2026-09-15 285 جار خوێنراوەتەوە

لە گەرووی هورمزەوە تا بازاڕە جیهانییەکان؛ لێکەوتەکانی جەنگی ئێران لەسەر ئاسایشی وزە و ئابووریی جیهانی

بازاڕەکانی وزە لە میانی جەنگی ئێراندا تووشی یەکێک لە سەخترین شۆکەکانی دابینکردن لە مێژووی هاوچەرخدا بوون، بەتایبەت کە گەرووی هورمز بووە میحوەری سەرەکیی قەیرانەکە.

دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ، هێشتا بارودۆخەکە لەرزۆکە؛ نەوت و گاز ڕەوانە دەکرێن، بەڵام بە بڕێکی زۆر کەمتر و نرخێکی زۆر بەرزتر، کە ئەمەش بووە هۆی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهانی. گەرووی هورمز نەک تەنها ٢٠٪ی بازرگانیی نەوت و گازی شلکراوە لەخۆدەگرێت، بەڵکو ڕێڕەوێکی ژیارییە بۆ زنجیرەی دابینکردنی شتومەکی ستراتیجیی وەک هلیۆم، پەین، ئەمۆنیا، پۆڵا و ئەلەمنیۆم.

لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، تێچووی دابینکردنی پێداویستیی گواستراوە لە ڕێگەی دەریاوە زیادی کرد و وڵاتانی هاوردەکار کەوتنە کێبرکێ بۆ بەدەستهێنانی جێگرەوەی گرانبەها. بەپێی خەمڵاندنەکانی سەنتەری توێژینەوەی وزە و هەوای پاک، تێچووی زیادەی سەر هاوردەکارانی نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان و گازی شلکراوە لە نێوان مانگی ئازار و ئابی ٢٠٢٦دا زیاتر لە ٣٣٠ ملیار دۆلار بووە.

بازدانی نرخەکانی نەوت و سووتەمەنی

نرخەکانی نەوت بە ڕێژەی ٢٥٪ بۆ برێنت و ٢٨٪ بۆ نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساسی ئەمریکی زیادی کرد. نەوتی خاوی برێنت کە پێش جەنگ لەسەر ٧٢.٤٨ دۆلار بوو، لە ٩ی ئازاردا گەیشتە سەروو ١١٩.٥٠ دۆلار. سەرەڕای کشانەوەی بڕێکی بێپێشینە لە کۆگا ستراتیجییەکان لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، بەڵام نرخەکان گۆڕانکاریی گەورەیان بەخۆوە بینی. تێکڕای نرخەکانی دیزڵ لە سەرانسەری جیهاندا بە ڕێژەی ٥٩٪ زیادی کرد و گەیشتە ١٦١ دۆلار بۆ بەرمیلێک، هەروەها بەنزین بە ڕێژەی ٤٣٪ هەڵکشا و گەیشتە ١٣٣ دۆلار، لە کاتێکدا دابینکردنی گازی نەوتی شلکراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕما و زیانی گەیاندە نزیکەی ٣.٤ ملیار کەس لە جیهاندا. لە ئەنجامی ئەم بەرزبوونەوەیە، تێچووی زیادەی سووتەمەنی لەسەر وڵاتانی هاوردەکار گەیشتە ٢٩٣.٦ ملیار دۆلار.

نەخشەی قازانجکەر و زیانلێکەوتووانی قەیرانەکە؛ عێراق لە پێشەنگی زیانلێکەوتوواندا

زیانلێکەوتووان و قازانجکەرانی قەیرانەکە

 داخرانی گەرووی هورمز بووە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی کەشتییە تێپەڕبووەکان بۆ ٤٠ کەشتی هەفتانە، بەراورد بە ٤٢٢ کەشتی لە پێش جەنگدا. هەناردەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێژەی ٤١٪ پاشەکشەی کرد و لە ١٦.٦٨ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ٩.٨٩ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزی. لەم میانەیەدا، عێراق زۆرترین زیانی بەرکەوت بە دابەزینی ٧٦.١٪ی هەناردەکەی، بەهۆی پشتبەستنی ڕه‌های بە گەرووی هورمز و نەبوونی هێڵی بۆڕی جێگرەوەی گەورە. هەروەها کوەیت و قەتەر زیانی گەورەیان بینی، لە کاتێکدا عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات توانیان تا ڕادەیەک زیانەکان کەم بکەنەوە بە هۆی پشتبەستن بە هێڵی بۆڕیی جێگرەوە کە دەچنە سەر دەریای سوور و کەنداوی عومان.

شۆکی دابینکردن و بازدانی مێژوویی نرخەکانی نەوت و سووتەمەنی

لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە گەورەترین قازانجکەری جەنگەکە دەرکەوت؛ هەناردەی نەوتی خاوی لە ڕێگەی دەریاوە بە ڕێژەی ٢٣٪ بەرز بووەوە و لە ئایاردا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی کە ٥.٦٤ ملیۆن بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا. پاڵاوگە ئەمریکییەکان و ڕووسیاش (کە هەناردەکەی ١٢٪ بەرز بووەوە) توانیان پشکی خۆیان لە بازاڕە جیهانییەکاندا فراوانتر بکەن.

گۆڕانکاری لە سیاسەتی هاوردەکردن و دابەزینی خواست لەسەر ئاستی جیهانی

دابەزینی خواست و داهاتووی بازاڕەکان لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمیی دابینکردن، داواکاریی جیهانی لەسەر نەوت پاشەکشەی کرد و چین وەک گەورەترین هاوردەکار هاوردەکردنی نەوتی بە ڕێژەی ٢٧٪ دابەزاند و لە حوزەیرانی ٢٠٢٦دا گەیشتە نزمترین ئاست لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا. قەیرانەکە جارێکی تر سەلماندی که پشتبەستن بە سەرچاوەی یەک لایەن و ڕێڕەوی تەسک مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی وزە، و پێویستە وڵاتان زیاتر پشتبەستن بە هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکان و پەرەپێدانی وزەی پاک بکەن بۆ خۆپاراستن لە شۆکە داهاتووەکان.

 

  • لە هەوڵی کودەتاوە بۆ پاراستن؛ لە دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگیدا چی وترا؟

  • یەکێتی؛ هونەری تواندنەوەی ڕکابەر و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان

  • گڵۆپەکەی نەوەی نوێ لە ڕووناککردنەوەی شەقامەوە بۆ تەمومژی هاوپەیمانیی دەسەڵات

  • سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران؛ جیاوازی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان و میدیای ئێرانی

  • قەیرانی گەرووەکان و هەڵاوسانی بێوێنە؛ هەرێمی کوردستان بێ ستراتیژ بەدیار گرانی و داڕمانی ئابورییەوە

  • چەکداماڵین لە گرووپە چەکدارەکان؛ قورسترین تاقیکردنەوەی دەسەڵات لەبەردەم عەلی زەیدیدا

  • یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێککەوتوون؟

  • ئەمریکا دەستی بە کشانەوە لە هەرێم کردووە بەڵام سیستمی بەرگریی دەهێڵێتەوە

  • کێشەی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای داناغاز سەرهەڵدەداتەوە

سەرەکی