سەرتیپ جەوهەر
10/05/2025
43 جار خوێنراوەتەوە
نەوت، كوردستانی كردۆتە ئەسیری چارەنوسێكی تاریك
ئاشتی هەورامیی وەزیری پێشوتری نەوتی هەرێم گوتی نەوت ببێتە 100 دۆلاریش موچە چاكنابێت!
بێگومان ئەو قسەیەی هەورامیی لەخۆڕا نەبوو، راستیدەكرد، چونكە دەیزانی چیان كردووەو چی كراوە! بۆیە ئێستا هەرێم گوایە نەوت دەفرۆشێت كەچی قەردی سەری زیاتر دەبێت و بارودۆخی خراپتر دەبێت.
ئەو ئەزموونەی هەرێم لە دەرهێنانی سامانی سروشتیی، هاوشێوەی ئەزموونی ئەو وڵاتانەیە كە میللەتەكانیان بوونەتە دیل و دەستەمۆی بەرژەوەندی حوكمڕانەكانە دیكتاتۆرو گەندەڵەكانیان. سامانە بەنرخەكانیان، لەبری خۆشگوزەرانیی، بۆتە بەڵایەكی گەورەو ئێستاو داهاتووی لێ تفت و تاڵ كردوون.
سامانی سروشتیی نەوت و كانزاكان، سامانی نەوەكانی ئێستاو داهاتووە، لە كوردستان و ئەو وڵاتانەی ئێستا بەنمونە باسیان دەكەین، نەوت و كانزاكان دەردەهێنرێن و دەفرۆشرێن، بەڵام داهاتەكەی بۆ میللەتەكانیان نییە، بەڵكو لەلایەن حوكمڕانان و كۆمپانیاكانەوە هەرزانفرۆش و شاباش دەكرێت و هیچی بۆ میللەتەكە نامێنێتەوە جگە لە ماڵوێرانیی هەشبەسەریی. ئەو وڵاتانە لەرووی سامانی سروشتییەوە، زۆر دەوڵەمەندن، بەڵام خراپ گرێبەستی خراپ لەگەڵ كۆمپانیاكان و گەندەڵیی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات خەڵكەكەی زۆر هەژار كردووە كە دەكرێت چەندین نمونەو ئەزموون بهێنینەوە:
1- ناورۆ دەكەوێتە زەریای هێمن خوار هێڵی كەمەرەی زەوی، وڵاتێكی بچوكەو ژمارەی دانیشتوانەكەشی زۆر نییە. خاوەنی فۆسفاتێكی ئێجگار زۆر بوون. دەیان ساڵ بوو حوكمڕانانی بەپای پیلان بێ بەرنامە دەریاندەهێناو دەیانفرۆشت تا ساڵی 2000 ئەو كانزایە تەواو بوو، چكی كرد و نەما.
بەرپرسەكانی ئەوەندە دەوڵەمەند ببوون، هەندێجار خێزانەكانیان داوای خواردنێكی تایبەتیان لەوڵاتانی ئەوروپاو وڵاتانی دەوروبەر دەكرد تا بەدیلیڤەریی بەفڕۆكە بۆیان بێت! بەرپرسەكانی هەم سامانەكەو هەم داهاتی ئەم سامانەیان لەماوەیەكی كورتدا بێ بەرنامەو بێ روانین بۆ ئایندەی خۆیان شاباش دەكردو تەخشان و پەخشانیان كرد. ئیدی ساڵی 2000 فۆسفات لەو وڵاتە بەتەواوی كۆتایی هات و خاكەكەیشیان بەتەواوی تێكچوو بەكەڵك كشتوكاڵیش نەما.
ئێستا ئەو وڵاتە بۆتە دەرۆزەكەرو خەڵكی ناورۆ لەسەر گوفەك (خۆڵ و خاشاك) دەژین و هیچ داهاتێكیان نەماوە، گەیشتۆتە ئەوەی ئەو وڵاتە بۆ دەستكەوتنی چەند هەزار دۆلارێك لەئەنجومەنی ئاسایش یان نەتەوەیەكگرتووەكان دەنگی خۆی بفرۆشێت كە پێی دەڵێن (بەكرێدانی سەروەریی). لەكاتێكدا جاران داهاتی ساڵانەی تاك دەگەیشتە 150 هەزار دۆلاری ئێستا، لەئاست ژاپۆن و ئەڵمانیاو ئەمریكا بوو.
2- وڵاتی چاد دەكەوێتە ناوەڕاستی ئەفریقا. ژمارەی دانیشتوانەكەی 18 ملیۆن كەس دەبن. لەحەفتایەكانی رابردوو نەوتیان دۆزیەوەو بەرپرسە گەندەڵەكانیان كوێرانە دەستیانكرد بەگرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا بێ ویژدانەكانی ئەمریكاو ئەوروپا بێ لێكدانەوەی ئایندەی وڵاتەكەیان.
