د. ئیدریس عەبدول کاکە 09/05/2025 362 جار خوێنراوەتەوە

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەرەو کوێ هەنگاو ئەنێت؟

تورکیا لە قۆناعێکی هەستیارو ئاپدەیت سازدایە و پێویستی بەوەیە قۆناغى سەدەی ڕابردوو تێپەرێنێت و دەوڵەتەکەی لەگەڵ سیستەمی نوێی جیهانی هارمۆشن بکات.

لەجەنگی جیهانی یەکەم ئیمبراتۆریەتی گەورەی عوسمانى یەکێک لەدۆراوەکانی جەنگ بوو ، بۆیە دەرئەنجامەکانی جەنگ ئەوەی ئەخواست کە باجی وێرانکاری و تاوانکاری و پاوانخوازی لەسەرانی ئەم ئیمبراتۆریەتە وەربگرێتەوە ، هەربۆیە هاوپەیمانەکان وەکو براوەی جەنگ ویستەکانی خۆیان بەسەر تورکەکاندا سەپاند لە چوارچێوەی ( پەیماننامەی سیڤەر - ١٩٢٠) کە دیاترین بەرئەنجامەکان بریتی بوون لە دادگایی کردنی سەرانی عوسمانى وەکو تاوانباری جەنگ ( بەتایبەت کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان)و بچوک کردنەوەی سنوری جوگرافی دەوڵەتەکە و قەتیس کردنی لەو خاکەی کە تورکەکان خاوەندارێتیان ئەکردو تورک نشینن. ئەمەش ئەستێرەی رزگاری کوردی گەشاندەوەو بوو بەموژدەی دروست کردنی دەوڵەتی کوردی لەسەر ناوچە کورد نشینەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشوی ئیمبراتۆریەتی عوسمانى.

ئەوەی جێگای سەرنجە و مەبەستمانە لێرەدا جەختی لەسەر بکەین، زیرەکی تورکەکان و خودی مستەفا ئەتاتورک بوو کە توانی لەماوەیەکی زۆر کورتتدا بەر بە کاریگەریە نەرێنیەکانی جەنگەکە بگرێت لەسەر تورکەکان و لە رێگای گۆرانکاریەکی سیاسیەوە توانی تورکەکان لە قۆناغى دۆراوی جەنگ رزگار بکات و تورکیا بکات بەدەوڵەتێکی نەتەوەیی نزیک لە هاوپەیمانانی براوەی جەنگ و لە رێگای ( پەیمانی  لۆزان - ١٩٢٣) توانی کۆتایی بە بەشێک لە ناوەڕۆکی ( پەیماننامەی سیڤەر- ١٩٢٠)بهێنێت ، کە دەوڵەتی کوردی یەکێک بوو لەو خەونانەی بوو بە قوربانی ئەو گۆرانکاریانە.

لە ئێستادا تورکیا لە قەیرانێکی راستەقینەدایە و گیرۆدەی خراپی دۆخی ئابوریە و رۆژ لەدوایی رۆژ نرخی لیرەی تورکی لەدابەزیندایە ، جگە لە ململانێی توندی ناوخۆیی کە هەندێکجار دۆخی ئەو وڵاتەی گەیاندۆتە ئاقاری جەنگێکی گەورە. لەلایەکی ترەوە جەنگی چل ساڵەی پارتی کرێکارانی کوردستان هەر چەندە لە ئاستی جەنگێکی ناهاوسەنگ و تەقلیدی بووە بەڵام زیانی گەورەی مادی و مەعنەوی بە تورکیا گەیاندووە و ئەم ململانێیەش لە پاش ٢٠١٢ گۆرەپانەکەی لە تورکیا فراوانتر کردوەو شەری تورکیا و پەکەکەی گەیاندۆتە باکورو رۆژهەڵاتی سوریا و شەنگال و هەرێمی کوردستان.

