌ بالیستییه‌كانیشی كه‌م بكاته‌وه‌ و ده‌ستبه‌رداری هاوكاریكردنی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانیش ببێت.

تامی برۆس، داوای له‌ عێراق كردووە، كه‌ بەزوویی و به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستبه‌رداری پشت به‌ستن به‌ وزه‌ی ئێرانی ببێت.

هه‌ینی ڕابردوو، سكۆت پێنس وه‌زیری حه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا وتی، كاركردن بۆ مایه‌پوچكردنی جارێكی تری ئێران، ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای سیاسه‌تی پێداچوونه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌مریكا.

له‌ لایه‌كی دیکەوە، باسم عه‌وادی وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ڕایگه‌یاند، عێراق به‌ فه‌رمی له‌ كۆتایهاتنی مۆڵه‌ت و لێخۆشبوونی له‌ كڕینی گازی ئێرانی ئاگادار نه‌كراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك حكومه‌تی عێراق پلانی جێگره‌وه‌ی داناوه‌ بۆ هه‌ر پێشهاتێك كه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌ له‌ ڕووی هاورده‌كردنی یان نه‌كردنی غازی ئێران.

عه‌وادی ڕاشیگه‌یاند، عێراق 50 ملیۆن پێ چوارگۆشه‌ له‌ ئێرانه‌وه گاز‌ هاورده‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌ك له‌سه‌ر سێی وزه‌ی به‌رهه‌مهاتووی ئێران پێك ده‌هێنێت".

 بەوتەی عه‌وادی، به‌مزوانه‌  کێشەی هاوردەکردنی غازی تورکمانستان چارەسەر دەبێت و پێشبینی دەکات لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا لە ڕێگەی خاکی ئێرانەوە بگاتە وێستگەکانی کارەبای عێراق، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش سه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا عێراق پلانی هه‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ی سه‌كۆی گازه‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ كه‌شتییه‌ پڕ له‌ گازه‌كان له‌نێو ده‌ریا كه‌‌ به‌ هێڵی بۆری تایبه‌ته‌وه‌ ده‌به‌سترێن به‌ وێستگه‌ی كاره‌بای به‌سڕه‌وه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات".

چه‌ند جارێك هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئیداره‌ی تره‌مپ له‌ ساڵی 2018 و ئیداره‌ی بایدن لێخۆشبوونیان بۆ عێراق ده‌ركردووه‌ تا بتوانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی سزا ئابوورییه‌ سه‌پێنراوه‌كانی سه‌ر ئێراندا، وزه‌ی پێویستیی خۆی له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ بكات، به‌ڵام له‌ یاداشتی سه‌رۆكایه‌تی بۆ ئاسایشی نیشتیمانیدا كه‌ له‌ 4ی شوباتی ئه‌مساڵ واژۆی كرد، سه‌رۆك تره‌مپ به‌ڵێنیدا هیچ لێخۆشبوون و ڕێگه‌پێدانێك بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌رتی وزه‌ی ئێرانیدا نوێ نه‌كاته‌وه‌، ئامانجی ئیداره‌ی تره‌مپ ئه‌وه‌یه‌ تا دوا ئاست فشاری ئابووری بخاته‌ سه‌ر تاران تا ده‌ستبه‌رداری به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی و به‌رنامه‌ی مۆشه‌كی بالیستی و هاوكاری ئه‌و گروپانه‌ ببێت كه‌ واشنتۆن به‌ گروپی تیرۆریستی ناوزه‌دی كردوون.

تره‌مپ نه‌یشاردووەته‌وه‌ كه‌ ده‌یهه‌وێ ئێران له‌ ئابووری جیهان به‌ ته‌واوه‌تی داببڕێت و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت و گازی ئێران به‌ ته‌واوه‌تی ڕاگرێت تا ئێران ناچار بكات ده‌ست له‌ به‌رنامه‌كانی بۆ دروستكردنی چه‌كی ئه‌تۆمی بهێنێت، له‌به‌رامبه‌ردا ئێران ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی دروستكردنی چه‌كی ناوه‌كی بێت.چاوه‌ڕوان ده‌كرێت وه‌ستانی هاورده‌كردنی گازی ئێران بۆ وێستگه‌كانی كاره‌بای عێراق كێشه‌ی دیكه‌ بۆ بڕی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای عێراق دروست بكات، عێراق پێویستی به‌ 50 هه‌زار مێگاوات كاره‌با هه‌یه‌ له‌كاتێكدا ته‌نیا توانای به‌رهه‌مهێنانی 28 هه‌زار مێگاواتی هه‌یه‌.

 ڕاگرتنی به‌ بازاڕكردنی نه‌وتی ئێران ده‌كرێت كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر بڕی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا هه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مرێكا پێی باشه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراقی په‌له‌ بكه‌ن له‌ ڕێكه‌وتن و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی سۆمۆوه‌.          

  • گرنگترین بابه‌ته‌كانی سه‌رمێزی گفتوگۆكانی تره‌مپ له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو چین؟

  • فەلەستین بەرەسمی برسیەتی لە غەززە راگەیاند

  • 3ی ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریی

  • کەناڵی BBC لەبارەی تاوانەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم، زانیاری گرنگ ئاشکرادەکات

  • ئیخوان موسلیمین لەسەرهەڵدانەوە بۆ قەدەغەکردن

  • کوردەکانی تورکمانستان

  • فیل و کەر؛ هێمای سەرەکی دوو حزبە سیاسییەکەی ئەمریکا

  • ئیسرائیل رێگەی نەدا توركیا سیستمی بەرگری ئاسمانی لە فرۆکەخانەی T4 لە سوریا جێگیر بكات

  • پێكهێنانه‌وه‌ی حكومه‌ت یان دوبارەکردنەوەی ڕێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی

سەرەکی