ئێستا چاد نەوتێكی زۆر بەرهەم دەهێنێت، بەڵام داهاتەكەی ناگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتیانیی، بەڵكو پشكی هەرە گەورەی كۆمپانیاكان دەیبەن و بەشەكەی تریشی لەلایەن بەرپرسانیەوە تەخشان و پەخشان دەكرێت! بۆیە ئێستا زیاتر لە 40%ی دانیشتوانەكەی لەخوار هێڵی هەژارییەوە دەژین و لەژیانێكی كولەمەرگی ژیان بەسەردەبەن. ساڵی 2023 لەڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵدا ژمارە 162 بوو لەكۆی 180 وڵات.
3- ڤەنزوێلا دەكەوێتە ئەمریكای باشور، ژمارەی دانیشتوانەكەی (28) ملیۆنە. لەناوەڕاستی حەفتایەكانی رابردوو هەتا سەرەتای دوو هەزارەكان یەكێك بوو لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ئەمریكای لاتینی. جاران یەكێك بوو لە سێ وڵاتی یەكەمی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر ئاستی جیهان.
جاران 3 ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەكرد، ئێستا نزیكەی 500 هەزار بەرمیل. گەندەڵیی حوكمڕانان و خراپی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیاكان داهاتێكی ئەوتۆیان لەنەوت دەستنكەوێت و رووبەرووی دۆخێكی ئێجگار خراپ ببنەوە، بۆیە جاران داهاتی تاك لەساڵێك دەگەیشتە 13 هەزارو 500 دۆلار، بەڵام ئێستا لەنێوان 250 بۆ 400 دۆلارە. بەهۆی خراپی باری ئابورییەوە ئێستا زیاتر لە 7 ملیۆن ڤەنزوێلی وڵاتەكەیان جێهێشتووە بەرەو وڵاتانی دەوروبەرو ئەوروپا.
4- نێیجیریا، ژمارەی دانیشتوانەكەی (230) ملیۆن كەسە، گەورەترین بەرهەمهێن و هەناردەكاری نەوت بوو لە ئەفریقا، لە ساڵی 2008رۆژانە لەنێوان 2.2 بۆ 2.3 ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەكرد، ئێستا ئەو رێژەیە بۆ 1.4 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.
ئەو وڵاتە نەوتێكی زۆر هەناردە دەكات، بەڵام داهاتەكەی بۆ هاوڵاتیانی نییە، بەڵكو بەشی گەورەی بۆ كۆمپانیاكان و دەسەڵاتدارانیەتی كە گرێبەستی زۆر خراپیان لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كردووەو گەندەڵییەكی زۆر لەدەرهێنان و فرۆشتنی نەوت هەیە. ئێستا بەنزیكەی لە 50%ی دانیشتوانەكەی لەژێر هێڵی هەژاری دەژین.
5- كۆنگۆی دیموكراتیی. ئێستا ژمارەی دانیشتوانەكەی دەگاتە 100 ملیۆن كەس. یەكێكە لەو وڵاتانەی خاوەنی زۆرترین كانی كانزایی وەك زێڕو ئەڵماس و مس و كانزای بەنرخی دیكەیە. نزیكەی لە 70% مسی دونیا لەوێ بەرهەمدەهێنرێت، خاوەنی كانی زۆر گەورەی ئەڵماسە..تد. بەڵام بەهۆی گەندەڵیی دەسەڵاتدارانیی و بەقاچاخبردنی بەشێك لەو كانزایانە بۆ دەرەوەو خراپی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریكایی و چینیەكان، داهاتەكەی بۆ كۆمپانیاكان و بەرپرسانی حكومەت و هێزە ئەمنیەكان دەڕوات. سەرباری دەوڵەمەندییەكەی كەچی ئێستا نزیكەی لە 70% دانیشتوانەكەی لەژێر هێڵی هەژاریی دەژین. خاوەنی گەورەترین كانی كانزایە، كەچی كۆمپانیاكان دەستیان بەسەر ئەو كانانەدا داگرتووە هاوڵاتیانی رۆژانە بەكەمتر لەیەك دۆلار لێی كاردەكەن.
خولاسە. هەرێمی كوردستان خاوەنی نەوت و گازو سامانێكی ئێجگار زۆری كانزایە. بەڵام خەریكە هیچی لەدەست خەڵكی كوردستان نەمێنێت. رۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت، بەڵام نازانرێت چەندەو بۆ كێ دەچێت؟ لەبری داهات، لەسەریشی قەردار دەبێتەوە. گەندەڵیی و ناوەرۆكی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كراوە كوردستانی كردۆتە دیل و ئەسیری چارەنوسێكی خراپ. خەڵكەكەشی هەشبەسەرو بێدەرەتان لەچاوەڕوانیی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بوون، كەچی ئێستا لەسایەی ئەم حوكمڕانییە هەموو سەرەمانگێك دوعا دەكەن تەنها موچەكانیان وەرگرن.
|