 تورکەکان بوونی هسد لە باکورو رۆژهەڵات بەمەترسیەکی زۆر گەورە لەسەر خۆیان ئەزانن بەتایبەتی بەهۆی ئەو پەیوەندیە پتەوەی کە لە نێوان هسد و هاوپەیمانان ( بەتایبەتی ئەمریکا و فەرنسا) هەیە. هەرچەندە تورکیا زۆر هەوڵیدا لەرێگای هاوپەیمانەکانیان لەسوریا خۆی لەمەترسیەکانی هسد رزگار بکات بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و دواجار  پاش رێککەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع ، ئومێدی تورکیا بۆ لەناوبردنی رۆژئاوا بوو بە خەونێکی لەبارچوو.

بانگەوازی ئۆجەلان لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥ سەبارەت بە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، زۆر بۆچوونی جیاوازی بەدوایی خۆیدا هێنا کە هەموو بۆچوونەکانیش شایانی تێڕامان بوون ، چونکە کەسانێک وا خوێندنەوەیان کرد کە ئەمە شکستێکی گەورەیە بۆ کورد و بەتایبەت پەکەکە چونکە ناکرێت حزبێک چل ساڵ خەباتی چەکداری خوێناوی کردبێت و لەو رێگایەشدابەهەزاران کەس گیانی خۆیان بەخت کردبێت ئەمرۆ بە بێ ئەنجانم  کۆتایی بەخەبات بهێنن. لەبەرامبەریشدا بۆچونێکی تر ئەوەی بەرێگا دروستەکە ئەزانی و پشتیوانی لێ ئەکرد.

ئێمە لەکاتی بانگەوازەکە و لە ئێستاشدا هەمان بۆچوونمان هەیە کە کورد لەو پارچانەی کە لە قۆناغى خەباتی رزگاریدایە حزب و خەباتی چەکداری بۆ رزگار بوونە لە چەوساندنەوە ، بۆیە هەرکات بەئاشتی رێگای رزگاری و ئازادی بۆ فەراهەم بوو ئەبێت خۆی لە ململانێی چەکدار بپارێزێت و بچێتەوە سەر شارێی کاری سیاسی کە بریتیە لەخەباتی مەدەنی،، دیپلۆماسی و  پەرلەمانی.

تورکەکان لەپاش رووداوەکانی غەزەو سوریا هەست بە  نەخشەرێگای گۆرانکاری جدی ئەکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە هەستیارانە مامەڵە ئەکەن و نایانەوێت ببن بەدۆراوی سیاسی، هەربۆیە پرۆسەی ئاشتی بەتاکە رێگای دەربازبوون لە پێشهاتەکان ئەزانن، بۆیە هەوڵیانداوە بەم رێگایە خۆیان لە کاریگەریانی گۆرانکاریەکان بپارێزن.

هەرچەندە تاکو ئەمرۆش پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا بابەتێکی سانا و بێ ئاڵەنگاری نیە بەڵام بەرژەوەندیە هاوبەشەکان ئەمە ئەخوازن.

ئاشتی بۆ تورکەکان پاراستنی کۆمارەکەیانە لەهەر هەرەشەو گۆرانکاریەک و کۆتایی هێنانە بە حزبێک کە لەزیهنی تورکەکاندا وەکو حزبێکی درندەو تیرۆریست هەرەشە لە گیانی خۆیان و مناڵ و نەوەکانیان ئەکات و رۆژانە تەرمی رۆڵەکانیان بەتابوت و ئاڵای سوری بە مانگ و ئەستێرە نەخشاوەوە بۆ رەوانە ئەکاتەوە.

لەلایەکی ترەوە ئاشتی بۆ ئەمریکیەکانیش رێگاچارەیەکی نمونەییە چونکە بەرژەوەندیەکانیان لەسوریا بەتەواوەتی ئەپارێزێت و لەو هەڵوێستە شەرمەزارکەرە رزگاریان ئەکات کە لەکاتی ململانێکانی کوردو تورک رووبەرویان ئەبێتەوەو چونکە ئەبێت بەهۆکارێک تاکو کێشە لاوەکیەکان فۆکسیان لەسەر بابەتە سەرەکیەکان لابدات.
ئاشتی بۆ پەکەکەش من وای ئەبینم کە سەرکەوتنە، چونکە لەم رێگایەوە رێبەرەکەیان لە زیندان رزگار ئەکەن و بەشێک لەو ئامانجانە بەدی دێنن کە خەباتیان بۆ کردووەو دەسەڵاتی خۆسەری لە باکورو رۆژهەڵاتی سورپا لە دیفاکتۆیەکی مەترسی لەسەرەوە ئەکەن بە کیانێکی یاسایی پارێزراوو لە باشوری کوردستان و عێراقیش زیاتر پێگەی خۆیان ئەپارێزن بەتایبەتی لە شەنگال، لەلایەکی ترەوە پژاک ئەکەن بەهێزێکی بێ ڕکابەری کاریگەر و پڕ چەک بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

