عادل عوسمان
23/06/2025
855 جار خوێنراوەتەوە
موچە و سوپای تورکیا
ئەوا لە پەنجا ڕۆژ تێدەپەڕێت کە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە و ئاسۆیەکیش بۆ پێدانی ئەو موچەیە و چارەسەری نیە. لەناو گڕگرتنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و گەیشتنی شەڕ بە تارانی پایتەخت و ترسی تورکیاش بە لێدانی ئەنقەرە، گوایە بەپێی ڕاگەیاندنەکانی هەرێم چوار سەرۆکایەتیەکەی ئێراق پرسی موچەیان تاووتوێ کردووە و وتویانە (باهەرێم پابەندی بڕیارەکانی دادگایی فیدراڵی ببێت، بۆئەوەی ئێراقیش پابەندییە دەستوریەکانی جێبەجێبکات) پابەندییەکانی هەرێم چییە؟
بەپێی دەستوری ئێراقی ئابوری و دارایی لە ناوەندی فیدراڵیەوە بەڕێوەدەبرێت، واتە ئابوری دارایی لەسەرچاوە فیدراڵیەکەی ناوەندەوە نەخشەڕێژدەکرێت و پێویستە هەرێمەکان داهاتە ناوخۆیی و سەرچاوە سروشتیەکان بگەڕێننەوە بانکی فیدراڵی و بەپێی پشکی هەرێمەکان (کە لە ئێراقدا یەک هەرێم هەیە) دیاری بکرێت و هەرێمیش پێویستە پابەندی پێدانی موچە و جێبەجێکردنی پڕۆژە پێویستیەکانی خزمەتگوزاری ببێت! بە هاوڵاتیەکانی.
بەڵام ئایا ئەمە وایە، هەرێم داهات دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوەندی فیدراڵی تا لەوێوە بەگوێرەی پێویستی هەرێم بودجە پێویستەکان بنێردرێت! کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکات و بەشێوازەکەیدا، کە بە ئابوری سەربەخۆ دەستی پێکرد. بەڵام ئایا ئەوە ئابوری سەربەخۆ بوو یان لکاندن و فرۆشتنی باشوری کوردستان بوو بەتورکیا لەژێرناوی ڕێککەوتنی ٥٠ساڵە. کێشەکە لەوێوە دەستپێدەکات. هەرچی لەدەرەوەی ئەوە دەوترێت خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و وەک خۆیشیان دەڵێن ئەوەی بونی نەبێت لە ئەقڵی ئەم دەسەڵاتدارانەدا “خەڵک و نیشتیمانە” وەک چۆن وتیان “نیشتیمان ئەگەر بۆ ئێمە نەبێت تاکە پ ناهێنێت” هەربۆیە نیشتیمان لای ئەوان دەسکەوت، دەوڵەمەندبوون و کاڵای سات و سەوداکردنە.
موچە بۆ نییە و بۆ لەدوای ئەو هەموو هەوڵ و بەناو هەوڵانە بۆچارەسەر ناکرێت؟ دیارە تاخەڵک بە ڕۆڵی تورکیا و سوپاکەی لەداگیرکردنی هەرێمی کوردستاندا هوشیار نەبێت، ناتوانێت تێبگات لە بێ jمووچەیی و لە ناکامی هەوڵەکانی ئەگەر بدرێت بۆ چارەسەری. بۆیە کەناڵی چارەسەری پرسی موچە و بودجە بە سەرڕێخستنی بزوتنەوەی چونە دەرەوەی سوپای تورکە لە باشوری کوردستان. هەموو خەرجی ئەو سوپایە و تۆڕێک لە هاوکارانی بەکرێگیراو و ڕاگەیاندن و بەناو ڕۆشنبیری سەر ڕەشکەرەوە لە پارە و دارایی خەڵکی کوردستان دابین دەکرێت. خۆتەنیا موچە نییە، ئەی ئەو بودجە زەبەلاحە، ئەی ئەو هەموو داهاتە ناوخۆییەی باج و فرۆشتنی نەوت و غاز و گومرک و نەخۆشخانەکان و دەیەها جۆری زێدەکراوی کێشانەوەی پارە لەخەڵک بۆکوێ دەچێت.
