2026-03-17 279 جار خوێنراوەتەوە

ئیسرائیل كوژرانی لاریجانی و فەرماندەی بەسیجی ڕاگەیاند

هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران چوونەتە ئاستێكی قوڵترەوە

ناوەندی هەواڵ

ئیسرائیل كوژرانی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و فەرماندەی هێزی بەسیجی لە دوو گورزدا لە تاران ڕاگەیاند، ئەوەش لەكاتێكدایە میدیای ئێران نوسراوێكی بە دەستوخەتی لاریجانی بڵاوكردووەتەوە وەك ئەوەی كوژرانی ڕەتبكاتەوە.

ئیسرائیل كاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، رۆژی سێشەممە 17-3-2026 كوژرانی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی ڕاگەیاند، هاوكات كوژرانی غوڵام رەزا سولەیمانی فەرماندەی هێزی بەسیجی ڕاگەیاند، بەوتەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لاریجانی و غوڵام ڕەزا لە هێرشێكدا درەنگانی شەوی ڕابردوو كوژراون.

پێشتر ئەفیغای ئەدرەعی، وتەبێژ بەناوی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی "ئێكس" ڕایگەیاند: هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە ئاڕاستەكردنی هەواڵگری ورد لەلایەن دەستەی هەواڵگری سەربازییەوە، شەوی ڕابردوو توانیی لە هێرشێكدا لە ناوەڕاستی تاران غوڵام ڕەزا سولەیمانی فەرماندەی رێكخراوی بەسیج بكوژێت.

لەلایەكی ترەوە، چوار بەرپرسی ئیسرائیلی ئاشكرایانكردووە، شەوی ڕابردوو لە بۆردومانێكدا عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیان كوشتووە، ئەویش لە یەكێك لە هێرشەكانی شەوی ڕابردوودا لە تاران.

لاریجانی باڵادەسترین بەرپرسی ئێرانییە كوژرابێت، لەدوای كوژرانی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران كە لە سەرەتای جەنگەكەدا و لە 28 ی شوباتی ئەمساڵ كوژرا.

لاریجانی بە دانوستانكاری پێشووی ئەتۆمیی و كەسێكی نزیكی خامنەیی ناسراوە، رۆژی هەینی ڕابردوو بەشداری لە رێوڕەسمی ڕۆژی قودس كرد.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی كوژرانی لاریجانی لەكاتێكدایە، بەیانی ئەمڕۆ پێش راگەیاندنی هەواڵەكە، ئەمریكا پاداشتی دارایی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ هەركەسێك كرد بە خەڵات كە زانیاریی لەبارەی گەورە بەرپرسانی سەربازیی و هەواڵگری ئێران پێبدات، لەوانەش لاریجانی، لە چوارچێوەی ئەو لیستە 10 كەسییەدا كە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە.

لەكاتی راگەیاندنی هەواڵی كوژرانی لاریجانی، ئەو هەژمارە رەسمییەی بەناویەوە لە ئێكس چالاكە، پەیامێكی نوسراوی لاریجانی بڵاوكردووەتەوە كە بۆ ئەو كەشتیوانە ئێرانیانەی نوسیوە ئەمریكا و ئیسرائیل بە ئامانجی گرتوون.

شەوی ڕابردوو دەیان فڕۆكەی جەنگیی ئیسرائیل و ئەمریكا، هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانیان بۆسەر ژێرخانی تاران و شیراز و تەبرێز ئەنجامدا، لەكاتێكدا بەیانی ئەمڕۆش چەند تەقینەوەیەكی بەهێز تارانیان هەژاند.

بەوتەی ئەفیغای ئەدرەعی، ئەو گورزانە چەند بارەگایەكی هەواڵگری و ئەمنیی كردووەتە ئامانج، لەوانەش بارەگای هێزەكانی بەسیج، لەگەڵ پێگەكانی هەڵگرتنی موشەك و درۆن و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی.

لەگەڵ ئەوەی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران پێیان ناوەتە سێیەم هەفتەوە، هێرشەكان زیاتر قورس بوون و چوونەتە ئاستێكی قوڵترەوە، بەشێوەیەك ژێرخانی سەربازیی و ئەمنیی بە ئامانج دەگرن، جگە لەوەی ئەمریكا و ئیسرائیل سەرنجیان لەسەر تێكشكاندنی دەزگای بڕیاردانە لە ئێران، لەگەڵ لەناوبردنی توانا پیشەسازی و ئاسمانیەكان و كۆگاكانی چەك، لەكاتێكدا گوتاری دەسەڵاتدارانی ئێران ئەوەیە كە دامەزراوەكانی وڵات كاردەكەن و سوپای پاسداران و سوپا بەردەوامن لە وەڵامدانەوەی هێرشەكان.

  • ئاڵۆزی و هەڕەشە؛ ئێران بۆ سەردەمی بەردین و گورزی تێكشكێنەر بۆ ئەمریكا

  • جێگرەوەی وشكانی؛ نەوتی عێراق لە كاریگەری هورمز ڕزگار دەكات؟

  • هێرشەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان چڕبوونەتەوە؛ كۆگایەكی رۆنی بەریتانی ئامانجی ئەم بەیانییەی درۆنێك بوو

  • كاریگەری و هۆشدارییەكان؛ بەڵگەكان پشت پەردەی رفاندنی رۆژنامەنوسە ئەمریكیەكە ئاشكرادەكەن

  • کۆڕەو ترس بوو لە مردن یان عەشق بۆ ئازادی؟

  • حەوت گرێ پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆز دەكەن؛ كێبڕكێی زۆرینە و سێیەكی پەكخەر

  • ئۆجەلان: ئەم پرسە گەورەیە نابێت بە بیرێكی بچوك لێی بڕوانرێت

  • ئێران هۆشداری دەدات؛ ئیسرائیل گەورەترین بودجەی سەربازیی پەسەند دەكات و ئەمریكاش هێزی زەمینیی زیاتر دەنێرێت

  • توركیا هەڕەشەی دەستێوەردان لە هەرێمی كوردستان دەكات؛ ئەگەر كورد بەشداری جەنگی ئێران بكات

سەرەکی