2026-09-15
312 جار خوێنراوەتەوە
چوار ساڵ دوای گیانلەدەستدانی ژینا؛ لە شکستی یاسای حیجابی زۆرەملێ وە تا بەردەوامیی خەباتی ژنان
لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٦دا چوار ساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تێدەپەڕێت؛ کچە کوردێکی خەڵکی سەقز کە مەرگەکەی دوای گرتنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە، نەک کردی بە هێمای ناڕەزایەتی، بەڵکو گۆڕانێکی قووڵی لە کۆمەڵگەی ئێران و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست کرد.
ژینا، کە بە ناوی فەرمی «مەهسا ئەمینی» ناسراوە، لە ساڵی ١٩٩٩ لە شاری سەقز لەدایک بوو. ڕۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە لە تاران بە بیانووی نەگونجاوی حیجابەکەی دەستگیر کرا. دواتر لە ناوەندی «وەزرا» دۆخی تەندروستیی تێکچوو، کەوتە کۆما و پاش سێ ڕۆژ لە ١٦ی سەپتەمبەر لە نەخۆشخانەی کەسرا گیانی لەدەست دا. سەرەڕای هەوڵی دەسەڵاتداران بۆ پەیوەندیکردنی مەرگەکەی بە کێشەی تەندروستییەوە، بەڵام شاهیدان و خێزانەکەی باسیان لە نیشانەی لێدان کرد، لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەوڵەتی ئێرانی بە بەرپرسیار زانی.

مەرگێکی پڕ گۆڕانکاری و سەرەتایەکی نوێ لە سەقزەوە
بەخاکسپاردنی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ١٧ی سەپتەمبەر، بووە سەرەتای هەڵگیرسانی ڕاپەڕینێکی مەزن و بەرزبوونەوەی دروشمی کوردیی «ژن، ژیان، ئازادی». ئەم دروشمە لە ماوەیەکی کورتدا لە سەقز و سنەوە پەڕییەوە بۆ تاران و سەدان شاری تری ئێران، دواتر بوو بە دروشمێکی جیهانی.
پەرەسەندنی ڕاپەڕین و دەنگی ناڕەزایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییەکان؛ شارەکانی وەک سنە، مەهاباد، بۆکان، پیرانشار و جوانڕۆ شاهیدی خۆپیشاندانی توند بوون کە تێیدا جگە لە پرسی حیجاب، داوای مافە نەتەوەیی و زمانییەکان و کۆتاییهاتن بە حکومڕانیی توندوتیژ دەکرا، هەرچەندە وەڵامی دەسەڵات سەرکوت، گرتن و کوشتنی خۆپیشاندەران بوو.

کاریگەرییەکانی ئەم ڕاپەڕینە لە شەقامەکاندا بە ڕوونی مابوونەوە و شێوازی ژیانی گۆڕی؛ ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بە ئاشکرا سەرۆشی زۆرەملێیان لابرد و لە کافێ و شوێنە گشتییەکاندا بەبێ حیجاب دەرکەوتن، بە جۆرێک کە نافەرمانیی مەدەنی ببووە دیاردەیەکی ڕۆژانە.

لە نافەرمانیی مەدەنییەوە تا پاشەکشەی یاسایی دەسەڵات لەسەر حیجابی زۆرەملێ
لە ڕووی یاساییەوە، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی ئێران یاسایەکی توندتر بە ناوەی «عەفاف و حیجاب»ی ئامادە کرد، بەڵام لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ جێبەجێکردنەکەی ڕاگیرا. لە ٢٠٢٥یشدا ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز و لێدوانەکانی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەیان بەوە کرد کە جێبەجێکردنی یاسای توندتر کۆمەڵگە بەرەو ململانێ دەبات، ئەمەش دەریدەخات کە هەرچەندە یاساکە بە فەرمی هەڵنەوەشایەوە، بەڵام ڕاپەڕینەکە توانای سیاسی و جێبەجێکردنی بە توندی کەم کردەوە.

چوار ساڵ دوای ڕاپەڕینەکە، میراتی ژینا ئەمینی تەنها لە یادکردنەوەی کچێکی ٢٢ ساڵەدا کورت نابێتەوە. ناوی ئەو بوو بە سنووری نێوان دوو قۆناغ؛ قۆناغێک کە تێیدا پرسی جلوبەرگ لە بابەتێکی تاکەکەسییەوە گۆڕا بۆ پرسی دەسەڵات، مافی تاک، ناسنامە و ئازادیی سیاسی.
دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» کە لە سەقزەوە دەستی پێکرد، ئێستا بۆتە یەکێک لە بەهێزترین دروشمە کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانی هاوچەرخ کە سەرەڕای بەردەوامیی فشار و سەرکوت، کاریگەرییەکانی هێشتا لە کۆمەڵگەدا ڕەنگی داوەتەوە.
-
لە هەوڵی کودەتاوە بۆ پاراستن؛ لە دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگیدا چی وترا؟
|
-
یەکێتی؛ هونەری تواندنەوەی ڕکابەر و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان
|
-
گڵۆپەکەی نەوەی نوێ لە ڕووناککردنەوەی شەقامەوە بۆ تەمومژی هاوپەیمانیی دەسەڵات
|
-
سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران؛ جیاوازی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان و میدیای ئێرانی
|
-
قەیرانی گەرووەکان و هەڵاوسانی بێوێنە؛ هەرێمی کوردستان بێ ستراتیژ بەدیار گرانی و داڕمانی ئابورییەوە
|
-
چەکداماڵین لە گرووپە چەکدارەکان؛ قورسترین تاقیکردنەوەی دەسەڵات لەبەردەم عەلی زەیدیدا
|
-
یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێککەوتوون؟
|
-
ئەمریکا دەستی بە کشانەوە لە هەرێم کردووە بەڵام سیستمی بەرگریی دەهێڵێتەوە
|
-
کێشەی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای داناغاز سەرهەڵدەداتەوە
|
|
|
|