خالید قادر 17/01/2026 358 جار خوێنراوەتەوە

سەدەقەی سیاسی

دوێنێ (ئەحمەد شەرع) مەرسوومێکی دەرکرد، کە بە گوتەی خۆی مافەکانی کورد لە سووریا بەدی دێنێت! بەڵام ئەم مەرسوومە لە باشترین حاڵەتدا جگە لە گەوجاندن و فریودانێکی سیاسی، شتێکی تر نییە؛ هەوڵێکیشە بۆ کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان و شەرعیەتدان بە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

چونکە لە بنەڕەتدا، لە رەشنووسی دەستووری عەرەبیی سووریادا هیچ ماف و بڕگەیەکی تێدا نییە کە کورد وەک گەلێک بە سادەترین مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی خۆی بگات؛ وڵات کۆمارێکی عەرەبییە و ئەوانی تر پێکهاتەی بچووکن. کاتێک لە دەستووردا هیچ مافێکت نەبێت، مەرسووم هیچ مانایەکی دڵنیاکەری نابێت، چونکە ئەو جۆرە بڕیارانە بە ئیمزایەک دەردەچن و هەر بە ئیمزایەکیش، هەر کاتێک بیانەوێت، هەمواری دەکەن یان هەڵدەوەشێتەوە.
بۆ گەلێکی وەک کورد کە خاوەن ناسنامە و خاک و مێژوویە، مافی خۆیەتی بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆی بدات؛ ئەوەش نەبێت پێویستە وەک کیانێکی یاسایی دانپێدانراو (فیدراڵی) ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆی بدات و تەواوی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی لە دەستووردا وەک (پێکهاتەی دووەمی دەوڵەت) بچەسپێنرێت، نەک وەک بەخشیشێکی کاتی لەلایەن دەسەڵاتدارێکی بەکرێگیراوەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بە کورد و رای گشتی بفرۆشێتەوە.

پێش هەموو شتێک، کورد کەمینەیەکی کولتووری نییە، نەتەوەیە؛ ئەمەی نووسراوە نە مافە و نە دەستکەوت، بەڵکو سووکایەتییە بە عەقڵی نەتەوەیەک کە لانی کەم لە دوای (سایکس-پیکۆ)وە، زیاد لە سەد ساڵە خوێن بۆ بەدەستهێنانی خاک و ناسنامەکەی خۆی دەدات. کورد نەتەوەی دووەمی ئەم خاکەیە و خاوەن ناوچەیەکی جوگرافی-مێژوویی و نیشتمانیی خۆیەتی، نەک (کەمینەیەکی کولتووری) تا پێویستی بە (سەدەقەی سیاسیی) شەرع بێت. سەبارەت بە پێدانی رەگەزنامەش، ئەمە مافێکی هەرە سەرەتایی مرۆڤە کە لە وڵاتانی تر بە ئاژەڵیش دەدرێت، نەک وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ کورد تەماشا بکرێت؛ لەبری ئەم منەتە دەبوو دەوڵەت داوای لێبوردنێکی فەرمی بەرامبەر بەو ستەمە مێژووییە بکردبا کە عەیامێکە بەرامبەر کوردی رۆژئاوا کردوویانە.

مافی ئێمە تەنیا رەگەزنامە و جەژنی نەورۆز، کە کردوویانە بە (عید الربیع) نییە، تا خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنرێت. تەنانەت زمانی کوردی وەک (لغة وطنیة) دانراوە نەک (لغة رسمیة)؛ واتە زمانێکی رەمزیی بێ پشتگیریی یاساییە کە ناتوانرێت لە دامەزراوە حکومییەکاندا بەکار بهێنرێت.

تەنانەت لە بواری پەروەردە و فێرکردندا، کوردی لە ناوچە کوردنشینەکانیش کە (خوا دەزانێ مەبەستیان کوێیە)، وەک بابەتێکی هەڵبژاردەیی یان وەک چالاکییەکی کولتووری دەستنیشان کراوە؛ واتە (کوردی) زمانی سەرەکی و فەرمیی پەروەردەی ئەو ناوچانەش نییە و ئارەزوومەندانەیە!
مافی ئێمە؛ خاک، ئیدارەدان و بڕیاردانە لە چارەنووسی خۆمان، نەک پێدانی سەدەقە. بۆیە ئەم مەرسوومە دەیەوێت دۆزی نەتەوەیەک کە خاوەنی خاک و جوگرافیایە، کورت بکاتەوە بۆ چەند مافێکی سادەی کەمینەکان.

لێرەوە هەر جۆرە دانپێدانانێک کە لە چوارچێوەی دەستوورێکی فیدراڵی و جێگیردا نەبێت و ناوی (عەرەبی) لەسەر ناسنامەی دەوڵەت نەکاتەوە، تەنیا کاتکوشتن و تەڵەیەکی مێژووییە.
خۆی لە بنەڕەتدا دانووی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەواندا ناکوڵێت، چونکە رۆژئاوا خاوەن سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکە، کە تێیدا گەل، زمان، پەروەردە، پرسی ئازادی، رۆڵی ژن و شکۆی نەتەوە، مانیفێستۆی شۆڕشن؛ جیاوازییەکان ئاسمان و رێسمانن.

هەر بۆیە، ئیرادەیەک کە بە خوێن و قوربانی، مێژووی خۆی نووسیبێتەوە، بە باقوبریقی مەرسوومێکی کارتۆنی لە خشتە ناچێت؛ چونکە متمانە تەنیا بەو راستییە دەکرێت کە لەسەر زەوی و لەناو دەستووردا چەسپاوە، نەک ئەو خێر و سەدەقە سیاسییانەی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە کاتییەکان فڕێ دەدرێن.

هەموو وتارەکانی خالید قادر

سەرەکی