2026-09-15 478 جار خوێنراوەتەوە

نیگەرانییەکانی تاران و فشاری واشنتن؛ هاوکێشە نوێیەکانی هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەی ناوچەییدا

هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گۆڕانکاریی سیاسی و ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت، بە جۆرێک لە لایەکەوە کەوتووەتە بەر دەرئەنجام و لێکەوتەکانی گرژییە هەرێمییەکان، و لە لایەکی تریشەوە لە ژێر فشاری بەردەوامی وڵاتە زلهێزەکانە بۆ یەکخستنەوەی ماڵی کوردی و چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان.

 زنجیرەی سەردان و کۆبوونەوە چڕە دیپلۆماسییەکانی ڕۆژانی ڕابردووی بەرپرسانی باڵای هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەن.

دیدارەکانی ئەمریکا؛ جەختکردنەوە لەسەر پێکهێنانی حکومەت و ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا

 لە چوارچێوەی جووڵە دیپلۆماسییەکانی واشنتندا، ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.

 لە دیداریدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لە شەرمەزارکردنی هێرشەکان بۆ سەر هەرێم و جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، لایەنەکان هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و پەرەپێدانی هەماهەنگی لە نێوان هەولێر و بەغدا لە پێناو پاراستنی مافە دەستوورییەکان و زیادکردنی داهاتی گشتی. هەروەها، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردەوە.

دوای ئەوەش، فەیگن لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی خێرای ناکۆکییە ناوخۆییەکان، پێکهێنانی کابینەی نوێ و پاراستنی هەرێم لە مەترسییەکانی ناوچەکە کرا، لە تەنیشت پشتگیریکردنی هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا. لە لایەکی ترەوە، ئەمریکا فشارێکی جدی لە پارتی و یەکێتی دەکات بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ کە زیاتر لە دوو ساڵە هەڵبژاردنی بۆ کراوە، و هاوکات داوای ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و نێوماڵی لایەنەکان دەکات لە بەرامبەر گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەدا.

سەردانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ تاران؛ پەیامی ئاشتی و تاوتوێکردنی دۆسیە ئەمنییەکان

 لە بەرامبەردا، ئاراستەی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ تاران گرنگییەکی تایبەتی هەبوو؛ بە جۆرێک کە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانی تاران کرد و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

ئەم سەردانە لە کاتێکدا هات کە پەیوەندییە نێوان هەردوولا لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی هەڵوێستە توندەکانی بافڵ تاڵەبانی لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا بەرامبەر بە بۆردومانکردن و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە، هەندێک گرژیی بەخۆوە بینیبوو.

ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە ئەمنی بوو؛ تاڵەبانی دەیویست نیگەرانییەکانی سلێمانی و ناوچەکە سەبارەت بە پاراستنی ئاسایش و سەروەری بگەیەنێتە تاران و جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوازی ئاشتییانە و دیالۆگی بەردەوام بکاتەوە. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێرانیش پێزانینی خۆیان بۆ ڕۆڵی یەکێتی دەربڕی لە پاراستنی سەقامگیریدا، و هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە بارگرژییەکان بەردەوام ببن.

ئەم دۆخە ئاڵۆزە دەریدەخات کە هەرێمی کوردستان لە چەند بەرەیەکەوە لە ژێر فشار دایە؛ لە لایەکەوە ئەمریکا بەدوای ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی و پێکهێنانی کابینەی نوێ و ڕێکكەوتنی ئابووری لەگەڵ بەغدایە، و لە لایەکی تریشەوە تاران چاودێریی وردی دۆخە ئەمنی و سیاسییەکانی هەرێم دەکات، ئەمەش وای کردووە کە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ناچار بێت هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان مەرجە دەرەکییەکان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا ڕابگرێت.

 

 

 

  • لە هەوڵی کودەتاوە بۆ پاراستن؛ لە دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگیدا چی وترا؟

  • یەکێتی؛ هونەری تواندنەوەی ڕکابەر و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان

  • گڵۆپەکەی نەوەی نوێ لە ڕووناککردنەوەی شەقامەوە بۆ تەمومژی هاوپەیمانیی دەسەڵات

  • سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران؛ جیاوازی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان و میدیای ئێرانی

  • قەیرانی گەرووەکان و هەڵاوسانی بێوێنە؛ هەرێمی کوردستان بێ ستراتیژ بەدیار گرانی و داڕمانی ئابورییەوە

  • چەکداماڵین لە گرووپە چەکدارەکان؛ قورسترین تاقیکردنەوەی دەسەڵات لەبەردەم عەلی زەیدیدا

  • یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێککەوتوون؟

  • ئەمریکا دەستی بە کشانەوە لە هەرێم کردووە بەڵام سیستمی بەرگریی دەهێڵێتەوە

  • کێشەی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای داناغاز سەرهەڵدەداتەوە

سەرەکی