2026-09-15 262 جار خوێنراوەتەوە

قەیرانی بەنزین لە هەرێم و عێراق؛ لەنێوان دروشمی سیاسی و کورتهێنانی ڕاستەقینەدا

 کاتێک نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان هەڵدەکشێت و بارگرانییەکی جدی لەسەر شانی هاووڵاتیان دروست دەکات، هەندێک لایەنی سیاسی و کەسایەتی بەغدا وەک ڕزگارکەری بنەڕەتی لە قەیرانەکە دەناسێنن. بەڵام داتا فەرمییەکان ڕاستییەکی تر دەردەخەن؛ لەکاتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت بەغدا بەنزینی ٤٥٠ دیناری بۆ هەمووان دابین دەکات، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ٥ ملیۆن لیتر کورتهێنانی بەنزین دەبێتەوە.

ئاستەنگی لۆجیستی لە بەندەرەکان و جیاوازیی قووڵی نێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردن، وێستگەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیشی تووشی قەرەباڵغی و ڕیزی درێژ کردووە. ئەمە دەریدەخات کە پەنابردنی سادەگۆیانە بۆ ناوەند، ئاوڕدانەوەیە لە مۆدێلێک کە خۆیشی لە ژێر گوشاری کورتهێناندا دەناڵێنێت.

سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوردەکردنی باری نوێی بەنزین و گازەوە بۆشاییەکان پڕبکاتەوە، بەڵام قەیرانی بەنزین لە هەرێم ڕەنگدانەوەی کێشەی پێکهاتەیییە. لە کاتێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق بەرمیلێک نەوت بە ٤ دۆلار دەپاڵێوێت، ئەم تێچووە لە پاڵاوگەکانی هەرێم دەگاتە ١٦ دۆلار — واتە چوار بەرامبەر— ئەمەش پرسیاری جدی لەسەر شەفافییەتی گرێبەستەکان دروست دەکات.

هاوکات، نەبوونی کۆنترۆڵێکی بەهێزی حکومی و هەژموونی کۆمپانیاکانی سووتەمەنی لەسەر بازاڕ، وایکردووە تەنانەت لەگەڵ پاڵپشتیکردنی نرخی بەنزینی بازرگانیش بۆ ٧٥٠ دینار، نرخەکان لە بازاڕدا لە ١٠٠٠ تا ٢٠٠0 دیناردا بمێننەوە. لە کاتێکدا پێداویستیی ڕۆژانەی هەرێم لە نێوان ٦ بۆ ٧ ملیۆن لیتردایە، بەرهەمی ناوخۆیی و ئەو بڕەی لە بەغدا داوا دەکرێت (١٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو) هێشتا بۆشایی گەورە لە بەدەستگەیشتندا بهێڵنەوە.

کەواتە، چارەسەری بنەڕەتی لە دروشمی سیاسی یان حەواڵەکردنی تەواوی دۆسێکان بۆ بەغدا کۆنابێتەوە؛ بەڵکو لە ڕێککەوتنێکی شەفاف و ڕوون لە نێوان هەولێر و بەغدا، نەهێشتنی دەستی قۆرخکاریی کۆمپانیاکان لە بازار، و دابەزاندنی تێچووی پاڵاوتندایە تاوەکو سووتەمەنی بە نرخێکی شایستە و دادپەروەرانە بگاتە دەستی هاووڵاتیان.

  • لە هەوڵی کودەتاوە بۆ پاراستن؛ لە دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگیدا چی وترا؟

  • یەکێتی؛ هونەری تواندنەوەی ڕکابەر و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان

  • گڵۆپەکەی نەوەی نوێ لە ڕووناککردنەوەی شەقامەوە بۆ تەمومژی هاوپەیمانیی دەسەڵات

  • سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران؛ جیاوازی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان و میدیای ئێرانی

  • قەیرانی گەرووەکان و هەڵاوسانی بێوێنە؛ هەرێمی کوردستان بێ ستراتیژ بەدیار گرانی و داڕمانی ئابورییەوە

  • چەکداماڵین لە گرووپە چەکدارەکان؛ قورسترین تاقیکردنەوەی دەسەڵات لەبەردەم عەلی زەیدیدا

  • یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێککەوتوون؟

  • ئەمریکا دەستی بە کشانەوە لە هەرێم کردووە بەڵام سیستمی بەرگریی دەهێڵێتەوە

  • کێشەی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای داناغاز سەرهەڵدەداتەوە

سەرەکی