2026-03-28 368 جار خوێنراوەتەوە

لێرەین تا تاران فێری ئازادی بکەین

ژن، ژیان، ئازادی" لە سەنگەرەکانی شاخەوە؛ کچانی ڕۆژهەڵات چۆن خەونی تاران دەهەژێنن

ناوەندی هەواڵ

ژن، ژیان، ئازادی" لە سەنگەرەکانی شاخەوە؛ کچانی ڕۆژهەڵات چۆن خەونی تاران دەهەژێنن

ڕاپۆرتێکی تایبەتی (Die Zeit)
لە نێوان تاشەبەردە سەختەکانی زنجیرە چیاکانی سنوری نێوان عێراق و ئێران، گەنجانێک هەن کە جیاوازن لە هاوتەمەنەکانی خۆیان لە ئەوروپا یان شارە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمانە ئەو کچە کوردانەن کە لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی ٢٠٢٢، ژیانی ئاسایی خۆیان جێهێشتووە و ڕوویان لە کەمپ و شوێنەکانی مەشقی سیاسی و سەربازی کردووە بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە هێزە چەکدارەکان، کە خەون بە ڕووخاندنی ڕژێمی تارانەوە دەبینێت .

لە زانکۆوە بۆ ناو سەنگەر
ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ژیانی ئەو کچە گەنجانەی کە قەڵەم و کتێبەکانیان بەجێهێشتووە و چەکیان هەڵگرتووە. ئەمانە تەنها شەڕڤان نین، بەڵکوو هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکن کە پێیان وایە "ئازادیی ئێران لە ئازادیی ژنەوە دەست پێ دەکات". یەکێک لە کچە شەڕڤانەکان بۆ گۆڤارەکە دەڵێت : "ئێمە لێرە تەنها بۆ فێربوونی بەکارهێنانی چەک نین، بەڵکوو لێرە فێری ئەوە دەبین چۆن سیستمێکی پیاوسالاریی چەند هەزار ساڵە لە مێشکماندا بڕووخێنین " .


ڕۆحێکی نوێ لە جەستەیەکی ماندوودا
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ئەم کچانە تەنها بۆ شەڕ نەهاتوون، بەڵکوو بۆ گۆڕینی مێژوو هاتوون. زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٢٥ ساڵدایە. یەکێک لە شەڕڤانەکان بە ناوی (ڕۆژدا) دەڵێت: "کاتێک ژینا ئەمینی کوژرا، تێگەیشتم کە چیتر ناتوانم لە تاران وەک مرۆڤێکی پلە دوو بژیم. چەک هەڵگرتن بۆ من تەنها بەرگری نییە، بەڵکوو سەلماندنی بوونی خۆمە وەک ژن."

ژیان لەژێر هەڕەشەی درۆنەکاندا
وردەکاریی نێو ڕاپۆرتەکەی " دی تسایتی ئەڵمانی " باس لەوە دەکات کە ژیان لە نێو کەمپ و تاشەبەردەکان پڕە لە مەترسی. کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) چاودێری ناوچەکە دەکات. شەڕڤانەکان ناچارن مۆبایلەکانیان بەکارنەهێنن یان سیمکارتەکانیان دەربهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا جلوبەرگی تایبەت بپۆشن کە لەگەڵ ڕەنگی سروشتدا تێکەڵ ببێت و بەردەوامیش پێویستە شوێنی مانەوەیان بگۆڕن بۆ ئەوەی نەکرێنە ئامانج ..


پەروەردە پێش چەک
خاڵێکی سەرنجڕاکێش لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەیە کە کاتی ئەم کچانە تەنها بە ڕاهێنانی سەربازی بەسەر ناچێت. ئەوان ڕۆژانە چەندین کاتژمێر تەرخان دەکەن بۆ خوێندنەوەی کتێب و گفتوگۆکردن لەسەر دیموکراسی و مافی کەمینەکان، لەوانەش گرنگتر فێربوونی مێژووی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکەڵ بوونیان بە جوگرافیا و کەلتورە جیاوازەکانیان لە کوردستانێکی گەورەدا، ئەم شەڕڤانانە پێیان وایە "شۆڕش لە مێشکەوە دەستپێدەکات، نەک لە لولەی تفەنگەوە" .

