کەمال چۆمانی
23/06/2025
37 جار خوێنراوەتەوە
ئەگەر رژێمی کۆماری ئیسلامی نەڕوخێ، شەرعییەتی شۆڕش و رژێمەکەیان نوێدەکەنەوە
سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بیل کلینتن دەڵێ کە بنیامین نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئێران شەڕی دەوێ چونکە لەڕێی شەڕەوە دەتوانێت بۆ هەمیشە وەک سەرۆک وەزیران بمێنێتەوە. هەژدە ساڵ وەک سەرۆک وەزیران حوکمی ئیسرائیلی کردوە.
داعش راستە بۆ کۆمەڵگای ئێمە، بەتایبەت بۆ ئێزیدییەکان کارەساتبارترین روداوی سەدەی ٢١ بو، بەڵام بۆ سەرکردایەتیی کورد، نیعمەت بو. مەسعود بارزانی بە بیانوی شەڕی داعش، هەم پارلەمانی داخست و رێینەدا کاری خۆی بکا، و هەمیش خۆی سەپاند و تەقریبەن کۆتایی بە ئۆپۆزسیۆن هێنا.
بۆ کۆماری ئیسلامیش، ئەگەر رژێمەکە نەڕوخێ، شەرعییەتی شۆڕش و رژێمەکەیان نوێدەکەنەوە. راستە رژێمەکە زیانێکی مادی گەورە دەکا، ملیاران دۆلار زیانی بەرکەوتوە و گروپێک لە سەرکردەکانی کوژراون، بەڵام تەنانەت ئەگەر تاران بەتەواوی کاول بێ و ملیۆنێک خەڵکیش بکوژرێ، ئەگەر رژێمەکە بمێنێتەوە، بۆ ئەوان سەرکەوتنە و ئەگەری هەیە ناسیۆنالیزمی فارسی بەهێز بکەن بە تێکەڵەیەک لەگەڵ ویلایەتی فەقیه.
پێنج دەیەیە ئێران لەژێر گەمارۆی ئابورییە. لەو پێنج دەیەدا سوپای پاسداران کۆنترۆڵی ئابوری کردوە و نوخبەیەک بونەتە ملیارنێر. ئەوەی زیانی بەرکەوتوە، خەڵکە رەنجدەر و چەوساوەکە بوە.
لەدوای هێرشی عێراق بۆ سەر کوێت و گەمارۆکان بۆ سەر عێراق، ئەوەی ئازاری چەشت بەعسییەکان نەبون، خەڵکی رەنجدەر و چەوساوەی عێراق بو لە بەسرەوە بۆ زاخۆ.
ئەمریکا کاتێک عێراقی داگیرکرد، لای کەم پلانێکی هەبو بە ناوی دیموکراتیزەکردنی عێراق. ئێستا دیموکراسیی ئەمریکا خۆی لەژێر پرسیار دایە.
من دەزانم ئەوانەی دژ بە شەڕن و ئەوانەشی لەگەڵ شەڕن، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە بەسەر شەڕێک لەنێوان دو وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆم ئەمریکای سوپەرپاوەر و ئیسرائیلی هێزی هەرێمی\ریجنەڵ پاوەر، تەنانەت وڵاتانی دژەشەڕیش یان تەنانەت خەڵکی ئەمریکا و سیناتۆر و ئەندامانی کۆنگرێسیش کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر شەڕەکەدا نییە کاتێک ترامپ و بنیامین نەتەنیاهۆ بڕیاردەدەن.
بەڵام گرنگە ئەو روداوانە بۆ ئێمە لە ناوچەکەدا ئینجا لەناو وڵاتی خۆماندا، ببنە عیبرەت کە شەڕ و ململانێ لە سودی خەڵک نییە. ئێستا کە خەڵکی هەرێمی کوردستان موچەی وەرنەگرتوە، نە سەرکردایەتی کورد و نە شیعە و نە سونە بە لایانەوە گرنگ نییە چونکە ئەوان شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن. هیچ لایەنێک ئامادە نییە سازش بکا یان پێکەوە لەسەر میکانیزمێک بسازێن چونکە هەرلایەنە و لە بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیەوە لە کێشەکان دەڕوانێت.
بۆیە گرنگە خەڵکی ئەو ناوچەیەی ئێمە هۆشیارییان بەرزبکەنەوە و بە فیتی نوخبەی سیاسی و میدیای و رۆشنبیریی ئێپنۆناسیۆنالیستی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی و تائیفی هەڵنەخەڵەتێن، ئەگەرنا بەبەردەوامی لەناو بازنەیەکدا دەخولێینەوە و هەمیشە رابردویەک بەرهەمدەهێنینەوە کە تەنها نەفرەت بوە و هەر نەفرەتیش دەبێ.
ئەو قسانەی من نابێ وەک خەون و خەیاڵ تەماشابکرێن، ئەوانە دەبێ لای کەمی چاوەڕوانییەکانی ئێمە بن بۆ ژیانێکی باشتر لەو ناوچەیەدا کە هەموان پێکەوە بەئاشتییانە بژین.
|