هەربۆیە چارەسەری موچە بە جوڵە ساختەکان یەخە گرتنی خەڵکی ناپەیوەند ناکرێت. بەڵکو بە دەرکردنی سوپای تورک، یەخە گرتنی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی پارتی دەبێت. کێشەکەش تەنیا موچە و چینی موچەخۆر نییە، بەڵکو قەیرانێکی گەورەی داراییان دروست کردووە، کە جوڵەی دارای و بونی پارە لە دەورانی سەرمایە و بازرگانیدا نزیک بەسفر کراوە لانی کەم لە ئاستی کۆمەڵگە و بازرگانی چینی ناوین (ئەگەر سەیری قەرزی دوکاندارەکان دەکەیت، لەوە تێدەگەیت) هەموو ئەو پارانە یان لەژێرزەمینەکاندا یان لە بانکەکانی تورکیا و ئەوروپادا دەستیان بەسەردا گیراوە. بۆیە سەرمایەی دارایی هەم خۆی توشی کێشە کراوە، هەم دەبێتە سەرچاوەی کێشەی گەورەی جوڵەی بازرگانی و کڕین و فرۆشتن و جوڵەی بازاڕ.
دۆخی ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گۆڕانکاری گەورە و شەڕی گەورەدا تێدەپەڕێت. تورکیا تەنگاوە لەژێر دوو کاریگەریدا:
• یەک، سیستەم دەیگۆڕێت، ئیتر بۆ گۆڕانکاریەکانی سیستەم تورکیایەکی بێ ناوەرۆکی ڕۆح زل پێویست نییە و وادیاریشە پڕکێشی خۆنەگونجان دەکات لەگەڵ باوکە دروستکەرەکەیدا. بۆیە بەناچاری یان دەبێت قبوڵبکات، یان بۆمبەکان لەئەنقەرەش دەتەقنەوە.
• دووەم، بانگەوازی ئاشتی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ئۆجەلان و تێکۆشانی گەلی کورد ئەوەندەی تر تورکیای تەنگاو کردووە. کەواتە چ پێویستیەکی ترس هەیە کە هەر پارت و هێزێکی سیاسی کە بوێری ئەوەی نەبێت لەم گۆڕانکاری و وەرچەرخانانەدا بەتورکیا و سوپا داگیرکەرەکەی بڵێ بچۆ دەرەوە و لە ئێراقێکی دیموکرات و ئارامدا کێشەی گەلەکەی چارەسەر بکات.
هەربۆیە چارەسەری کێشەکان بە زهنیەتی کراوە و دیموکراتیکانە دەکرێت. زهنیەتی باڵادەستی دەوڵەت نەتەوە و خێڵەکی پێویستی بەڕەخنەگرتنی مەزن هەیە و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمیشدا هەم وەک سیستەم هەم وەک کۆمەڵگەی دیموکراتیک نایەتەوە. کێشەیەک کە هەیە لە خودی کۆمەڵگەدایە، کۆمەڵگە لەدوای گۆڕانکاری خۆناسینەکانەوەیە، بۆیە گۆڕانکاری دروست نابێت. شەڕەکانی لەدژی کۆمەڵگە و دروستکردنی ڕێکخستنە ساختەکانی لەژێر ناوی ئۆپۆزیسیۆندا بێ خەمی کۆمەڵگەی ئاودا و خۆی سپاردە چەمکی (بۆم دەکات) لە کاتێکدا دەبوایەت خۆی بەڕێکخستن بکردایەت و دادگای مێژوی کۆنی شەڕە دەسەڵاتدارەتیەکانی لەدژی کۆمەڵگە بکردایەت و شیکردنەوەی ئاوات و ئامانجەکانی بکردایەت و خۆڕێکخستن و دیموکراسی بە بنەمابگرتایەت، کەچی بە باوکە هەژارانەکان و قیڕەی قازەکان فریوی خوارد و کەوتە ئەم دۆخە خراپەی ژیان کردنەوە.
ئێستەش چارەسەر لەوەدایە ببینە پشت و پەنای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و دروستکردنی بزوتنەوەی دەرکردنی سوپای تورکیا و لێدان لە فرۆشتنی کوردستان و دیموکراتیزەکردنی کۆماری فیدراڵی ئێراق و لێسەندنەوەی یاری و گەمە منداڵانەکەی حکومەتی هەرێم لەسەردەمی زانیاری دەسکرد و پێنەدانی زانیاری و داتاکان و هەڵە و هەر ڕۆژی شاند و شاندکارییەک.
|