قوربانییەکی گەورە: پچڕانی پەیوەندی خێزانی
ڕاپۆرتەکەی " دی تسایت " بە وردی باس لە ئازاری دەروونی ئەم کچانە دەکات. زۆربەیان بۆ پاراستنی خێزانەکانیان لە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، هەموو پەیوەندییەکیان لەگەڵ ماڵەوە پچڕاندووە. هەندێکیان ساڵانێکە دەنگی دایکیان نەبیستووە، ئەمەش قورسترین بەشە لە ژیانی شۆڕشگێڕیی ئەواندا، بەڵام هەروەک چۆن ڕاپۆرتەکە باسی دەکات ئەم شەڕڤانانە پەیوەندیە نهێنیەکانیان لەگەڵ ناوەوەی شاردا نەپچڕاندووە، هەرئەوەش وا دەکات کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، زیاتر لە هەر کاتێک لەم هێزە ژنانەیە بترسێت. بۆیەشە بەردەوام گوشار دەخاتە سەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بێدەنگکردنی ئەو هێزانە، سەرباری ئەوا فشارانەش، ئەم شەڕڤانانە لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوام خەریکی خۆڕێکخستنەوە و خۆئامادەکردنن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکەیان .


لە ڕەهەندە سیاسییەکەدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کچانە لە نێوان دوو بەرداشدان، لەلایەکەوە ئێران گوشار دەخاتە سەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەم هێزانە چەک بکات و لە سنوورەکان دووریان بخاتەوە، لەلایەکی دیکەوە، ئەم هێزانە سوورن لەسەر ئەوەی کە ئەوان "دواهەمین هێوا و ئومێدی" گەلی کورد و ئازادیخوازانی ئێرانن و دەستبەردانی شۆڕش و چەکەکانیان نابن .
ئەو ڕۆژنامەنوسەی دی تسایت کە ڕاپۆرتەکەی ئامادە کردووە دەڵێت "ڕەنگە ئەم کچانە لە ڕووی سەربازییەوە نەتوانن ڕژێمێکی گەورەی وەک ئێران بڕوخێنن، بەڵام ئەوان سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی "لێشاوێکی هۆشیاری". ئەوان چیدی قبوڵی ناکەن بگەڕێنەوە بۆ ئەو ژیانەی کە تێیدا ژن تەنها ئامرازێک بووە، هەروەک چۆن یەکێک لە شەرڤانە کچەکان دەڵێت : "ئێمە لێرەین تا تاران فێری ئازادی بکەین " .

 

 

 

  • ئاڵۆزی و هەڕەشە؛ ئێران بۆ سەردەمی بەردین و گورزی تێكشكێنەر بۆ ئەمریكا

  • جێگرەوەی وشكانی؛ نەوتی عێراق لە كاریگەری هورمز ڕزگار دەكات؟

  • هێرشەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان چڕبوونەتەوە؛ كۆگایەكی رۆنی بەریتانی ئامانجی ئەم بەیانییەی درۆنێك بوو

  • كاریگەری و هۆشدارییەكان؛ بەڵگەكان پشت پەردەی رفاندنی رۆژنامەنوسە ئەمریكیەكە ئاشكرادەكەن

  • کۆڕەو ترس بوو لە مردن یان عەشق بۆ ئازادی؟

  • حەوت گرێ پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆز دەكەن؛ كێبڕكێی زۆرینە و سێیەكی پەكخەر

  • ئۆجەلان: ئەم پرسە گەورەیە نابێت بە بیرێكی بچوك لێی بڕوانرێت

  • ئێران هۆشداری دەدات؛ ئیسرائیل گەورەترین بودجەی سەربازیی پەسەند دەكات و ئەمریكاش هێزی زەمینیی زیاتر دەنێرێت

  • توركیا هەڕەشەی دەستێوەردان لە هەرێمی كوردستان دەكات؛ ئەگەر كورد بەشداری جەنگی ئێران بكات

سەرەکی