پەکەکە لەرۆژانی ٥-٧ / ٥ / ٢٠٢٥ لەدۆخێکی نهێنی و دور لەچاوی مێدیا کۆنگرەی خۆی سازداوەو خۆی هەڵوەشاندۆتەوە وەکو بەدەمەوەچوونی بانگەوازی رێبەرەکەی بۆ ئاشتی ، بەم هەنگاوە پەکەکە هیچ بیانویەک بەدەستی تورکەکانەوە ناهێڵێت و ئەبێت پەرلەمانی تورکیا هەنگاوەکانی خۆی دەست پێ بکات بۆ هەمواری دستورو یاساکان و فراوان کردنی بنەماکانی دیموکراسی لەو وڵاتەدا و دورکەوتنەوە لەشۆفێنیەت و نەتەوە پەرستی .

ئایا هیچ دەستەبەرێک هەیە کە پەکەکە هەڵوەشایەوە تورکیا لە پرۆسەی ئاشتی پاشگەز نەبێتەوە؟ یاخود ئاشتی لەتورکیا بەرەو کوێ هەنگاو ئەنێت؟

هەرچەندە ئاشکرایە ئەم پرۆسەیە بەنێوەندگیری ئەمریکیەکان کراوەو ئەوان ئەتوانن کاریگەربن لەسەر پرۆسەکەو پاراستنی بەڵام لەلایەکی تریشەوە ئەم پرۆسەیە دوولایەنەیە ئەگەر تورکیا پابەند نەبێت پەکەکەش لە هەنگاوەکانی پاشە کشێ ئەکات، هەرچەندە لەوانەیە کەسانێک بپرسن ئەگەر پەکەکە هەڵوەشایەوە و تورکیا پابەند نەبوو ئەوکات پەکەکە نەماوەو دەست بەرداری چەک بووە چۆن ئەتوانێت بەرەنگاری تورکیا ببێتەوە؟
لەراستیدا پەکەکە لەو حزبە سیاسیانە نیە کە لەناو وڵاتدا و لەدۆخێکی ئاسایی و بەرێوشوێنی یاسایی دامەزرا بێت تاکو بە وەرگرتنەوەی مۆڵەتە یاساییەکی دەرگای بارەگاکەی دابخەن ببێت بەمێژوو و کۆتایی بێت، بەڵکو پەکەکە حزبێکی ئایدۆلۆجیە و لەدوای ئەم  هەڵوەشاندنەوەیەدا تەنها ناوەکەی بەکارناهێنرێت و بەبریارێک ئەچێتە قۆناغى مت بوونە، بەڵام  سەرکردایەتی و کادرو ئەندامەکانی ئەمێنن و گەریلا و چەکی ئامادەن هەرکات مەبەستیان بێت بەبڕیارێک زیندوی ئەکەنەوە و هەمان گور و تینی بەبەردا ئەکرێتەوەو دووبارە کاری خۆی ئەکاتەوە.
بۆیە پرۆسەی ئاشتی گومانی چوونە پێشی زۆر زۆرترە لە پاشەکشە، چونکە لەبەرژەوەندی هەموو لایەکدایەو چاوەڕوان ئەکرێت بگات بەئامانج و کوردیش لێی سودمەند بێت.

هەموو وتارەکانی د. ئیدریس عەبدول کاکە

هەموو وتارەکانی د. ئیدریس عەبدول کاکە

هەموو وتارەکانی د. ئیدریس عەبدول کاکە

سەرەکی